Home باسی سیاسی جەنگی نێـــوان ئیسلامییەکانی فەلەســتین و دەوڵەتی ئیسرائیل و چەند سەرنجێکی خێرا!

جەنگی نێـــوان ئیسلامییەکانی فەلەســتین و دەوڵەتی ئیسرائیل و چەند سەرنجێکی خێرا!

by admin
0 comment

عومەری خەتات:
یەکەم:
پەلامار و هێرشــــەکانی چەکدارەکانی حەماس و جیهـــادی ئیسلامی بۆ سەر چەند شارێکی دەرەوەی غەززە و کوشــتن و بەدیلگرتنی سەربازان و خەڵکی ســـیڤیلی ئیسرائیل بە شێوەیەکی دڕەندانە، پەیوەندی بە ستەمێــکەوە نیــیە کە فەلەسـتینیەکان ســاڵەهایە لەژێر ئاپـارتایدی ڕژێمە هارەکانی ئیسرائیل بە دەســتیەوە دەناڵێنێت. بە پێچەوانەوە، ئەم هێرشـــانە، کێشەی قەدیمی فەلەستین- ئیسرائیل، قوڵتر و خوێــناویتر دەکاتەوە و پرسی نەتەوەیەك دەگوڕێت بە جەنگێکی “ئایــینی” ماڵوێرانکەر . لە بەرامبەر ئەم هێرشــانەدا، ناتانیـــاهۆ و ســـەرانی سوپا دڕەندەکەی ئیســـرائیل دەســتیان کردووە بە کاولکردن و خاپور کردنی شـــاری غەززە و هەڕەشەش دەکەن کە دەبێ ئەم شــارە بەسەر حەماســــدا وێران بکەن!
ئەوەی ئێستا لەپێش چاومـــــاندا نمایش دەکرێت، سـیناریۆیەکی ڕەشی هێزە ڕەشەکانی دوو بەرەی خوێنرێژن و تاکە لۆژیك تێیدا، هەڕەشە و خوێــنڕشــتن وخاپور کردنە. باجی ئەم لۆژیــکە خوێــــــناوییە بە تەنهــا دەکەوێــتە سەرشانی خەڵکی ســیڤیڵی فەلەســتین و ئیســرائیلەوە کە هیــچ بەرژەوەندیــیەکیــان لە درێژ کردنەوەی ئەم کێشمەکێشەدا نیــیە.
چوونەپاڵی هەریەکێــك لەو دوو بەرە کۆنەپەرســتە، بەشــداریکردنێکی ناڕاســتەوخۆیە لە پەرەپێـــدانی نا ئارامی و تووندوتیژیی و شەڕ و تەســلیم کردنی خەڵكە بە چارەنووســێکی ڕەش و نــــادیار. من لەوە ئاگادارم کە ئیســلامییەکان هەر لە ئێســتاوە دەســــتیان کردووە بە هەلهەلەکێشـــان و کەمپیــنسازیی بۆ کۆکردنەوەی پارە و پوڵ و ڕاکێشــانی هاوسۆزیی بۆ چەکدارە ئیســلامییەکان [هەر ئەم ئیســلامیانەی کە لە بەرامبەر قەتڵ و عام و جینۆسایدی هەرەرۆژەی دەوڵەتی فاشــیستی تورکیادا کە لە سەرکوتدا هیچی لە دەوڵەتی ئیسرائیل کەمتر نیـیە، سەر شۆڕ دەکەن و بێدەنگن]. بەڵام بە پێچەوانەی دیدیگای دابەش بوون بەسەر دوو بەرەی سەرەکیــدا، ڕێگەی ســیهەمیش هەیە کە نە لەگەڵ دەوڵەتی سەرکوتگەری ئیســرائیلە و نە لەگەڵ ڕەوتە ئیســــــلامییەکانیشە و لە دژی شەڕ و تووندوتیژی و راگەزپەرســتیش دەوەســتێتەوە لە هەر لایەکەوە بێت!
دووەم:
هێرشە سەربازیــیەکانی حەماس و جیهـــاد، سەرسوڕمانێکی گەورەی جیهـــانی بە ئازایەتی و جەسووریی کۆمەڵێك چەکداری کەم لە بەرامبەر گەورەترین ماشـــــێنی جەنگی ناوچەکە دروســت کرد، بەڵام ئەم سەرسوڕمان و سەرکەوتــنە کاتیــیە لە درێژماوەدا ئاوێــکە و دەکرێــتە ئاشی ڕەگەزپەرســتی حکومەتەکەی ناتانیـــاهۆ و بەرەی ڕاســــــتی ئیسرائیلەوە. ئەو خزمەتەی حەماس و جیهــاد لەم کارەدا بە ئیســرائیلی دەگەێــنن، لە لایەك کۆمەکێــکی گەورەی کرد بە یەکڕیزکردنەوەی هەموو باڵە ڕاســتەکانی ناو دەوڵەتەکەی ئیســرائیل کە ساڵانێکە تووشـی قەیران هاتبوو و ڕیزەکانی شلوێ بوبوون. لە لایەکی تریشەوە پرۆژە وەســتاوەکانی “نیشتەجێبوون” و داگیرکردنی زەوی فەلەســتینیەکان و تووندکردنەوەی یاسا ڕەگەزپەرســتیەکانی ژمارە (١٠١) و (١٦٥١) دژ بە فەلەســتینیەکان خێراتر دەکات! کەواتە لە درێژماوەدا ئەم کارە سەربازیــیەی ڕێکخراوە جیهــادییەکان خزمەت دەکات بە ئیســرائیل و ســیستەمە ئاپارتایدەکەی!
ســێهەم:
حکومەتی ئیســرائیل لە دروســتبوونیەوە تا ئێســتای، حکومەتێکی ئاپارتـــاید بووە! ئاپارتاید یانی ســیستەمی جیاکاری وپەراویزخســتنی رەگەزپەرســتانە لە دژی گەلێك کە لێرەدا فەلەســتینیەکانن!
بۆ ئەوەی لە ئاپارتایدی ئیسرائیلیــیەکان بگەین کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی فەلەســــتینییەکان هەیە، پێویســتە بگەڕێــینەوە بۆ ئەو “یاســا عورفیـــە” سەربازیـــانەی کە بەپێی فەرمانە سەربازییەکانی ئیسرائیل ژمارە (١٠١- ساڵی ١٩٦٧)و ژمارە (١٦٥١- ساڵی ٢٠١٠) دامەزراوون وتایــبەتن تەنیــا بە فەلەســتینیەکان. لە ئەنجامدا، دانیشـــتوویەکی ئیسرائیلی، کە ملکەچی یاسا مەدەنییەکانە و بە پێی ئەو یاسا مەدەنیـــانە هەمیشە بێتـــاوانە تا ئەو کاتەی تاوانەکەی دەسەلمێنرێت، بەڵام فەلەســتینییەك هەمیشە تاوانبارە تاوەکو بێتاوانیــیەکەی دەسەلمێنرێت. ئەمە ئەو ســیستەمی ئاپارتایدەیە کە “تامیر پاردۆ”، سەرۆکی پێشــووی مۆســـاد، لە لێدوانێـــکیدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە ڕۆژی ٩/٤ ی ئەمســاڵ، دانی پێــدا دەنێت و دەڵێت: خاکێك کە دوو گەل لە ژێر دوو سیســتەمی یاسایی جیاوازدا دادگایی بکرێن، دەوڵەتێـــکی ئاپارتایدە”!.
یەکێـــك لە نموونە باوەکانی ئەم ناهاوسەنگییە ئیـــداری و یاسایــی و هەڵبەت ســـیاسییەش، بەرزی ڕێژەی زیندانیانی فەلەستینییە کە لە ڕێگەی “دەستبەسەرکردنی ئیداری”ەوە زیندانی دەکرێن. ئەم جۆرە دەستبەسەرکردنانە، بەبێ دادگاییکردن، بەبێ ئاگادارکردنەوەی زیندانی یان خێزانەکەی لەو تاوانەی ئەنجامدراوە و بەبێ دەســتنیشان کردنی کات و ماوەی زیندانی کردنەکە بەڕێوە دەچێت!. لەناو ئەو زیندانیـــانەدا منداڵی زۆری تێدایە.
هەڵبەتە ئەم جۆرە مامەڵە ڕەگەزپەرســتانەیە لە هەندێك ناوچەی کەناری ڕۆژئاوا زیاتر هەســــتی پێدەکرێت تا هەندێك شوێنی تر!
بۆ تێــگەیشتن لەمە دەبێ ڕۆبچــینە ناو نەخشەی دابەش کردنی خاکی فەلەســتین. سێ “زۆن” خاکی فەلەستین دابەش دەکەن و کاریگەریــیەکەی بە پێی جۆری داگیرکاریی ئەو ناچەیە بۆ دانیشتووانەکەی دیاری دەکرێت.
لە ساڵی ١٩٩٥ ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆی دووەم بڕیــــــاریدا کە کەناری ڕۆژئاوا West Bank دابەش بکرێت بەسەر ناوچەکانی A و B و C دا. ئەم دابەش کردنە کاریگەرییان لەسەر توانای سوپای ئیسرائیل هەیە بۆ دەستێوەردان لە بابەتە مەدەنی و سەربازییەکانی کەناری ڕۆژئاوادا. ناوچەی A: “بریتیــیە لە هەشت شارە سەرەکیــیەکەی فەلەستین لە کەناری ڕۆژئاوا کە لەسەدا ١٨ی تەواوی خاکەکە پێکدەهێــنێت”… لە ڕووی تیۆریەوە، لە ژێر دەسەڵاتی ئیداری و سەربازی دەسەڵاتی فەلەستیندان، بەڵام لە واقیـــعدا، هەر بڕیارێکی ئەمان دەبێت بە نێوەندگیری و پەسەندکردنی ئیسرائیلـــییەکاندا تێپەڕ ببێت. لە ناوچەی A، ئیسرائیلییەکان ناتوانن نیشتەجێبوون پیادە بکەن. ناوچەی B: “لەسەدا ٢٢ی کەناری ڕۆژئاوا”، وەك ناوچەیەکی پارێزەری- عازل لە نێوان ناوچەکانی A و C دادەنرێت. لەم ناوچەیە، ئیدارەی مەدەنی، واتە “تەندروستی گشتی، قوتابخانە و ..تـــاد”، دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی فەلەستینیەوە. بەڵام کۆنترۆڵی ئەمنی لە دەستی هێزەکانی ئیسرائیلدایە. سەیر ئەوەیە کە زۆربەی کەمپــــەکانی پەنابەرانی فەلەستینی لەم ناوچەیەن و هەفتانە، هەندێکجاریش ڕۆژانە، لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لەشکرکێشییان بۆ دەکرێت.
لە کۆتایـــیدا ناوچەکانی C دێن کە لەسەدا ٦٠ی خاکەکە پێکدەهێنن. لە ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆی دووەمدا هاتووە کە دەبێــت ئیسرائیل وردە وردە ئەو زەویــــانە بگێڕێتەوە بۆ ئیدارەی دەسەڵاتی فەلەستین. لە ئێستادا ئەم ناوچانە بە تەواوی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە و گەورەترین پرۆسەی نیشتەجێبوون و فراوانخوازی تێــدا ئەنجام دەدرێت. فەلەستینیەکانی ناوچەی C ، بە تەواوی لە ژێر ڕەحمەتی یاسای عورفیــدان. زەوییــە کشتوکاڵەییەکانیان دەدزرێن، لە ماڵ و زەوی و قوتابخانەکانیـــان دەردەکرێن و بە زۆر ئاوارە دەکرێن. نە دەسەڵاتی فەلەستین قەرەبووی زەرەرەکانیان دەکاتەوە و نە ئیسرائیلیش!. ئەو فەلەستینیانەی کە لە ناوچەی C دا دەژین، زۆرترین بەرکەوتەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و ڕاســـتڕەوە تووندڕەوەکانن. لەم ناوچـــانەدایە کە هەوڵی پاکتاوکردنی نەتەوەیی دژی فەلەستینییەکان بە ئاشکراترین شێوە دەردەکەوێت!.
لە بەرنامەیەکی گفتوگۆییـــدا، “ئیتامار بن گڤیر- وەزیری ئێستای ئاسایشی نیشتمانی لە حکومەتی بنیامین نەتانیاهۆ”، لەم دوایــیەدا بە ئاشکرا دانی بەو ئایدیۆلۆژیـــا جیاکاریی و ڕەگەزپەرســـتانەیەی دەوڵەتی ئیسرائیل نا و ووتی: “مافی من، مافی ژن و منداڵەکانم بۆ هاتووچۆ لە نێوان یەهـــودا و سامەریا [زاراوەی ئینجیلی بۆ کەناری ڕۆژئاوا]، زۆر گرنگترە لە مافی جوڵەی عەرەبەکان”!.
قسەیەك بۆ کۆتـــایی..
فەلەســتینییەکان لە ئێســتادا گیرۆدەی دوو هێزی فاشــیستین، فاشــیزمێکی دەوڵەتی کە پایەکانی لەسەر جیاکاری ئیتنیکی و نەتەوەیی دروســت بووە و دەوڵەتی ئیسـرائیل نوێــنەرایەتی دەکات، لەگەڵ فاشــیزمێکی ناوخۆیی کە حەماس و جیهادی ئیســلامی بۆ ئەجیــندای ســیاسی- ئایــینی خۆیان بەکاری دەهێــنن. بە داخەوە تا ئەو کاتەی کە پرســـی نەتەوەی فەلەستین بە دەســتی حەمــاس و رێکخراوە ئیسلامییەکانی ترەوەیە، ناتوانرێت کەمترین هاوپشــتی لە بەرەی ئازادیخوازی جیهـــانییەوە بەدەست بهێنێت.
کێشمەکێشی خوێـــناوی ئیسرائیل و فەلەســتینیەکان کاتێـــك کۆتایی دێت، کە ســسیتەمی ئاپارتاید و ڕەگەزپەرســتی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵبوەشــێتەوە. ئەمە تاکە ڕێــگەیەکە بۆ بەرپاکردنی ئاشـــتییەكی تۆکمە لە نێوان خەڵکی فەلەســتین و خەڵکی ئیسرائیلدا، بەبێ ئەم ڕێگەیە، چارەسەری ئەم کێشمەکێشە لە دەســتی بەرەی ڕاســتی ئیسرائیلی و فەلەســتینیدا دەستاودەست دەکات.

٢٠٢٣/١٠/٨

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن

گەلەری

ڤیدیۆ

 @2023 – Omerkhatat.com. All Right