عومەر خەتات:
– ڕاستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە کە خەباتی سۆسیالیستی لە دژی سەرمایەداری سەرەتای ئەم سەدەیە لە ئاستی جیهانیدا و بە بەراورد لەگەڵ سەدەی پێشـوو لاوازە. ئەبێت ئەمە بۆ هەموو سۆشیالیستێك مایەی دانپیانان بێت.
– سەرمایەداری جیهانی لە ئێستادا چ لە ڕووی ئابووریەوە وە چ لە ڕووی سیاسیەوە ناجێگیر و لەرزۆکە. لە ڕووی ئابووریەوە سەرەرای ڕووکردنی سەرمایە لە ئاستی جیهاندا بۆ سەرمایەی نیولیبراڵی بەڵام سەرمایەداری لە ئەزمەیەکی قوڵی خۆیدایە و تووشی رکود بووە. لە رووی سیاسیەوە، سەرەرای هەژموونی ئەمریکا دوای روخانی بلۆکی خۆرهەڵات بەڵام لەوە ناچێت دنیای نوێ بە دڵی ئەمریکا بچێتە پێش ئەویش پاش بەهێزبوونی زیاتری رەقیبە ئابووری و ســـــیاسییەکانی تر وەك روسیا و چین.
– کەوتنی بلۆکی خۆرهەڵات لە کۆتایی هەشــتاکاندا لێدانێکی گەورە بوو لە گەشەی کۆمۆنیزم لە ئاستی جیهاندا. بزووتنەوە سۆسیالیستی لە ئێستادا و لە ئاســت دنیـــادا لەو پەڕی بێهێزی خۆیــدایە.
– سۆسیالیزمی سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم درێژکراوەی سۆسیالیزمی سەدەی نۆزدە و بیست نابێت. سۆسیالیزمی نا کرێکاریی سەدەی بیست ئەگەرچی لە بزووتنەوەی سۆسیالیستیەوە هاتوونەتە دەرەوە بەڵام لە یەك پرۆسەی مێژوویدا بوونەتە بزووتنەوەی چینەکانی تر.
– باشترین دیفاع لە مارکس و مارکسیزم بەکارهێـنانی میتۆدی شیکردنەوە یانی مەنهەجی مێژووییــە بۆ دیاردە تازە چینایەتیەکانی سەرمایەداری سەدەی بیست و یەكەم.
– تەواوی ئینێرژی بەشێکی زۆری مارکسیستەکانی ســەدەی پێشوو بۆ ئەوە بوو کە دیفاع لە تیۆریەکانی مارکس بکەن، بەڵام دیفاع لە ئۆرتۆدۆکس کە بۆ خۆی گرنگە بە تەنها زەمانەتی ئەوە ناکات کە جارێکی تر پەیوەست ببــــینەوە بە بزووتنەوەی کرێکاریی و سؤشیالیستی سەدەی بیست و یەکەمەوە. قورسە لە سەدەی بیست و یەکدا بگەڕێیتەوە بۆ بیرمەندێکی سەدەی نۆزدەهەم و لەوەێوە بینــای تیۆریکی بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دابڕێژیت. تەنها زەمانەتێك بۆ پەرینەوەی میراتی مارکس بۆ بزووتنەوەی سۆسیالیستی سەدەی تازە، بەکارهێــنانی مەنهەجیــەتی ئەوە لە مەسەلە تازەکانی خەباتی چینایەتی هاوچەرخ.
– سۆشیالیزم یانی ڕزگاری چینی کرێکار و کۆمەڵگە وە ئەمەش بە هێزی ڕێکخراوی سۆشیالیستانەی چینی کرێکار مەیسەر دەبێت. کاتێك هێزی سۆسیالیستی ناو چینی کرێکار توانی هەژموونی خۆی بکات و تەواوی بزووتنەوەکانی تر لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەدا لەگەڵ خۆی راکێشێت ئەو کات دەتوانێت شۆڕش بکات. بەڵام بە داخەوە بە پێی ئەو موشاهەداتانەی کە هەیە سۆشیالیزمی سەدەی بیست و یەكەم ئەو توانایەی لە ئێستادا نەك هەر نییــە بەڵکو بە تەواوی لە بزووتنەوەکەی خۆیــان دوورکەوتوونەتەوە و سۆشــیالیزم بۆ ئەو بزووتنەوانە چوارچێوەیەکی “شوناسی”ە زیاتر تـــــا بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی مەلموس، ئەمە بۆ هەموو سۆشیالیستێك دەبێت مایەی پرسیار و هەڵوێستی جددی بێت.
دوو نەتیجەگیریی
١/ ناتوانین لە میراتی فیکریی مارکسیزم بێــینە دواوە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکارەوە پارێزگاریی کردن لە مارکسیزم چ لە پەیوەند بە ڕەهەندە فیکریەکەی بۆ ناسینی سیستەمی سەرمایەداریی و چ لە جیاکردنەوەی لەگەڵ مەکتەبە فیکریەکانی تر، ئەرکێکی حەیاتییە.
٢/ خاڵی یەکەم پەیوەندی بە خاڵی دووەمەوە هەیە، ئەوەیش ئەوەیە کە دیفاع لە مارکسیزم لە ئێستادا و لە هەموو کات زیاتر بووەتە دیاردەیەکی نێونەتەوەیی.
میراتی مارکس
119