Home باسی سیاسی جەنگی ئیســرائیل، باڵاکردنی فاشــیزم و واقیـــعێکی شێواو!

جەنگی ئیســرائیل، باڵاکردنی فاشــیزم و واقیـــعێکی شێواو!

by admin
0 comment

عومەری خەتات:
“کاتێــك یەشوع بن نون [پێغەمبەری کتێبی پیرۆز] هاتە ناو خاکەکەوە، سێ پەیـــامی بۆ دانیشتووانەکەی نارد: ئەوانەی دەیانەوێت [حوکمڕانی ئێمە] قبوڵ بکەن، قبوڵ دەکرێن؛ ئەوانەی دەیـــانەوێت بڕۆن، دەڕۆن؛ ئەوانەی دەیانەوێت شەڕ بکەن، شەڕیـــان لەگەڵ دەکرێت. بنەمای ستراتیژەکەی ئەمە بوو: ئێـــمە لێرەین، هاتووین، ئەمە هی ئێــــمەیە. ئێســـتاش سێ دەرگا کراوە دەبێت، دەرگای چوارەم نییە. ئەوانەی دەیانەوێت بڕۆن – با بڕۆن – من یارمەتیــــان دەدەم. کاتێــك نە ئومێد و نە دیدگایان دەمێنێــت، دەڕۆن. وەك چۆن لە ساڵی ١٩٤٨ کردیان و ڕۆشــــــتن. […] ئەوانەشی نــــاڕۆن، یان ئەوەتا حوکمڕانی دەوڵەتی یــــەهودی قبوڵ دەکەن، لەو حاڵەتەدا دەتوانن بمێنــــــنەوە. سەبارەت بەوانەی ناڕۆن، ئێمە شــــەڕیان لەگەڵ دەکەین و شکستیان پێدەهێــــنین. […] یان تەقەیان لێدەکەین یان زیندانیـــــان دەکەین یان دەریان دەکەین.[ بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، ئەندامی حزبی “زایۆنیزمی ئایینی” و کنێستی ئیسرائیلە، ناوبراو یەکێــکە لەو فاشــیستە زۆرانەی کە ئێســـتا دەسەڵاتەکەی ناتانیــاهۆ پێکدەهێـنێت].
ئەم دەربڕیــنەی سەرەوە پوخــتەی واقیعی جەنگی ئیسرائیل و کێشمەکێشی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و فەلەســتینیەکان پێکدەهێــنێت. هەر واقیعــێکی دەستکردی تر، لە دەرەوەی ئەم واقیعە مێژووییە ماددییە، سەرەگێژە و خولانەوە دەبێت لە نیوان خوێــندنەوە و هەڵوێســتی ڕووکەش و لایەنگری کوێرانە بۆ ئیسرائیل یان بەرەی مقاوەمەت!.
پێناسەی ئەم جەنگە
ئەم جەنگە لە بنەڕەتدا جەنگی نیــوان حەماس و ئیســرائیل یان ئیسرائیل و حەماس نیــیە، هەر بۆیە زۆرگرنگ نیــیە ناوی حەماس یان ئیسرائیل پاش و پێش بکرێت. ئەمە جەنگی ئیسرائیلە لە دژی ئەو خەڵکەی لە دۆزەخی غەززەدا دەژین بەتایبەتی و جەنگی ئیسرائیلە لە دژی گەلی فەلەســـتین بە گشتی. جەنگی بەشی سەرەکی و ڕەنگە زۆرینەی هاووڵاتیانی جووی ئیسرائیل و بە تایبەت جەنگی چینە دەوڵەمەندەکان و سەرمایەدارە ئیسرائیلییەکان و سەرمایەدارە نێودەوڵەتییە گەورەکانە لە دژی پەنابەرانی فەلەستینی و بێ ماڵ و حاڵ، جەنگی زەوتکەرانی ماڵ و زەویە لەدژی خاوەنــانی هەمان ماڵ و زەی و ئاوارەکردنیــانە.
ئیـــدانەکردن
بوێری و ڕاشــکاویی ڕەخــنەیەك لەو جینۆســایدەی ئێســتا لە غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجــام دەدریت پێویستی بە بەڵێــنێك نێــیە بۆ “سەرکۆنەکردنی” تاوانەکەی حەماس. کەسێك کە “شیکاری حەقیەت” لە ڕووداوەکانی پێشووتر و دواتردا کورت دەکاتەوە، مێژووی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەگۆڕێت بە مێژوویەکی “کرۆنۆلۆژی”. لە مێژووی ئەم جەنگەدا، کوشتاری نامرۆڤانەی حەماس هیــچ ڕۆڵێـــك ناگێڕێــت بۆ ئەو جەنگەی کە ئەمڕۆ لە دژی گەلی فەلەســـتین و بە ناوی کۆدی “حەماس”ەوە بەڕێوەدەچێت. لە هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەردا، پێویستە ڕێساکانی پێشوەختەی شەڕی سەربازی لەبەرچاو بگرین، کە زۆرێکیان ئیسرائیل لە ماوەی گەمارۆدانی ١٦ ساڵەی غەززە و هەڵمەتی دژە یاخیبوونەکەیدا دایمەزراندبوون. هەروەها پێویستە کۆمەڵێك فاکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرین کە پاشخانی ڕووداوکەن. ئەمە ناکرێت وەك جۆرێـك لە تۆڵەسەندنەوەی ئەبەدی فەلەستینییەکان سەیر بکرێت![ئەم خاڵە ئاو زۆر دەکێشــێت و دەکرێت لە بابەتێکی سەربەخۆدا شیکاریی بۆ بکرێت]!. بۆ لەناوبردنی ژیان و مێژووی فەلەســـتین، حەماس “نیعمەتێکە” کە پێویستە بازرگانانی جەنگ و ڕەگەزپەرســتانی ئیسرائیل دروستی بکەن، “دەســتکەوتێکی موفتە” و پێویستی بە هیچ “تیۆرێکی پیلانگێڕی” نیـــیە! هەر وەك چۆن کاولکاریی عێراق و سەقامگیرکردنی ســیستەمی نوێی جیهـــانی ناگەڕێــتەوە بۆ “تاوانی” داگیرکردنی عێراق بۆ کوێـــت.! مێژووییبوونی ئەم جەنگە لە حەقیــــــقەتی خۆیدایە و حەقیقەتەکەی بە ئاشــکرا لە زاری وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە ڕاگەیەندرا: لەناوچوونی دەستبەجێی فەلەستینییەکانە لە خاکی فەلەستیندا. ئەوەی گوزارشت لە ڕاســتی ئەم جینۆسایدە دەکات، بوێری ئەوەی هەیە بڵێت کوشتنی چەند “بارمتە”ێکی ئیسرائیلی و غەیرە ئیسرائیلی، نرخی “پاداشت”ی ئەم جەنگە و وەدیهاتنی خەونی “خاکی بەڵێندراو”ە. جینۆســایدی غەززە مێژووی ئەم جەنگەیە نەك ڕووداوەکانی پێش و دواتر. سوپای ئیسرائیل خۆی بە “هێزی بەرگری ئیسرائیل” ناودەبات. مێژووی ئەم ئەم جەنـــگە لەو ڕاستییە تاڵەدایە کە ئەم سوپایە هەر لە بناغەوە و لە ڕۆژی یەکەمەوە هێزێکی سەرکوتگەر و شەڕانگێزی بووە، نەك بەرگریکار.
دیموکراسی
نازناوی “تاکە دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”دا کە دەکرێت بە ســنگی ئیسرائیلدا شــایستەی لاقرتیــیە. بەراست، “تاکە دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”دا بە بەراورد لەگەڵ کام “بنەمایەدا”؟ کام “چاوەڕوانی لە ” دیموکراسی “ڕاســتەقینە” دروسـت کراوە؟ دیموکراســی هەر ئەو پێناسەیەی هەیە کە لیــنین لە وەڵامی کاوتسکیــدا ئاماژەی پێــدەدات: ” دیموکراسی بۆرژوازی، هەرچەندە هەنگاوێکی مێژوویی گەورە لە چـــاو سەدەکانی ناوەڕاســــتدا پێکدەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشـــدا بۆ هەمیشە وەك دیموکراسییەکی تەسك، کورتکراوە، ساختەکراو، دووڕوو، بەهەشـــــتێك بۆ دەوڵەمەندەکان و تەڵە و فریودانێکە بۆ هەژاران”. ئایا بە ڕاســت دەســتی دیموکراسییە [ڕاســتەقینەکان] کەمتر خوێناویترن لە کوشتنی خەڵکی عێراق و ئەفغانستان و یوگۆسلاڤیا؟ ئایا کوشتنی ٣٠٠ هەزار منداڵی ئێراقی کە تەمەنیان لە خوار ٥ ساڵەوە بوو، [بەگوێرەی یونیسێف، نەك پڕوپاگەندەی منی چەپ]، ڕەسەنایەتی دیموکراسی زیـــاتر دەکات؟
نموونەی جیهـــانی بۆردومانی غەززە، بۆردومانی شاری درێسدنی ئەڵمـــانیایە لە پاییزی ساڵی ١٩٤٤ کە لە یەك شەودا ٧٧٣ فڕۆکەی بەریتانی بۆ “لەناوبردنی نازییەکان” بە سەدان تۆن بۆمبیان خستە ناو شــارێکی ٦٣٠ هەزار کەسی و ٨٠ هەزار ســیڤیلی بێــتاوانیان دەســتبەجێ کوشت، بۆ ڕۆژی دواتر فڕۆکەکانی ئەمریکاش هێرشــــێکی تریان کردە سەر هەمان شــار و ٢٥ هەزار کەسی دیکەیان کوشت. نموونەی خۆمــاڵی بۆردومانی غەززە، بۆردومانی شاری هەڵبجە و دەوروبەرەکەیــەتی لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ ئەنجام درا، کۆمەڵکوژییەك کە بە یەکجار پێنج هەزار کەس کوژران کە کە لانی کەم ٪٤٠ یـــان منداڵ بوون!.
دروستکردنی دووالیزمە دەستکردەکان هونەری خوڵقاندنی واقیعێکی ترە لە دەرەوەی ئەوەی بە ڕاســتی بەرجەســتەی دەکەین. یانی لە دەرەوەی حەقیقەتی واقیعی. لە دوالیزمی دیموکراسی/کۆنەپەرســتیدا، واقیع بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت و کورت دەبێتەوە بۆ: بەرەی ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی دەکەن، واتە بەرەی خاوەنڕەوایی و حەقیقەت و شارستانیەت لە لایەك و بەرەی کۆنەپەرســتی و دیکتاتۆری، واتە بەرەی خراپەکار و شەیتان و دڕندەیی لە لایەکی ترەوە. پێـــگەی بینەر خاڵێکە لەم سیستەمەدا کە تەنها بە ئاماژەدان بەم دوو تەوەرەیە پێنــــاسە دەکرێت. خستنەڕووی واقیع لەم پێناسەیەدا هیچ ڕۆڵێکی نیــیە.
لە دابەشکردنی ڕۆڵەکاندا، دوالیـــــزم نەك هەر “مرۆڤی باڵا” دروست دەکەن کە دەتوانن کۆنترۆڵی چارەنووسی “ئەوانی دیکە” بکەن، بەڵکو لەگەڵیــدا شەرعیــتێکیش لە ڕێــگەی داماڵیــنی “ئەوی دی” لە مرۆڤایەتی بە مەبەســتی نەهێشتنی و لەناوبردنی دروســت دەکەن. جەنەڕاڵەکانی ئیســـرائیل دەڵێن پێویســـتە فەلەســــتینیەکان بکوژرێن چونکە مرۆڤ نین.
هەڵگەڕانەوەی ئەم دوالیزمە لە گێڕانەوە و لە ڕوانگەی “حەماس- میحوەری بەرەنگاربوونەوە”هەمــان شــتە. ئەوەی کە دەگۆڕێت تەنهــا جێگۆڕکیی ناوەکانە. لە لایەکەوە ڕۆژئاوا و کۆلۆنیالیزم و “ئیمپریالیزم”، لە دیوەکەی تر کۆماری ئیسلامی و داعش، تاڵیبان و بەرەی “مقـــاوەمەت”. واقیع لە نـــاو ئەم دوو گێژەڵوکە ناشــیرینە جێــگەی نابێــتەوە.
کاتێــك واقیع بە شێوەی دوالیزمێکی دەستکرد پێناسە دەکرێت، ئەوا گێڕانەوەکەی ناتانیــاهۆ و گێڕانەوەکەی میحوەری مقاوەمەت”- کە هیچ جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوانــــیاندا نییە- تەنیــا گۆڕینی واقیعەکە نیــیە بۆ دوو گێژەڵووکە، بەڵکو لابردنی بەشە مێژوویی و بابەتیــــیەکانی واقیعشە. بە واتایەکی تر کێشەکە تەنها کورتکردنەوەی واقیع نییــــە بۆ بەشی ڕاستەقینە وئایــیندەیی، بەڵکو مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەگەری گەشەکردن و جوڵەی ڕەوتەکان لە داهاتوودا کە لەمڕۆدا یان نەمامی بچوکن یان هێشــتا تۆوی نەپشکووتوون!. مەسەلەکە تەنها نەهێشتنی ناڕازیــیان و خۆپیشاندەرانێك نییــــە کە لە سەرانسەری جیهاندا بەبێ ئەوەی بەرگریکاری حەماس یان هەر هێزێکی تری کۆنەپەرستانە بن، کوشتنی دڕندانەی گەلی فەلەستین بە دەستی ماشێنی سیاسی و سەربازی ئیسرائیل ئیدانە دەکەن، بەڵکو لە ناوبردنی ڕەوتە ئەگەرییەکانیشە کە دەتوانێت [ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت و ڕاستەوخۆ یەکسەر، بەڵام لە داهاتوویەکی ئەگەریدا] ببـــنە هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دامەزراوەیی کە بتوانن ئەم ڕووخساری “واقیع”ـەی کە هەیە هەڵبوەشێننەوە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ هێزێــکی کۆنەپەرستی وەك حەماس ئاڵای خەباتی پرســی فەلەستینی بەدەســتەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەلتەرناتیڤێــکی پێشکەوتووخوازانە. نەبوونی ئەم ئەلتەرناتیڤە، سەرەڕای هۆکار و کۆنتێکستی زۆر، بەڵام یەکێــك لە گرنگترین هۆیەکان هەمان ئەو ئامێرەیە کە دوالیزمە دەستکردەکان، یان دوالیزمە ئەبستراکتەکان دروست دەکات و لە شوێنی واقیع دایدەنێــت. تەواوی ئایدۆلۆژیای “واقیعگەرایی” یان پراگماتیزمی سیاسی، چ لە وەسفکردنی ئەم شەڕە و چ لە دۆزیــنەوەی “چارەسەر”ە سیاســـییەکاندا بۆ “پرسی فەلەستین”، لە ڕاستیدا بێــجگە لە فێڵێـــك لە واقیع هیچی تر نیـــیە!. بە بەراوورد بەم “واقیعە” و لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەی باسمان کرد، ئەوا حەماس نوێنەری “دیموکراتی” خەڵکی غەززەیە، ‌هەرچۆن سەدام حســێن نوێــنەری ٪٩٩ی دەنگی خەڵکە لە عێراق و سەرانی جمهوری ئیســلامیش بە هەمان شێوە!. “دیموکراسی” تەنانەت چارەسەری “دوو دەوڵەت”یش قبوڵ نەکردووە و ناشیکات. وە ڕاستییەکە ئەوەیە کە “دیموکراسی” بچووکترین باوەڕی بەو شتانە نییە کە خۆی وەك “بنەما” داینــاوە، هەرجارە بە پێی مەزاجی خۆی و زەروورەتی ئایدیۆلۆژیای هێز و هەژموونەوە، ئەنجامی “دیموکراسی” خۆی لێکدەداتەوە.
فاشــیزم
مێژوونووسی هۆلۆکۆست “دانیال بلاتمان” لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی “هائارێتز”ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە پەلە بەرەو فاشـــیزم هەنگاو دەنێت. بلاتمان مامۆستایە لە پەیمانگای جووگەرایی هاوچەرخ لە زانکۆی عیبری و پسپۆڕی بوارەکانی هۆلۆکۆست، نازیزم، فاشیزم، جینۆسایدی جووەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە لە سەردەمی هۆلۆکۆستدا. لە ئێستادا بەشدارە لە دامەزراندنی مۆزەخانەی گێتۆی وارشۆ کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٥ بکرێتەوە.
ساڵی ٢٠١٧، بلاتمان لە نووسینێکدا پێشبینی ئەوەی کردبوو کە ئیسرائیل بەرەو پێکدادانی هێزەکان دەڕوات و ئەم پێــکدادانە کۆتایی بە دیموکراسی دەهێـــنێت و فاشیزم سەردەکەوێت. پێشبینییەکەی بلاتمان کەم تا زۆر بە تەواوی وەك ئەوەی شەش ساڵ لەمەوبەر باسی کردبوو هاتە دی.
زۆرجار ڕەخنەگرانی سیاسەتی ئاپارتایدی ئیسرائیل و حکومەتی ڕاستڕەوی توندڕەو بە ئەنتی سامیتیزم تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام ئیسرائیلییە چەپ و تەنانەت لیبراڵەکانیش ساڵانێکە پەییـــان بەوە بردووە کە ئیسرائیل ساڵانێکە بەرەو فاشیزم هەنگاو دەنێــت. لە ڕاســتیدا نەك هەر ساڵانێکە بەڵکو فاشیزم بنەڕەتیترین لۆژیکی پڕۆژەی کۆلۆنیالیزمی ئیسرائیلە لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونیەوە!.
تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لەبەرامبەر هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەردا کە لەلایەن حکومەتەکانی ڕۆژئاواوە ڕووناکی سەوزی پێدرا، لەلایەن شارەزایانی یاساکانی مافی مرۆڤەوە بە ” جینۆساید” وەسفکرا. لە بەیاننامەیەکی بەکۆمەڵدا، سەندیکای پرۆفیسۆر و کارمەندانی زانکۆی بیرزەیت باسیان لە “فاشیزمی کۆلۆنیالیزم” و “بانگەوازی قڕ کردنی عەرەبەکان لەلایەن سیاسەتمەدارانی زایۆنیستی نیشتەجێبوو لە سەرانسەری هێڵە سیاسییەکاندا کردووە”؛ هەروەهــا لە ڕاگەیاندنەکەی خۆیاندا، حزبی شیوعی ئیسرائیل (Maki) و هاوپەیمانی چەپی حەداش “بەرپرسیارێتی تەواویان خستۆتە ئەستۆی حکومەتی ڕاستڕەوی فاشیست بۆ ئەو پەرەسەندنە تیژ و مەترسیدارە”.
دانـــنان بە فاشیزمێکی سەرەتایی لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ و تەنانەت لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا بەگشتی، ئەگەر ڕەوتێــکی سەرەکی نەبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە گوتاری گشـــتی ناو خودی ئیسرائیلدا دیارە بە تایــبەتی پاش ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە دژی چاکازی قەزایی بە ڕێوەچوو کە ئامانج لێی “چاکسازییەکان” لەناوبردنی دەوڵەت بوو! چوار ڕۆژ پێش هێرشەکەی حەماس، ڕۆژنامەی “هائارێتس” لە سەرووتاری رۆژنامەکەدا نووسیبووی “فاشیزمی نوێــی ئیسرائیلی هەڕەشە لە ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان دەکات”!. مانگێك پێشتر ٢٠٠ خوێندکاری ئامادەیی ئیسرائیل ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ سەربازی ئیجبــاریی بەم شێوەیە ڕاگەیاند: “بڕیارماندا کە ناتوانین بە نیەتێکی باشەوە خزمەت بە کۆمەڵێــك نیشتەجێکراوی فاشیست بکەین کە لە ئێستادا کۆنترۆڵی حکومەتیان بە دەســتە”. لە مانگی ئایاردا، لە سەرووتاری رۆژنــامەی “هائارێتز”دا هاتبوو “حکومەتی شەشەمی ناتانیاهۆ لە وێــنەیەکی کاریکاتێری تۆتالیتــــار دەچێت، هیــچ جوڵەیەكی تۆتالیتاریستی نیــیە کە لەلایەن یەکێــك لە ئەندامە توندڕەوەکانیەوە پێشنیار نەکرابێت و لەلایەن ئەوانی ترەوە پشتگیریی نەکرابێت. هەموویــان لە کێبڕکێی ئەوەدان کە کامیـــان فاشــیستترینن”! ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ئاشتی “ئوری ئەڤنێری”، کە لە تەمەنی دە ساڵیدا لە ئەڵمانیای نازی هەڵهاتبوو، پێش مردنەکەی لە ساڵی ٢٠١٨، ڕایگەیاند کە “چەوساندنەوەی فەلەستینییەکان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەتوانرێت بەراورد بکرێت بە مامەڵەی جووەکان لە قۆناغی یەکەمی ئەڵمانیای نازیدا… پڕۆژەیاسا ڕەگەزپەرستانەکانی ناو کنێست، ئەوانەی پێشتر پەسەندکرابوون و ئەوانەی ئێســتا لە قۆناغی پەسەندکردندان، زۆر لە یاساکانی “ڕیشستاگ”ی سەرەتای ڕژێمی نازی دەچن. هەندێك لە حاخامەکان داوای بایکۆتکردنی دوکانە عەرەبییەکان دەکەن. هەروەهـــا بانگەوازی “مەرگ بۆ عەرەبەکان” (Juda verrecke) بە بەردەوامی لە یارییەکانی تۆپی پێدا دەبیسترێت. بێگومان شتێکی نوێ لە لێکچوونەکــــەدا نییە. کەسانی وەك هانــــا ئارێنت و ئەلبێرت ئەنیشــــــتاین لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی دێر یاسین لە ساڵی ١٩٤٨ نامەیەکیان بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز واژۆ کرد و هێروت (کۆنە پارتی لیکودی نەتانیاهۆ)یان بە “هاوشێوە لە ڕێکخستن و شێواز و فەلسەفەی سیاسی و سەرنجڕاکێشی کۆمەڵایەتیدا بە حزبە نازی و فاشیستەکان ناوبرد”!.
ئەگەر بگەڕێــینەوە بۆ قسەکەی “بێزالێل سمۆتریچ” کە لەسەرەتای ئەم ووتارەدا هاتووە و ئیقتیباسێکە لە قسەکانی پەیامبەر یەشوع بن نون دەبیــنین سەدای “پەیمانی کۆن- العهد القدیم” لە ئێســتادا و لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا خەریکە جارێکی تر دەنگ بەرز دەکاتەوە: “یەشوع لە هەموو پاشــاکانی ناوچەی شــاخەکان و باشوور و دۆڵ و کانیاوەکانی دا و هیــچی نەهێشــتنەوە، ئەوەی هەناسەی دەدا لەنـــاویبرد، هەر وەك ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێکرد. یەشوع لە کادێش-بەرنیــــاوە تا غەززە لێــیدان” (یەشوع ١٠: ٤٠-٤١).
بەڵام فاشیزمەکەی نەتانیاهۆ ناتوانرێت بە تەنیـــا لە نێشتەجێبووە تووندڕەو و خاوەن هۆشمەندی زاڵگەرایی زەوتکردنیاندا بۆ زەوی فەلەسـتینییەکان کورت بکرێتەوە، بەڵکو بە توندی لە بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و مانۆڕە یاساییەکانی ملیاردێرەکاندا چەسپاوە.
ئەبراهام سێرفاتی مارکسیستی جوولەکەی مەغریبی دەیان ساڵ لەمەوبەر لە نووسینەکانی زینــــــداندا سەبارەت بە ڕزگاری فەلەستین نووسیوویەتی: لە دڵی پڕۆژەی نیشتوجیکراو-کۆلۆنیالیزمی زایۆنیســـتیدا، “ژیربێــژییەکی فاشیستی” هەیە کە بریتییە لە زەوتکردن، هەژموون و ئاوارەکردن”. ئەمە ڕەنگە لەلایەن لیبراڵەکانەوە ڕەت بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر میکانیزمە سەرەکییەکانی بۆ هەمیشە هەڵنەوەشێنرێنەوە، ئەوا لە هەموو قەیرانێکدا بە شێوەی ڤایرۆسئاسا دووبارە سەرهەڵدەداتەوە. لە سەردەمێکدا کە داگیرکاری و دڕندەیی لە دژی فەلەستینییەکان لە مەخیلەی گشــتیدا ئاسایی کراوەتەوە، نیشتەجێکراوە فاشیستەکان لەگەڵ بەرەی ڕاســتی ئایینی بە توندوتیژیی دڕەندەئاســای ئیسرائیل وەك پڕۆژەیەکی نیشتەجێ-کۆلۆنیالیزم ئاهەنگ دەگێڕن. لە ئیسرائیل، وەك لە زۆرێك لە زەمینەکانی دیکەی ئەمڕۆدا، ڕەنگە لە سەرەتادا سەرهەڵدانی فاشیزم وەك پچڕانێك یان ئیستسنایەك دەربکەوێت، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە ڕەگ و ڕیشەی فاشــیزمی ئیسرائیلی بە قووڵی لە لیبرالیزمی کۆلۆنیالیزمدا ڕەگی داکوتاوە و هەرگیز ڕێگەی چارەسەری ئاشـتیانە ناگرێتەبەر.
دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان
بەپێی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە شەڕ، هێرشە دڕندەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە و کۆچکردنی زۆرەملێیـــان بە “تاوان دژی مرۆڤایەتی” و “جینۆساید” دادەنرێت. ئەمە قسەی نزیکەی ٩٠٠ مامۆستای زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمریکا و توێژەرەوانی بواری یاسا نێودەوڵەتییـــەکانن. بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیهانی بۆ کۆتاییهێنـــان بە تاوانەکان و سزادانی ئیسرائیل نەگیراوەتەبەر! بۆچی؟ ئایا ئەمە هەمان ئەو جیهانە ناڕێك و بێ یاسایە کە سەرکردەکانی “کۆڕبەندی ئابووری جیهانی” لە “مانیفێستی ســیستەمی نوێی جیهانی”دا هۆشدارییـــان پێدابوو؟ ئایا دامەزراوە و مەجلیسە نێودەوڵەتییەکان بە ئاشکرا چاویان لە تاوانەکانی حکومەتە چەوسێنەر و دەستدرێژکار و تاوانبارەکان دادەخەن؟ ئایا بڕیارە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە خزمەت خاوەن سامان و زهێزەکاندا بێت؟
تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم هیچ یاسا و ڕێسایەك بۆ دیاریکردنی شێوازەکانی بەکارهێنانی ڕێگەپێدراو یان ڕێگەپێنەدراو لە شەڕەکانی ناوخۆ یان دەرەکیدا نەبووە. حکومەت و گروپە شەڕکەرەکان ڕێگەپێدراو بوون لە بەکارهێــنانی هەر ئامراز و شێوازێك کە “یاساکانی خۆیـــان” دیاریان کردووە. ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کوشتنی خەڵکی سڤیل، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، بارمتەگرتن، دیلکوشــتن، وێرانکردنی گوند و شارەکان و سووتاندنی ناوەندە زانستی و مێژوویی و کولتوورییەکان لەو کارە ئاســاییانە بوون کە لە جەنگەکاندا بەکارهێــنراوون.
دوای خەباتێکی درێژخایەن- کە لەم باسەدا جێگەی نابێــتەوە- لە ساڵی ١٨٦٤ ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی بڕیاریان دا بە واژۆکردنی کۆمەڵێــك پەیماننامە بەمەبەســتی کەمکردنەوەی دڕندەییەکانی شەڕ ئەویش لە ڕێی “سنووردارکردنی” شێواز و ئامرازەکانی جەنگدا. یەکەمین ڕێککەوتننامەی جنێڤ بۆ باشترکردنی بارودۆخی بریندارانی سوپاکانی مەیدان کە لە ٢٢ی ئابی ١٨٦٤ بەڕێوەچوو، پاشـــان بە شێوەیەکی بەرچاو پێداچوونەوەی بۆ کرا و لە ساڵی ١٩٠٦ و ١٩٢٩ و دواجار ١٩٤٩ جێگەی گرتەوە لەم ڕێکەوتننامانەدا. یەکەم پەسەندکردنەکان لە ساڵی ١٩٤٩دا و لە ژێر ناوی ڕێککەوتننامەی جنێڤ پەسەند کرا و لەلایەن ١٩٠ وڵاتەوە واژۆ کرا. لە ساڵی ١٩٥٤ یش بابەتی نوێ بۆ لیستی سنووردارکردنەکانی جەنگ زیادکرا.
وا هاتە پێشچاو کە پیاوانی دەوڵەت ئاگاداری دەرئەنجامە وێرانکەر و نامرۆڤانە و بێ مۆراڵیــیەکانی جەنگن و هەوڵەکانیــان دەچێــتە خزمەت کەمکردنەوەی جەنگەکان و بەرپاکردنی ئاشــتی. تەنانەت ناوی وەزارەتەکانی جەنگیـان گۆڕی بۆ وەزارەتەکانی بەرگری و پێداگرییـــان لە ڕەچاوکردنی بنەما مرۆییــەکان تا ڕادەیەك کرد، تەنانەت لە بەرەکانی شەڕیشــدا. لە برگەکانی ئەو پەیماننــامانەدا هاتووە: پابەندبوون بە دوورکەوتنەوە لە هێرشکردنە سەر شوێنە کولتووری، مێژوویی، پزیشکی و ئایینیــــیەکاندا لە کاتی جەنگدا. هێڕش نەکردنە سەر ئەو دامەزراوانەی کە پێویستن بۆ مانەوە و بژێویی هاوڵاتیانی مەدەنی وەك دامەزراوەی ئاو و ئاوەڕۆی شارەوانیەکان، کارەبا ، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی خۆراك و هتد. پەنــا نەبردن بۆ تێــکدانی ئەو دامەزراوانەی کە دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی مرۆیی وەك بەنداوەکان، وێستگەی ئەتۆمی و هتد. ئەم ڕێککەوتنامانە تا ئەمڕۆ چەندین جار نوێکراونەتەوە، نموونەیەکیان قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گازی کیمیایی، میکرۆبی، ژەهراوی کوشندە و چەکی کلاستەر و ئەتۆمییــە. بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنانە و کاتی پەسەندکردنیان لە ماڵپەڕی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خاچی سوور و هتددا بەردەستن.
ســیاسەتمەدارەکانی سەرمایەداری کە جیهــانیان لە دەســتە، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە جیهان لە ساڵی ٢٠٠٠دا خاڵی وەرچەرخانێك تێدەپەڕێنێـــت: کۆلۆنیالیزم کۆتایی پێدێت، ململانێی نێوان حکومەتەکان کۆتایی دێت و مرۆڤایەتی لە ژێر سایەی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای نوێدا بە ئارامی و لە خۆشگوزەرانیدا دەژی. ئەم وێنەیە بەهۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و بلۆکی سەربازی-ئابووری ڕۆژهەڵات و کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە بەهێزتر بوو. باوەڕ وابوو بە لابردنی ” کۆمۆنیزم”، چیتر بودجەی گەورە بۆ پێشبڕکێی چەك خەرج ناکرێت و حکومەتەکان دەتوانن بە ئاشتی و ئارامی، دوور لە دڵەڕاوکێی جەنگ، پێداویستییە ژیانییەکانی هاووڵاتیان دابین بکەن.
لە هاوینی ساڵی ١٩٨٩دا، فرانسیس فۆکویاما لە گۆڤاری “ناشیونال ئینترێست”ی ئەمریکیدا وتارێکی بڵاوکردەوە، تێیدا سەرکەوتنی بازاڕی ئازاد بەسەر کۆمۆنیزم و “کۆتایی مێژوو”ی ڕاگەیاند. جۆرج بوش لە وتارەکەیدا ئەم ئایدیــایەی وروژاند و ڕایگەیاند: “ســیستەمی نوێی جیهان بیرۆکەیەکی گەورەیە کە لە سایەیدا هەموو نەتەوە جیاوازەکان کۆدەبنەوە بۆ گەیشتن بە خواستی گەردوونی مرۆڤایەتی، واتە ئاشتی و ئاسایش و ئازادی و حوکمڕانییەکەی- یاسا، جیهانێك کە شایەنی هەوڵەکانمانە و شایەنی داهاتووی منداڵەکانمانە.”
زۆر بە زوویی دەرئەنجامی ســیستەمی نوێی جیهان ئاشکرا بوو، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڕوانە: داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای عێراقەوە-١٩٩٠، جەنگی یەکەمی کەنداو- ١٩٩١، هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر یوگۆسلاڤیای پێشوو- ١٩٩٩، داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە وەك تۆڵەسەندنەوە هێرشی ١١ی سێپتامبەر-٢٠٠١، بەهێزبوونی ناتۆ لەڕێگەی پەیوەستبوونی ١٠ وڵاتی پێشووی بلۆکی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ پەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ و دامەزراندنی بنکەی سەربازی لەو وڵاتانە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٤ و هتد.
سەرەڕای ئەم ڕووداوە جەنگیــانە کە چەندی وڵاتی تیا نابوود کراو بە ملێۆنان قوربانی لیکەوتەوە، میدیای ڕاســت دەستی کرد بە ستایشی دەوڵەتمەدارانی “شارستانی” و وەك فریادڕەسانی ئاشتی ناویان بردن؛ تەنانەت لە کاتێکدا ئاگری جەنگ ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندن و بودجەی سەربازی گەورەی حکومەتەکان زیاتر و زیاتر زیادی دەکرد. هەر لەژێر سایەی ئەم سیاسەتە دیماگۆگیانانەدا، کۆمیتەی نۆبڵ خەڵاتی ئاشتی بەخشییە ئۆباما- ٢٠٠٩ و یەکێتی ئەوروپا- ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، وەك ڕێزلێنانێك بۆ “زیاتر لە شەش دەیە خزمەتکردن بۆ پێشخستنی ئاشتی و ئاشتەوایی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ”! بێ ئاگا لەوەی لە ماوەی ئەو دەیان ساڵەی کە کۆمیتەی نۆبڵ ئاماژەی پێکردووە، ئەمریکا گەورەترین وەبەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و فرۆشیاری چەکی سەربازی بووە و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ساڵانە بە بڕی ٢٢٤٠ ملیار دۆلار بەکارهێــناوە بۆ چەکی سەربازی و باشترکردنی توانا جەنگیــیەکان!
بەڵێنێکی دیکەی بەیاننامەی ســیستەمی نوێی جیهان پابەندبوون بوو بە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان و دانانی سزا بۆ ئەو کەسانەی کە پێشێلی دەکەن. بەڵام ئاشکراکردنی تاوانەکانی جەنگ لە زیندانەکانی ئەبوغرێب لە ئێراق و گوانتانامۆی کوبا ئەم پڕوپاگەندەی سەرانی ئەم ســیستەمە خوێــناوییەی کردە دووکەڵ. ئێســتا ئاشکرایە کە ئەو حکومەت و هێزانەی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن لە لێپێچینەوە و دادگاییکردن ڕزگاریان دەبێت و لەبری ئەوە، ئەوانەی زانیــاری پێشێلکارییەکان ئاشکرا دەکەن وەك جولیان ئاسانج و چێڵسی مانینگ و ئێدوارد سنۆدن و ئەوانی تر ڕاودەنرێن و سزا دەدرێن!
ئەمریکا کە زیاتر لە ٧٥٠ بنکەی سەربازی لە ٨٠ وڵاتدا هەیە و لە ماوەی تەمەنی ٢٤٧ ساڵیدا تەنها ١٧ ساڵ لە جەنگ دوور بووە، و خاوەنی زۆرترین پێشێلکاریی یاساکانی جانگ و مافەکانی مرۆڤ بووە، ئەمریکا نەك تەنها ئەندامی “دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان” نییــە، بەڵکو هیــچ بڕیارێکی ئەو دادگایەی تا ئێســتا جێبەجێ نەکردووە، بەڵام کاتێــك دەیەوێت دەستدرێژی سەربازیی خۆی بە یاسایی و ڕەوا دەربخات، پەنا بۆ بڕگەکانی ئەم بڕیارنامانە دەبات، وەک “قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ”! واتە هەمان ئەو کارەی لە کاتی داگیرکردنی عێراقدا کردی.
هەروەها حکومەتی ئیسرائیل چەندین جار لەلایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە ئیدانە کراوە، لەوانەش چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی. تەنانەت دوای هێرشەکەی سەر غەززە (٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨) کە بووە هۆی کوژرانی هەزار کەسی مەدەنی، ڕیچارد گۆڵدشتاین، سەرۆکی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و بە ناوی ئەم ئەنجومەنەوە ئیسرائیل ئیدانە کرا. بەڵام دۆسیەکە بە ڤیتۆی ئەمریکا داخراو هەڵپەســێنرا! حاڵەتە هاوشێوەکان بەلایەنی کەمەوە ٣٨ جار دووبارە بوونەتەوە.
ئەلێکسیس دێساف، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ وێڕای ئاماژەدان بەو بڕیارنامانەی کە بۆ ئیدانەکردنی ئیسرائیل دەرکراوون، ڕایگەیاند: ئیسرائیل هیچ کێشەیەکی نییە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، چونکە پاڵپشتی ئەمریکای لە ئەنجومەنی ئاسایش هەیە”. بە واتایەکی تر، حکومەتی ئەمریکا نەك هەر ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناکات کە لەلایەن ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتیانە دەردەچن، و نەك هەر مافی ڤیتۆ لەسەر بڕیارەکانی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ دەکات، بەڵکو بۆ بەهێزتر کردنی ئیسرائیل ساڵانە ٣.٨ ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی دەکات. دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل (٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣)، ئیدارەی بایدن داوای بڕی یەك ملیار و ١٤ ملیۆن دۆلاری دیکەی کرد. جگە لەوەش بە ناردنی ژەنەراڵی بە ئەزموون و ناردنی چەکی سەربازی مۆدێرن و جێگیرکردنی کەشتی جەنگی، بەرگرییەکی تەواو لە ئیسرائیل کرد.
ئەمجامگیریــیەکان
لەچوارچێوەی “نەزمی نوێی جیهانی”دا، نەك مرۆڤ ناتوانێت بانگخوازی ئاشتی بێت، بەڵکو ناتوانێت هیوای ئەوە بخوازێت کە لە دۆخی قوربانیانی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین، کرانەوەیەك ڕووبدات، یان ئیسرائیل دادگایی بکرێت و سزا بدرێت و سزای قەرەبووی قورسی بەسەردا بسەپێنرێت. بەپێچەوانەوە پێویستە چاوەڕوانی ڕۆژانی تاریکتر و خوێناویتر بین.
پڕۆسەی جەنگ و نائارامی و گەشەی فاشـــیزم ڕەوتێکی بەرەو سەری لە خۆ گرتووە. کێبڕکێی زلهێزەکانی جیهان بۆ هەژموون و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ئابوری و مرۆییەکان و بازاڕ، بەمەبەستی کەڵەکەبوونی زیاتر، لۆژیکی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە لە سەردەمی ئیمپریالیزمدا. بۆ سەرمایەداریی، جەنگ تەنیـــا سەرچاوەی قازانج نییە بەڵکو ڕزگارکەریشە. چونکە بە لەناوبردنی ئیمکانات و ژێرخان و کارگە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، سووڕانەوەی سەرمایە دەکاتە مومکین و قازانجی سەرمایە زیادتر دەکات. سەرمایەداری بە قۆناغی داڕزانی خۆیدا تێدەپەڕێت و بۆنی خوێن و پیسی لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهـــانەوە دێت. دڵخۆشبوون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ نووسراون، تەنانەت مردووەکانیش دەخاتــە پێکەنین.
ئەگەر لووتی ئەم فاشــیزمە لە ئێســتەدا نەشــکێت ئەوا سبەی دۆخی گەلانی تر لە ناوچەکەدا دەکەوێتە بەر مەترسی، بە تایبەت ئەو گەلانەی کە بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی خەبات دەکەن. پەیوەندیــــیەکی داینامیکی بەرژەوەندیخوازانەی گەورە لە نێوان کاراکتەرە ستەمکارەکانی ناوەندی خۆرهەڵاتی ناوەڕاســــتدا هەیە کە لەم بەرژەوەندییـــە داینامکیـــانەدا یەك پشتیوانی خراپەکارییەکانی ئەوی دی دەکەن. بۆ نمونە گەر ببیـــــنین ڕژێمە تاریکترینەکەی مێژووی تورکیــــا (ئەردۆگانیزم) هەموو پشتیوانییەکی بەرەی ڕاستڕەوی ئیسرائیل دەکات و داکۆکی لە بەرژەوەندی هەموو سەرمایەداریـــیە جیهانییــــەکان دەکات و یاری بە ئەگەرەکانی دەکات. لەم پێوەندەدا هیچ کات سڵ لەوە ناکاتەوە لەگەڵ ستراتیژی ئیسرائیلیـــیەکان یەکانگیر بێت بۆ هەمان کردەوە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، ئەم سیناریۆیانە چ لە گەڵ ڕژێمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی شایستەی ڕوودانە چ لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسلامی ئێراق. بۆیە دەکرێت ئەوەی بەرامبەر بە فەلەستینییەکان دەکرێت لەغەزەدا، لە ناوچەکەدا دژی بەلوچەکان و کوردەکان و تەنانەت ئازەری و لووڕەکانیش بکرێت هەر وەك چۆن بەرامبەر ئیزیدییــــەکان و مەســـیحییەکان و فەیلییــــەکان ئەنجام دران.

27/11/2023

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن

گەلەری

ڤیدیۆ

 @2023 – Omerkhatat.com. All Right