Home باسی سیاسی ڕیشـــەکانی “تیرۆریزم”!

ڕیشـــەکانی “تیرۆریزم”!

by admin
0 comment

عومەری خەتات:

دوو ئەکشــنی سەربازی!

یەکەم:
سەرەتای ئەم مانگە، لە هێرشـــێکدا بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورکیا، دوو گەریلای پەکەکە، خۆیان دەتەقێــــننەوە. ئەگەرچی ئەم ئاکشــنە لە ڕووی عەسکەرییەوە ڕەنگە زۆر زیــان نەگەێــنێت بە دەوڵەتی تورك، بەڵام لە ڕووی ســیاسییەوە پەیـــامێكە و دەگەێـــنرێتە گوێی ئەردۆغان و دەسەڵاتە فاشــــــــییەکەی کە ئێمەش دەســتمان پێتان دەگات، ئێمەش دەتوانیـــن لە ناو ماڵە ئامنەکەی خۆتـــاندا هەراســانتان بکەین و نا ئارامیـــتان بۆ بهێــنین!.

دووهەم:
پێش چەند ڕۆژێــك، چەکدارانی حەماس، بە تێکەڵەیەك لە ئامرازە سەرەتاییەکانی ئاسمانی و دەریایی و وشکانی، هێرشێکی سەرسوڕهێنەر و زۆر بوێرانەی ئەودیوی ناوچەی سنووری نێوان کەرتی غەززە و وڵاتی ئیسرائیلیــــان دەستپێکرد. نمایشە سەربازییەکەی حەماس، بیرخســتنەوەیەکی بەهێزە بۆ گەل و حکومەتی ئیسرائیل کە سەرەڕای هێز و ماشــێنی سەربازیی زەبەلاحتـان، بەڵام دەســتمان دەتانگاتێ، لە ڕووی ســایکۆلۆژیــییەوە شکاندنی گەورەترین زیـــندانە کە ناوی غەززەیە و لە ڕووی ســیاسییشەوە پەیـــامێکە بە ئیسرائیل دەدرێ کە بەبێ ئاشتی، ئاسایش و بەبێ دادپەروەری ناتوانرێت ئارامی هەبێت!
.
هەردوو ئەکشــنە سەربازیــیەکە لە ئاســتی ناوخۆی ئەو وڵاتانە و لە ئاستی نێونەتەوەیشـــدا کاردانەوەی گەورە و جۆراوجۆری لێکەوتەوە، هەم بە دژ و هەم لەگەڵ! ئەوانەی کە دژی ئەم ئەکشــنە سەربازیـــانە بوون، بەشــێکی زۆری وڵاتانی پرۆ ئیسرائیل و پرۆ تورکیــا و نیهادە نێودەوڵەتییەکانیان و مێدیای ڕاســت و پرۆغەربی بوون کە ئەم کارانەیــان بە کاری “تیرۆریســتی” لە قەڵەم دا و داوای سزای تووندی ئەنجامدەرانیان کرد و گڵۆپی سەوزیـــان دایە هەردوو سوپای فاشــیستی تورکیا و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی کاولکاریی و کوشتوبڕی ئەنجامدەرانی ئەم کارانە. ئەوەتـــا هەردوو سوپا لە ژێر ناوی “پاراســتنی ئەمنیەتی نیشتیمانی” دەســتیان کردووە بە بۆردومان و سوتاندن و کاولکاردنی شار و دێهــــات و کوشتوبڕی خەڵکی سیڤیل و بێدەرەتان و بێ پەنــــا بەبێ ئەوەی شعور و ویژدانی ئەوەی پێی دەڵێن “دنیای مەدەنی” جوڵەیەك بکات.!

هەردوو ئەکشــنەکەی پەکەکە وحەماس خوێـــناوی و دڕندە دەردەکەوون. لێرەدا پرســیاری ئەوەی کە چی وا دەکات ئەو ڕێکخراوانە پەنـــا بەرنە بەر کاری سەربازی لە چەشــنی خۆکوژی شەڕەڤانانی پەکەکە و کاری تیرۆریستی لە چەشــنی ئەوەی حەماس، پرســیارێکی بەجێیــە؟ بەڵام پێش ئەوەی بکەویــنە هەڵوێســتی سەتحیــــانەی ئیدانە و پشتگیری لەو کارانە، یان پێنـــــاسەی هەر یەکێك لەو هێزانە، مەنهەجی بیرکردنەوە وا دەخوازێت کە بگەڕێــــین بە شوێن ئەو هۆکارانەی کە پەکەکە و حەماس دەکاتە تیرۆریســت و ئاکشــنە سەربازیــیەکانیشــیان بە کاری تیرۆریســتی!
ڕیشــەی هۆکارەکە پێش ئەوەی ئایدیۆلۆژی پەکەکەیی یان ئایــینی حەماس بێت کە بەشــێکی وەڵامەکە لێرەشــدا چنگ دەکەوێت بە تایــبەتی لای حەمـــاس کە ئەجێندایەکی ئیســلامی تووندڕەوی هەیە، دەگەڕێــتەوە بۆ زەمیــنەیەکی ماددی تر کە لە تیرۆریزمی دەوڵەتیی دوو دەوڵەتی تا سەر مۆخ میلیتاریستی و فاشــیستی تورکیــا و ئیسرائیلدا خۆی بەیان دەکات!. بەبێ قسەکردن لەو زەمیـــنە مادییــانەی کە هەر جۆرە ئۆپۆزیسیۆنبوونێكی ئەم دوو دەوڵەتە [چ لای هەردووکیــان یان لای بیرکردنەوەی دەوڵەتانی خۆرئاوای هاوپشــتی ئەم دوو دەوڵەتە]، دەخاتە خانەی تیرۆریزیمەوە، ناتوانین هەڵوێســتێکی زانســتی و لۆژیکی لەسەر ئەو مەسەلەیە بدەین و لە کۆتایـــیشدا هەڵوێســتەکانمان ئینتیقائی و حەماسی و سۆزدارانە و سەتحی دەردەکەوون!.

بۆ ئەوەی لەوەش بگەین کە بۆچی ئەم دوو دەوڵەتە، لانی کەم لە پێنــاسەی مندا، دوو دەوڵەتی “تیرۆریزمی دەوڵەتی”ن، پێویست دەکات کەمێك بە مێژووی دروستبوونی ئەم دوو دەوڵەتەدا ڕۆبچــین و ئەوە دەربخەین کە ئەم دوو دەوڵەتە لەسەر بنــەمای ناسیونالیزمێکی تاسەر مۆخ فاشیســت و ئایدیۆلۆژیــایەکی ئاییـــنی تووندڕەو دروســتبوون، خاڵی یەکگرتنی هەردووکیــان بە جیا لە ئایدیــــۆلۆژیا دەوڵەتیــیەکەیان، میلیتـــاریزمە! یانی دەوڵەتی سەربازیــیە!

ئیسرائیل و تورکیـــا: دوو هێزی کۆلۆنیـــالیستی سەرکوتگەری نازدار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئەو کۆمەڵگەیــانەی کە لە ڕێی زۆرداریــیەوە داگیر و دابەش کراوون و خەڵکە ڕەسەنەکەی تــــــــــــێدا ئاوارە کراوە، کۆمەڵگەیەکی ئاپارتایــد و سەربازیین، چونکە هەمیشە بەرەنگاریی لە دژی داگیرکەر سیفەتێکی خەباتکــــارانەی خەڵکەکەیەتی. ئیسرائیل وتورکیـــا دوو نموونەی ئەو کۆمەڵگە سەربازیـــانەن کە لە سەردەمی ئێمەدا بوونیــان هەیە!.

تورکیــــا:

تورکیـــا مێژوویەکی ســیاسی ئاڵۆزی هەیە. گۆڕانی ســیاسی لە ئیمپراتۆریــیەتی عوسمانییەوە بۆ دەوڵەتی تورکیای تازە لە ڕێگەی کۆمەڵێك ئەفسەر و سەربازەوە بەرێوەچوو کە ئەتاتورك سەرکردایەتی دەکرد، هەر ئەمەش بووە بەردی بنــاغەی داڕشــتنی ســیاسی وڵات لە لایەن سوپاوە کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.
لەدایك بوونی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ وەك خاڵێکی پچڕانی مێژوویی دەخرێتەڕوو کە هێمایە بۆ دابڕان لە نێوان دوو شارستانییەتی جیاواز و ئایندەیەکی پێشکەوتنخوازانە و سەرهەڵدانی “کولتووری ڕاستەقینەی تورك” کە ڕەوتی مێژوو بە شێوەیەکی چارەنووسساز دەگۆڕێت. بە پێی تێگەیشتنی کۆماریــــیەکان، “جەوهەری تورکیا”یەکی ڕاســتەقینە بە درێژایی مێژوو بوونی هەبووە و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای نوێــدا ئەمە هاتۆتە دی. دەوڵەتی تازە، تورکەکانی لە گەلێکی بێ مێژوو و شارســتانییەوە گۆڕی بۆ میللەتێکی خوڵقێنەری هەموو شارستانیەتەکان، بەڵام پرەنسیپێکی گرنگ و بناغەیی لەم “شارستانییەدا” هەبوو، ئەویش توخمی هەڕەشە بوو، ‌هەڕەشەی ناوەوە و هەڕەشەی دەرەوە کە دەبوو ئەم هەڕەشـــانە لە ناو ببرێن چونکە وەك دژایەتی بۆ “جەوهەری ڕەسەن” چاو لێدەکرا. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەك دەوڵەتێکی میلیتاریستی پێناسە کرا و جێنشینی کۆماری تورکیاش وەك نەتەوەیەکی میلیتاریستی پێناسە کرا؛ بەڵام جیاوازتر لە عوسمانییەکان، کەمالیــیەکان پێیان وایە باو و باپیرانی تورکەکان (خێڵە کۆچەرییەکانی تورك) بە هۆی لێهاتوویی باڵای جەستەیی و سەربازییەوە وەك سەرباز لەدایك بوون.
پرسی کەمینە نەتەوەیی و ئایینــــییەکان بە تایبەتی لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا یەکێك بوو لە مەسەلە کێشەدار و مەترسیدارەکان بۆ کۆمارە تازەکە. بۆ نموونە لە کتێبی خوێندنی مێژوودا، تورکەکان بە “ڕەگەزێکی باڵادەست کە دەوڵەت و شارستانییەت و کۆمەڵگەی جۆراوجۆریان لە سەردەمی مێژوویی و پێش مێژوودا دروستکردبوو” پێناسە کرا. ئەم کتێبە دەرسیانە ساڵانێکە لە قوتابخانەکاندا بەکاردەهێنرێن.

دەوڵەتی تورك لە سیەکانی ســـەدەی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆری دا بۆ نووسینەوەی مێژووی تورك ئەویش بە جیاکردنەوەی لە ڕابردووی دەوڵەتی عوسمانی کە ئیمپراتۆریەتێکی[ فرە نەتەوەیی، فرە ئایینی و فرە زمانەوانی] بوو. ئامانجی ئەم هەوڵە، دروستکردنی ناسنامەیەکی یەکگرتووی “تورك” بوو. بۆ ئەم مەبەســتە، واتـــە “دۆزینەوەی” ڕابردووی پێش ئیسلامی تورکەکان و دووبارە نووسینەوەی ئەم مێژووە لە کتێبی قوتابخانەکاندا، “کۆمەڵەی مێژووی نەتەوەیی” لە ساڵی ١٩٣١ دامەزرا و مێژوویەکی نوێ بە فۆرمێکی ڕەگەزپەرســتانە بۆ نەتەوەی تورك نووسرایەوە!. یەکێك لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکە، مێژوونووس و زڕکچەکەی ئەتاتورك بوو بە ناوی Afet Inan. ئەو لە کتێبی “رزگاریی ژنانی تورك”، کە لە ساڵی ١٩٦٢دا بڵاوکرایەوە، دەڵێـــت: کە ژنانی تورك لە چاو پیــاواندا و لە پێش ئیسلام پێگەیەکی یەکسانتریان هەبووە لە ژیاندا! لە هەمان لێکۆڵینەوەدا هاتووە کە گروپەکانی وەك کورد و لاز و چەرکەسییەکان بنەچـــەیەکی تورکییـــان هەیە، بەڵام لەبیریان کردووە، هەربۆیە پێویستیان بەوەیە “دووبارە پەروەردە بکرێنەوە و ڕەگ و ڕیشەی ڕاستەقینــــەی خۆیان بیر بخرێتەوە”. ئەمە وایکرد کە سیاسەتەکانی بە تورککردن بە شێوەیەکی توندوتیژ بچێــتەپێشەوە تا ئاســتی قەدەغەکردنی قسەکردن و فێربوونی زمانی کوردیی! (قەدەغەبوونێك کە تەنها لە سەدەی بیست و یەکەدا کەمێ شل بووەوە)!. ســیاسەتەکانی فاشیزم و هەوڵی لەناوبردنی کورد لە تورکیای کەمالیــــدا بووە هۆی لەباربردنی چــــەندین بزووتــــنەوەی بەرەنگاریی کوردان، لەوانە “کۆمەڵکوژییەکەی زەیلان” لە ساڵی ١٩٣٠ و لە پاش بڕیاری دەوڵەتی تورك بۆ بە تورك کردنی هەموو نەتەوە و کەمینە نەژادی و ئاییــنیەکانی تورکیا بەڕێوەچوو. بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی قوربانیـــانی کوردان لەو کۆمەڵکوژیـیەدا گەیشتۆتە ٤٧ هەزار کەس!. هەروەها کوشتارگەی دەرسیم لە ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨ کە تیایدا یاخیبوونێــك لە ڕێگەی بۆردومانی ئاسمانییەوە سەرکوت کرا و نزیکەی ٤٠ هەزار کەسی تێــدا کرایە قوربانی کە زۆربەیـــان کورد و عەلەویــیەکان بوون. هەر ئێســـتاش سوپاکەی ئەردۆغـــان بەرامبــەر کوردانی باکور و ڕۆژئـــاڤا و تــانانەت باشوریش هەمـــان ئەو کارە دەکات کە لە سەرەتای دروســتبوونی دەوڵەتی تورکیـــاوە بەرامبەر بە کورد ئەنجامی داوە.
سەبیحە گۆکچین، یەکێك لە هەشــت کچەکەی ئەتاتورك بەخێوی کردوون، لە ساڵی ١٩٣٧ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی دەرسیمدا کردووە و بووەتە یەکەم فڕۆکەوانی شەڕکەری ژن لە جیهـــــاندا. لە بیرەوەریــیەکانیدا سەبارەت بە وەڵامی ئەتاتورك بۆ سەرکەوتنەکانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ئەنقەرە دەنووسێت: “شــــانازیت پێوە دەکەم گۆکچین! نەك تەنها من، هەموو ئەو میللەتە تورکەی کە زۆر لە نزیکەوە بەدواداچوونیــــان بۆ ئەم ڕووداوە کردووە شانازیتــــان پێوە دەکەن…

ئێمە نەتەوەیەکی سەربازیین. لە تەمەنی حەوت ساڵەوە تا حەفتــا ساڵان ژن و پیاو بە هەمان شێوە، وەك سەرباز دروست بووین”[ گۆکچێن ١٩٩٦، لاپەڕە ١٢٥-١٢٦]

بە پێی ئەو لێکۆڵیــنەوە تازانەی کە کراوون لەوانەش کتێــبەکەی “ئایشە گول ئاڵتـــنای”، [ئەفسانەی میللەتی سەربازی: میلیتاریزم، جێندەر و پەروەردە لە تورکیا] دەریدەخات کە چۆن بەها و هەڵسوکەوت و کردەوە و خیتـــابی تایبەت بە خزمەتی سەربازی لە چەشـــنی “میللەتی تورك، میللەتێکی میلیتانـــتە” یان “هەموو تورکێك بە سەرباز لەدایك دەبێت” لە ڕێی گفتوگۆی ڕۆژانە و کتێبی خوێندن و وتارەکانی بەرپرسانی گشتی و ڕۆشنبیراندا دووبارە دەبێتەوە و لە کاتی خزمەتی سەربازیدا وەك دروشمی مەشق بەکاردێت و بووەتە عەقیدەیەکی کۆمەڵایەتی پتەو لە ناو کۆمەڵگەی تورکیـــدا!
شیعاری”هەموو تورکێك بە سەرباز لەدایك دەبێت”، خزمەتێکی گەورەی کردووە بە ســێ شتی سەرەکی، شوناسی تورکبوون، خزمەتی سەربازی و نێرسالاریی!. ئەڵتنـــــــای بە درێژی و بە فاکتەوە لە کتێــبەکەیدا لەسەر هەموو ئەم پرســانە دێــتە قسە.
زۆربەی نووسینە ئەکادیمییـــەکان لەسەر خزمەتی سەربازیی ئیجباری لە تورکیــا، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم خزمەت کردنە، ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیــیدا. لەم چوارچێوەیەدا سەرباز وا فێر دەکرێت کە ئەو بەشــــێکە لە نەتەوەی تورکیا و ئەرکیــەتی میللەتی تورك بپارێزێت. ئەو ڕۆڵە گەورەیەی سوپا لە دروستکردنی دەوڵەت و بنیاتنــــانی ناسنامەی نەتەوەیی دەیگێڕێت، بووەتە هۆی چەسپاندنی ئایدیای “نەتەوەی سەرباز”. نەتەوەی تورك بە نەتەوەیەکی سەربازی دادەنرێت و خزمەتی سەربازی ئیجباریی، ئامرازێکە بۆ بەدیهێــــــنانی ئەم ئایدیــایە. ئەوانەشی کە بە هەر هۆیەك میلیتاریزم ڕەتدەکەنەوە، وەك کەسایەتی دەرکراو، بێ باوەڕ، متمانەپێنەکراو، یان تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە مەترسیدار وێنـــا دەکرێن!.

ئیسرائیل:

جۆ بایــــدن لە ساڵی ١٩٨٦ لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا ووتی: “کاتی ئەوە هاتووە داوای لێبوردن لە پاڵپشتیکردنمان بۆ ئیسرائیل بوەستێنین… ئەمە باشترین ٣ ملیار دۆلاره کە ئێمە وەگەڕمان خستووە، ئەگەر ئیســــرائیل بوونی نەبوایە، ئەمریکا دەبوو ئیسرائیلێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دروست بکات”.

کۆمەڵگەی ئیسرائیلی، لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە ساڵی ١٩٤٨ کۆمەڵگەیەکی تەواو سەربازییە و لەسەر بنەمای ئاپارتاید دروست بووە. هەر ئیسرائیلییــــەك ژن بێت یان پیـــاو، توانای هەڵگرتنی چەکی هەبێت دەبێت بچێتە خزمەتی سەربازی ئیلزامییەوە، ئیسرائیلییەکان بەخۆیان دەڵێن ئێمە “کۆمەڵگەیەکی چەکدار یان میللەتێکی چەکدارین”!. هەر بۆیە تەوای دام ودەزگاکانی ئەم کۆمەڵگەیە سیفەتێکی سەربازی وەردەگرێت، هاوڵاتێـــیەکی ئیسرائیلی یان سەربازە، یاخود سەربازی یەدەگە! بۆیە جیاکردنەوەی هاوڵاتی و سەرباز لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا کارێکی سەختە![کوشــتنی هاووڵاتیانی سیڤیل لە لایەن حەماسەوە لەم دیــدگایەوە سەرچاوە دەگرێت]!. تەنانەت حزبە سیاسیەکانیشی لەلایەن ئێلیــتە سەربازیەکانەوە پێکدەهێنرێت!.
دەزگای سەربازی ئیسرائیل، بە تەنیــــــــا ئامێرێك یان دەزگایەك نیــیە لە دەزگاکانی دەوڵەت، بەڵکو ڕۆچووە بۆ ناو تەواوی ژیـــانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەم وڵاتە. ئەوەی کە دەوترێت “هەموو دەوڵەتێـــكدا سوپا هەیە، بەڵام لە ئیسرائیل ســوپا دەوڵەتی هەیە ” دەقا و دەق دروســــتە!. داگیرکردنی زەوی فەلەســتینییەکان، ڕێکخستنی کۆچی جولەکەکان و بە هەمان شێوە پرۆسەی نیشتەجێ کردنیــان لە زەوییە دەست بەسەراگرتووەکاندا لایەن ئەم دەزگایەوە ڕێکدەخرێت، کۆنترۆڵی میدیا و ڕەگەیاندنەکان، گەشەپێدانی باسە ئەکادیمیــیەکان و ئابووری و تەواوی ژیـــانی کۆمەڵایەتی، ئەم دەزگا سەربازیــیە بەڕێوەی دەبـــات!.

سەربازیبوونی ئەم کۆمەڵگەیە هەر وەك تورکیـــا لە ترسەوە سەرچاوە دەگرێت نەك لە هێزەوە، ئەوان بە درێژایی دروستبوونیان لە لایەن بەریتانیا و ئەمریکاوە خەریکی پاکتاوکردنی ئیتنیــکی فەلەسـتینییەکانن و رۆژانە خەریکی داگیرکردن و فراوان کردنی ئەو زەوی و زارانەن کە هی ئەوان نیــیە.
“تامیر پاردۆ”، سەرۆکی پێشــووی مۆســـاد، لە لێدوانێـــکیدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە ڕۆژی ٩/٤ ی ئەمســاڵ، دانی پێــدا دەنێت و دەڵێت: خاکێك کە دوو گەل لە ژێر دوو سیســتەمی یاسایی جیاوازدا دادگایی بکرێن، دەوڵەتێـــکی ئاپارتایدە”!.
بۆ تێــگەیشتن لەم ئاپارتایدە دەبێ ڕۆبچــینە ناو نەخشەی دابەش کردنی خاکی فەلەســتین.
سێ “زۆن” خاکی فەلەستین دابەش دەکەن و کاریگەریــیەکەی بە پێی جۆری داگیرکاریی ئەو ناچەیە بۆ دانیشتووانەکەی دیاری دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٩٥ ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆی دووەم بڕیــــــاریدا کە کەناری ڕۆژئاوا West Bank دابەش بکرێت بەسەر ناوچەکانی A و B و C دا. ئەم دابەش کردنە کاریگەرییان لەسەر توانای سوپای ئیسرائیل هەیە بۆ دەستێوەردان لە بابەتە مەدەنی و سەربازییەکانی کەناری ڕۆژئاوادا. ناوچەی A: “بریتیــیە لە هەشت شارە سەرەکیــیەکەی فەلەستین لە کەناری ڕۆژئاوا کە لەسەدا ١٨ی تەواوی خاکەکە پێکدەهێــنێت”… لە ڕووی تیۆریەوە، لە ژێر دەسەڵاتی ئیداری و سەربازی دەسەڵاتی فەلەستیندان، بەڵام لە واقیـــعدا، هەر بڕیارێکی ئەمان دەبێت بە نێوەندگیری و پەسەندکردنی ئیسرائیلـــییەکاندا تێپەڕ ببێت. لە ناوچەی Aدا ئیسرائیلییەکان ناتوانن نیشتەجێبوون پیادە بکەن. ناوچەی B “لەسەدا ٢٢ی کەناری ڕۆژئاوا”، وەك ناوچەیەکی پارێزەری- عازل لە نێوان ناوچەکانی A و C دادەنرێت. لەم ناوچەیە، ئیدارەی مەدەنی، واتە “تەندروستی گشتی، قوتابخانە و ..تـــاد”، دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی فەلەســـتینیەکانەوە. بەڵام کۆنترۆڵی ئەمنی لە دەستی هێزەکانی ئیسرائیلدایە. سەیر ئەوەیە کە زۆربەی کەمپــــەکانی پەنابەرانی فەلەستینی لەم ناوچەیەن و هەفتانە، هەندێك جاریش ڕۆژانە، لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لەشکرکێشییان بۆ دەکرێت.
لە کۆتایـــیدا ناوچەکانی C دێن کە لەسەدا ٦٠ی خاکەکە پێکدەهێنن. لە ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆی دووەمدا هاتووە کە دەبێــت ئیسرائیل وردە وردە ئەو زەویــــانە بگێڕێتەوە بۆ ئیدارەی دەسەڵاتی فەلەستین، بەڵام لەوە ناچـــێت ئیسرائیل هیچ یەکێك لە بەندەکانی ئەو پەیماننـــامەیە جێــبەجێ بکات. لە ئێستادا ئەم ناوچانە بە تەواوی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە و گەورەترین پرۆسەی نیشتەجێبوون و فراوانخوازی تێــدا ئەنجام دەدرێت. فەلەستینیەکانی ناوچەی C ، بە تەواوی لە ژێر ڕەحمەتی یاسای عورفیــدان. زەوییــە کشتوکاڵەییەکانیان دەدزرێن، لە ماڵ و زەوی و قوتابخانەکانیـــان دەردەکرێن و بە زۆر ئاوارە دەکرێن. نە دەسەڵاتی فەلەستین قەرەبووی زەرەرەکانیان دەکاتەوە و نە ئیسرائیلیش!. ئەو فەلەستینیانەی کە لە ناوچەی C دا دەژین، زۆرترین بەرکەوتەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و ڕاســـتڕەوە تووندڕەوەکانن. لەم ناوچـــانەدایە کە زۆرتریــــن هەوڵی پاکتاوکردنی نەتەوەیی دژی فەلەســــــتینییەکان بە ئاشکراترین شێوە ئەنجام دەدرێت!.

ئەگەر بەم لۆژیـــکەوە لە دۆخی کۆمەڵایەتی و ســیاسی هەدوو دەوڵەتی تورکیـــا و ئیسرائیل بڕوانیــن، دەردەکەوێت کە ئەم ئەکشــنە سەربازیـــانەی هەردوو گروپ تەواو ئاســـایی و سروشــتییە! بە جیـــا لە سروشتی ئەو کارە سەربازیــانە و بۆچوونی من بۆ هێزێکی وەکو پەکەکە یان حەماس چیــیە یان جیـــاوازیــیەکانیان چییە کە بێگوومان زۆر جیــاوازن و باسەکەی من لێرەدا ناچــێتە سەر ئەو بەراوودکارییــە!

ئەفســانەی خەباتی ئاشتیخوازانە!

پرســـیاری ئەوەی کە لە بەرامبــەر دوو دەوڵەتی تەواو سەربازی و تیرۆریســت و فاشــیستی وەك تورکیـــا و ئیسرائیل، چ خەبـــاتێك، یان بەرەنگاریــیەك دەکرێت بگیرێــتەبەر کە کاریگەر بێت و لە ئاســتی ڕای گشــتی دا مەقبوول بێت؟ بەو مانای نەکەوێــتە ناو چوارچێوەی پێنـــاسەی “تیرۆیزمەوە”!

مێژووی ململانێکان لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتەدا نیشـــانی داوین، هەر خەبـــاتێك و بەرەنگاریــیەك لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتەدا، بە ئاشتیخوازترینیشــنانەوە، بە تیرۆیزم لە قەڵەم دەدرێت! بۆ مەگەر بەرخۆدانی کوردانی باکور هەر ئەو چەند هەزار کڵاشــنیکۆفانەی قەندیلن؟ مەگەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە تورکیــا، خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە و پەرلەمانی تاقی نەکردۆتەوە؟ وەڵامی دەوڵەتی تورکیا و دامودەزگا پۆلیسی و قەزاییەکانی چی بوون؟ مەگەر هەدەپە کاری تیرۆریستی دەکات وا لە سەدا هەشــتای ئەندام و کادێرەکانی لە زیــندانەکانی دەوڵەتی تورکدان؟ مەگەر دەســتەواژەی فاشــیستیانەی”هەموو کوردێکی باش، کوردێکی مردووە”، نیــەتپاکی دەوڵەتێك نیشــان دەدات کە بە دوای چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردەوەیە؟ وەڵامەکان بێگوومان نەخــــێرە!.

کۆتــا بەرگری ئاشتیانەی فەلەســتینیەکان بە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٧سەریهەڵدا و بە “شۆڕشــێ بەرد” ناوبانگی دەرکرد. لەو کاتەوە خەڵکی فەلەستین بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە فۆرمێك لە مافی چارەی خۆنووسینی مانادار بەدەست بهێنن. پێـــیان گوترابوو “خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن”. ئەوان هەر ئەم کارەیان کرد بەڵام دیســان ڕووبەڕووی توندوتیژیی ئیسرائیل بوونەوە. پاشــان دەســتیان کرد بە هەڵمەتی مەدەنیــانەی “گۆشەگیرکردن، وەدەرنان و بایکۆتکردنی ئیسرائیل”، ئەم هەڵمەتە پشتیوانییەکی بەرفراوانی بەدەستهێنا. بزووتنەوەیەکی تاڕادەیەکی زۆر ئاشتیخوازانە کە سەرنجێکی زۆرێـــــــك لە هونەرمەندان، ئەکادیمیستەکان، سەندیکاکان و هەندێك لە حکومەتەکانیشی بەدەستهێنا.

ئەمریکا و بنەماڵەی ناتۆ هەوڵێکی زۆریـــان دا بۆ تاوانبارکردنی ئەم بزووتنەوەیە و بە یارمەتی گروپە لۆبییە زایۆنیستەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە گۆشەگیرکردنی ئیسرائیل کردەوەیەکی “دژە جوولەکە- Anti-Semitism”یە. کاردانەوەکەیان زۆر کاریگەر بووە. لە بەریتانیا پارتی کرێکاران بە سەرپەرشتی “کیر ستارمەر” لە کۆنفرانسی نەتەوەیی داهاتووی خۆیـــــدا، هەر جۆرە باسێکی “ئەپارتایدی ئیسرائیل”ی قەدەغە کرد. چەپەکانی پارتی کرێکاران لە ترسی دەرکردنیان لەم باسە بێدەنگ بوون. هاوکات زۆربەی حکومەتە عەرەبییـــەکان لەگەڵ تورکیا و میسر خۆیان ڕادەستی واشنتۆن کردووە. سعودیە بە نێوەندگیری کۆشکی سپی دانوستان دەکات بۆ دانپێدانانی ئیسرائیل. پێدەچێت گۆشەگیری نێودەوڵەتی گەلی فەلەستین زیاتر بێت. بەرخۆدانی ئاشتیانە هیــچ ئەنجامێکی نەپێــــکا تووندکردنەوەی زنجیرەکان نەبێت.
سروشــت و پێکهاتەی فاشــیستی و میلیتاریستی ئەم دوو دەوڵەتە، هیــچ جۆرە خەباتێکی ئاشـتیانە و مەدەنیـــانە هەڵناگرێت، بۆیە پەنـــابردنە بەر کاری سەربازی سروشــتی و نا سروشــتی لە چەشــنی خۆتەقاندنەوە و کوشـــتنی خەڵکی سیڤیل دەبێـــتە پەرچە کردارێکی سروشـــتی لەبەرامبەر ئەو کوشــت و کوشتارەی ئەم دەوڵەتانە ڕۆژانە پێی هەڵدەســتن!
ئــایا خەڵکی کوردســتان و خەڵکی فەلەســتین مافی خۆیانە بە چەك بەرەنگاری ئەو دەستدرێژییە بێوچانانە ببنەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە؟ بە دڵناییەوە بەڵێ!

شەڕی تیرۆریســتان، یان جینۆســاید؟

ئەمەی ئێســـتا لە غەززەا دەگوزەرێت، جینۆســایدە، بە هەموو مانای ووشەکە، بە پێی یاســا نێودەوڵەتیــیەکان لەوانەش ڕێککەوتننامەی “ڕێگری و سزا”ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨دا نووسراوە، تاوانی جینۆســـاید وا پێنـــاسە کراوە [لەناوبردنی، بە تەواوی یان بەشێکی، گروپێکی ئیتنیکی، نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئایینی]. ئیسرائیل لە هێرشە کوشندەکەی بۆ سەر غەززە بە دەنگی بەرز ئەم مەبەستەی ڕاگەیاندووە. یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە ٩ی تشرینی یەکەمدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند: “ئێمە گەمارۆیەکی تەواو بەسەر غەززەدا دەسەپێنین. نە کارەبا، نە خواردن، نە ئاو، نە سووتەمەنی. هەموو شتێك دادەخەین. ئێمە شەڕ لەگەڵ ئاژەڵی بەشەریدا دەکەین، هەر بەو پێیەش مامەڵە دەکەین”. سەرکردەکانی ڕۆژئاوا ئەم قسە ڕەگەزپەرستانەیان لە ڕێی وەسفکردنی کوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل بە “تاوانی جەنگ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییــــــەکان” و بە “کردەوەیەکی خراپەکاری تەواو”، بە وتەی جۆ بایدن و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لایین تەئیــد کرد. ئەم زمانە نامرۆڤایەتییە بە ئاشکرا حیساب بۆ کراوە، پاساوێکە بۆ لەناوبردنی بەرفراوانی ژیانی فیزیکی فەلەســتینییەکان دەهێـنرێتەوە؛ جەختکردنەوە لەسەر “خراپەکاریی”، لە ڕەهاگەرایی خۆیـــدا، هەموو جیاوازییـــەك لە نێوان چەکدارانی حەماس و مەدەنییەکانی غەززەدا دەسڕێتەوە و چوارچێوەی فراوانی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری دادەپۆشــێت!.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە حسابی خۆی، تا ئێستا زیاتر لە شەش هەزار بۆمبی فڕێداوەتە نــاو غەززە، کە یەکێکە لە چڕترین ناوچەکانی جیهان [زیاتر لەو بۆمبایانەی ئەمریکا لە ساڵێکدا بەسەر هەموو ئەفغانســــتاندا فڕێداوە لەوێ]. ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ئەو چەکانەی بەکارهێنراون بریتین لە بۆمبی فسفۆر، کە ئاگر لە جەستە و بیناکان بەردەدات. ئەمەش بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە گالانت مەبەستی چییە لە “بەپێی ئەو کارە”، نەك بە ئامانجگرتنی تاکەکەسی چەکدارانی حەماس، وەك ئیسرائیل ئیدیعای دەکات، بەڵکو ئازادکردنی دەســتی کوشتنە لە دژی هەموو فەلەستینییەکانی غەززە.
نەبیــنینی ئەم جینۆســایدە و وەســف کردنی ئەو دۆخە وەك شەڕی نێوان دوو باڵی تیرۆریست وەك هەندێك لە هاوڕێ چەپەکانمان لێکدانەوەی بۆ دەکەن، کارەســاتێکی فیکریی و ســیاسی کوشندەیە. ئاشکرایە کە هیــچ یەکسانییەکی ئەخلاقی و سیاسی و سەربازی لە نێوان ئەم دوو هێزەدا نیــیە. ئیسرائیل وڵاتێکی ئەتۆمیـــیە و بەردەوام لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆوە چەکدار دەکرێت. ئەکشــنەکەی حەمـــاس سەرەڕای دڕەنــــدەییــەکەی، ئەمنیەتی ئیسرائیل ناخـــاتە مەترســیەوە بەڵام لە بەرامبەریــدا شــارێك بە خەڵکەکەیەوە لەگەڵ زەویــدا تەخت دەکرێت!. بانگەشەی “شەڕی تیرۆریســـتان”، بێجگە لە ئیـــدانە هیچ شــتێکی ترمان پێـــناڵێت لەسەر جەوهەری کێشەکان و هیــچ هەڵوێســتێکی ســـیاسی شۆڕشگێڕانەش لەسەر ئەم دیدگایەوە بنیـــات نانرێت. ئەوانەی کە پێـــیانوایە ئەمە شەڕی دوو باڵی تیرۆریســتە، ئەگەر ئێســتا خۆتـــان لە غەززە بوونـــایە، چەکێکتان هەڵدەگرت و مقاوەمەتتان دەکرد، یان هەڵوێســتێکی پاســیفیستی لەو جۆرەتان ڕادەگەیــــاند؟

بۆ من ڕوونە کە حەمـــاس رێکخراوێکی ئیســـلامی ســیاسییە و ئەجێــندای ئەو ڕزگارکردنی خەڵکی فەلەســتین نیــیە لە ستەمی نەتەوایەتی، وەك هەرچۆن بزووتنەوەی کوردایەتی هیــج پەیوەندیەکی نییــە بە لابردنی ســتەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کورد. بەڵام حەماس پەرچەکردارێکی تووندە بەرامبەر بە جینۆسایدێکی ســیستەماتیك کە دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە ڕۆژی دروستبوونیەوە بەرامبەر بە خەڵکی فەڵەســتین پیادەی دەکات. ئەم جیــنۆســایدە تووندوتیژە حەماسەکانت بۆ بەرهەم دێــنێت کە ئەگەر ئایــیندەی خەڵکی فەلەســتین لەدەست ئەودا بێت بێگوومان دۆخ و گوزەرانی خەڵك بە تایــبەتی چینی زەحمەتکێش لەوەی ئێســتا هەیە باشتر نابێت. هەروەك چۆن دۆخی چینـی زەحمەتکێشــی کورد لە ژێر دەسەڵاتی ناسیونالیستەکانی خۆمـــاندا لە خراپ بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە.
کێشمەکێشی خوێـــناوی ئیسرائیل و فەلەســتینیەکان، هەروەهــا کورد و دەوڵەتی فاشـــیستی تورك کاتێـــك کۆتایی دێت، کە ســیستەمی ئاپارتاید و ڕەگەزپەرســتی دەوڵەتی ئیسرائیل و فاشــیزمی تورکیـــا هەڵبوەشــێنەوە. ئەمە تاکە ڕێــگە و هەنگاوی سەرەتــاییە بۆ پێکەوە ژیـــانێکی ئاســایی و مرۆڤــــانە، بێجگە لەمە ئەبــێت چاوەڕێی پێشــێلکاریی گەورەتر و دەریـــایەك خوێــن بین کە ئەم دوو ڕژێمە فاشــیستە بە خوێــنساردی و ســـیستەماتیك ڕۆژانە بەڕێوەی دەبەن.

١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

سەرچاوەکان:
١. The Myth of the Military-Nation
Militarism, Gender, and Education in Turkey
٢. إسرائيل… المستوطن الصهيوني (المجلد السابع)، تألیف: د. عبد الوهاب المسيري.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن

گەلەری

ڤیدیۆ

 @2023 – Omerkhatat.com. All Right