Home باسی سیاسی‌کورد لە نێوان هاوپشتی بۆ غەززە و خۆشەویستی بۆ ئیسرائیل.

‌کورد لە نێوان هاوپشتی بۆ غەززە و خۆشەویستی بۆ ئیسرائیل.

by Omer Khatat
0 comments

ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات و تا ئێســتاش بەردەوامە جینۆسایدە، جینۆســایدی گەلیك کە ناوی فەلەســتینە، حکومەتە فاشیستەکەی ناتانیـــاهۆ سەرەڕای پاساوە لاوازەکانی، هیچ هەوڵێکیش نادات بۆ شــاردنەوەی ئەم تاوانانە و پێویستیشی بە پاســاو نیـــیە. جیاواز لە هەموو جینۆسایدەکانی پێشووی مێژوو کە وێــنەکانی دیار نیــن یان کەم دیارن، بەڵام ئێمە ئێســتا لە رێی ڕاپۆرتە وێــنەییەکانەوە سات لە دوای ســات شایەتحاڵی ئەم جینۆســایدەین. ئەوەی ئەم جینۆســایدە جیادەکاتەوە لە جینۆسایدەکانی مێژوو کە هێزێك لە هێزەکان ئەنجامی داوە، ئەوەیە کە لە جینۆسایدی غەززەدا هەموو زلهێزەکانی ئەتڵەسی و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان سەرەڕای جیاوازیی تۆن و پەسەندکردنی هەندێك مانۆڕی دیپلۆماسی، یەك زمانیان هەبوو، ئەویش هاوکاری سەربازی و لۆجیستی و پشتیوانیی تەواوە لەم جینۆسایدە. ئەوەی کە دنیـــا بۆ لە بێدەنگیــدا کەڕ بووە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەم هەموو ڕێککەوتنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیــیانە لە کوێی ئەم کوشت و کوشتارەی خەڵکی سیڤیلدان، دەتوانین لە خوارەوە وەڵامی بدەینەوە:
جەنگی غەززە هاوکاتە لەگەڵ فەوزایەکی ســیاسی کە تەواوی دنیــای داگرتووە. ئەوەی کە بۆ دام ودەزگا و پەیماننامە جیهـــانییەکان توانای وەســتانی جەنگیـــان نییە و تەنـــانەت توانای ناردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ئاو خواردن نییە بۆ خەڵکی ســیڤیلی ئەم ناوچەیە، دەرخەری ئەوەیە کە سەرمایەداریی وەك ســیستەم لەبەردەم قەیرانێكدایە. گۆڕانی هاوسەنگی هێز و گۆڕانکارییە ماددییەکانی سیستەمی جیهانی، بوومەلەرزەیەکی لێکەوتەوە کە تێــیدا، تەواوی دروشم و ئاڵا و گوتار و ڕێککەوتنە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی برد بە ئاسماندا کە زیاتر لە حەوت دەیەیە بەسەر بینای سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا هەڵواسرابوون.  چیتر ئەم پەیماننامە و ڕیزبەندییە کۆنەی سەدەی بیســت ناتوانێت پەیوەندییە تازەکانی سەرمایەداریی لە سەدەی بیست و یەکدا دابین بکات و تەنــانەت ڕێگریشن لەبەردەم هاوسەنگی هێزەکاندا. بۆیە دەوڵەتەکان ئیتر نەك هەر هیچ گوێــیەك نادەنە پەیماننامە و ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پەیوەندییە ئیمپریالیستەکانی پاراستبوو، بەڵکو بچوکترین هەوڵیش نادەن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پێشێلکارییەکان. ئەگەر ئەمریکا بۆ لێــدانی ڕژێمی سەددام بە هەموو هێزی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵدا بوو قەناعەت بکات بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێرشە سەربازییەکەی، ئەوا بۆ لێــدانی ئێران ئەو کارەش پێویست نەبوو.

لە گوتاری سەرسەرییەکانی ســیاسەت وەك ترامپ و ناتانیاهۆدا بە ڕوونی دەبینین کە چۆن توندوتیژی و سەرکوت لە ژێر پەردەی وشەگەلی “ئاشتی” و “ئازادی”دا شەرعییەتی پێدەدرێت. لە دوای ١١ی سێپتەمبەرەوە، ئەم شێوازە، واتە شەرعیەتدان بە توندوتیژی بوەتە جەوهەری ڕژێمەکانی جەنگ. لەم لۆژیکەدا شەڕ بەکاردێت نەك بۆ سەرکەوتن یان کۆتاییهێنان بە دوژمنێك، بەڵکو بۆ ڕێکخستنەوەی هەمیشەیی پێکهاتەکانی هێز لە جیهاندا. ئاشتی لەم چوارچێوەیەدا، بە مانای دیارنەمانی کاتیی توندوتیژی نایەت، بەڵکو درێژەدان بە جۆرێکی دیکەی جەنگە؛ جەنگێك بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی، بەڵام بە هەمان شێوەی جەنگ، کاریگەر و وێرانکەر. کابینە فاشیستەکەی ناتانیاهۆ بە پشتبەستن بە گوتاری جەنگ و ئاسایش هەوڵدەدات قەیرانە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل پەراوێز بخات. دەستەواژەی “جەنگی خۆپارێزی” لای ئیسرائیل کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە گوتاری بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر”دایە، بریتییە لە ڕێکخستنەوەی دوو شت، نەزمی ناوخۆیی و هەژموونگەریی ناوچەیی. ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی جەنگێك دەبینەوە کە مەبەستەکە تەنها ململانێی سەربازی نییە، سەرکەوتنێکی سەربازیی لێرەو لەوێ نیــیە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی بەدەنە سەرکوتەکانی سیستەم. لەم جەنگانەدا، بە پێچەوانەی جەنگە کلاسیکییەکانەوە، نە ئەگەری بنیاتکردنەوەی هەڵگرتووە و نە ئاسۆی نوێ دەخاتە بەرچاو. دووانەی “جەنگ و ئاشتی”، وەك لۆژێکێکی جەنگی کلاسیکی، لە ئێستادا دەبێــتە دوانەی “سیستەم و ئاژاوە”.

کورد و هەڵوێســـتەکان لە جەنگی غەززە

هەرکەســێك ئەدەبیــات و شرۆڤە ســیاسی و فیکرییەکانی ناو ڕۆشنبیری کوردی ئەم ساڵەی دوایی بە تایــبەتی پاش جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە بخوێنێتەوە، سەرنجی سێ جۆر گوتار دەبێــتەوە، یەکەمیـــان، گوتارێکی شۆڤینیستی پرۆ زایۆنیستی کوردییە کە پڕیەتی لە ڕق بەرامبەر بە “عەرەب” و “فەلەستینی” و سەرســامی نیشــاندانە بۆ ئازایەتی سوپاکەی ناتانیــاهۆ و گوتاری ڕاستڕەوی دنیــا بە شێوەیەکی گشــتی. گوتاری دووەم، گوتاری ئیســلامییەکانە بە هەموو ڕەوت و هێزەکانیانەوە، کە پاڵپشــتی خەڵکی غەززەن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەك و یارمەتی بۆ “براکانیــان”. گوتاری ســێهەم، گوتاری ئازادیخوازان، چەپ و سۆســیالیستەکان و مرۆڤدۆســتانی خاوەن ویژدانە کە بۆیـــان گرنگ نیــیە “شوناسی” ستەملێکراو چییە، ئایین و زمانەکەی چیــیە، ڕەنگی پێستی چ ڕەنگە یان ڕەگەزەکەی چیــیە. هاوپشــتی و هاوسۆزیی لای ئەم بەشە لە خەڵکی کوردســتان بێ بەرابەرە و بەشـــێکە لە مۆڕالی بەرزی مرۆڤایەتی.

گوتاری یەکەم: گوتاری ناسیۆنالیستەکان

ئەم گوتارە لە ئاستی خوارەوەدا پڕیەتی لە کاڵفامی ســیاسی و قسەی بازاڕیی و ئەگەر لە ڕووی سایکۆلۆژییشـــەوە لێیبڕوانین، خۆبەکەمزانیــنی ئەو بەشەمان بۆ دەردەخات بە تایــبەتی کاتێــك “بێــبەشی” کورد دەبەســتێتەوە بە ژێردەســتیی مێژوویی کورد لە ژێر دەســتی “عەرەب” و “فارس” و “تورك” و ڕزگاربوونیشی دەبەســتێتەوە بە قەلەندەریی هێزە فاشــیتەکانەوە کە ئەوان دەتوانن مافی کورد دابیــن بکەن. لۆژیکێکی هەژار کە لە دەسەپاچەییەوە سەرچاوە دەگرێت.

کورد بە تایــبەتی لە باشوور ساڵەهایە لە ژێر دەســتی فاشیزمی عروبی بەعســیدا دەچەوســێنرێتەوە و ئێســـتاش لە ژێر دەســتی فاشیزمی ناوخۆییدا دەناڵێنێت. کەســایەتی مرۆڤی کورد لەم دەڤەرە بە تەواوەتی تێکشــکاوە. ئەگەر چەمکی “مرۆڤ” جەختێکە لەسەر بناغەی بایۆکۆمەڵایەتی، ئەوا چەمکی “کەسایەتی” بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە لایەنە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیەوە، وەك هەستی کەرامەت، تەقدیردانان بۆ خۆ، بەهاکانی، بیروباوەڕەکانی کە لەسەری دەژی، پێگەی ئەخلاقی، جوانیناسی، کۆمەڵایەتی-سیاسی، قەناعەتەکانی و ئایدیاڵەکانی، کارەکتەری، تایبەتمەندییە فیکرییەکانی، شێواز و سەربەخۆیی بیرکردنەوەی، سروشتی سۆزداریەکەی، هێزی ئیرادەی، هەستەکانی و پێگە کۆمەڵایەتیەکەی… هەموو ئەمـــانە لای خەڵکی کورد یان نەماوون یان تێکشــکێنراوون. لە بوونی دۆخێکی لەو شێوەیەدا مرۆڤ یان پەنا بۆ ئاســمان دەبات یان پەنا بۆ ئەو ئایدیایــانە دەبـــات کە قورســایی ئەو تێکشکانەی لەسەر کەم بکەنەوە و بۆ چەند ســاتێکی کەمیش بێت ئارامی بدەنە دەروونی. سەرکوتی دەسەڵات لە لایەك و ڕەشبیــنی لە بەرامبەر توانای ڕزگاربوونی لە ستەم و چەوسانەوە لە لایەکی ترەوە، ئەو دوو زەمیــنەیەن کە بەشــێك لە خەڵکی کوردســـتان پاڵ پێوە دەنێــت بۆ ئایدیا ترســناکەکان لەوانە ڕاســیزم و شۆڤینزمی قەومی. ڕقبوون لە عەرەب- فەلەســتینی، فارس و تورك و پیــاهەڵدان بە ئیســرائیل و ئەمریــــکا کە دەتوانن، “کورد بپارێزن” و دوژمنەکانی کورد لە ناو ببەن و نەتەوەی کوردیان بۆ دامەزرێــنن لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەگەر ئەمە وێــنەی ڕەهەندە گشــتییەکەی خوارەوە بێت، بەڵام لە ناو ئەم ڕەهەندە گشـــتییەشدا قەڵەم و ســیاسەتمداری ناسیونالیستی و پڕۆزایۆنیش دەبیــنیت کە کار لەسەر بەهێزکردنی ئەم شۆڤینیزمە دەکات و بە زمانێکی ســیاسی تر دەڵێت و دەنووســێت کە کورد بۆ بەدەســتهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەبێت خۆی بخاتە باوەشی زایۆنیزمەوە. باسە ئایدیالیســتیەکانی ئەم نووسەرانە هیچ لۆژیکێــکی عەقڵی و فەلسەفی و مێژوویی قبوڵی ناکات، باسی “مێژووی هاوبەش”، “دوژمنی هاوبەش”، “ژانی هاوبەش” و “چەوسانەوەی هاوبەش” لە نێوان و جوو و کوردا و لەسەر دەســتی دوژمنەکانیـــان (عەرەب و ئیســـلام) دەبێــتە ئەو باسە بێ بنەما و خەیاڵیـــانەی کە تەنها لە فەرهەنگی زایۆنیستەکان و بزووتنەوە ڕاســتەکاندا دەبینرێت.

لە بنەمادا تێکەڵ کردنی پرسی کورد کە پرسی نەتەوەیەکی جێگیر و مێژووییە لەگەڵ پرسی ئایـــینێك کە جووایەتییە، جۆرێکە لە سوکایەتی کردن بە پرسی کورد و هێـــنانەخوارەوەی پرســێکی ئەنتۆلۆژی- مێژووییە بۆ پرســێکی ئایدیالیستی-نامێژوویی (ئەمە دەرگای باســێکی فراوانترە کە لە فرسەتێکی تردا ئاوڕێکی لێـــدەدەمەوە).

پاڵنەرە ئایدیۆلۆژی و ســیاسییەکان

بێگوومان بۆ ڕەوتی ناسیۆنالیستی کوردی، هاوپشــتی لەگەڵ ئیسرائیل یان خۆشەویست کردنی زایۆنیزم لای خەڵکی کورد هەورێك نیــیە لە ئاسمانێکی ســافدا. ڕووداوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاســت و داڕشــتنەوەی سەرلەنوێی نەخشەی ئەم ناوچەیە لە لایەن هێزە سەرمایەدارییە گەورەکانەوە، فرسەتی داوە بە دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل ببێــتە هێزێکی هەرێمی کاریگەر. لێــدان لە ئێران و تێکشــکاندنی باڵەکانی لە لوبنان و ناوچەکە و هەڕەشەی شەرمنۆکانە لە تورکیا و جار جارە نیشاندانی بزە و سۆزێك بۆ کورد، ختووکەی ئەم ناســیۆنالیزمە دەدات لە ناوچەکەدا و بە تایــبەتی ناسیۆنالیزمی کوردی کە هەموو هێلکەکانی بخاتە ناو سەبەتەی ئەم بەرەیە و هاوسۆزی و هاودەنگی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و خۆشحاڵبوون بە جینۆســایدی فەلەســتینیەکان بە ئاشکرا ڕاگەێنێـــت، ئەها بەشکم ئیسرائیل و ئەمریکا لوتفێك بکەن و کورد بکەنە دەوڵەت. واتە ناسیۆنالیستەکان پێمان دەڵێـــن لە جیـــاتی خەبات و تێکۆشـــان بۆ لابردنی ســتەمی میللی لەسەر خەڵکی کوردســــتان، دەبێ چاوەڕێی پاڕانەوە و چوونە بەرەی فاشــیستە جیهانی و ناۆخۆییەکان بیــن. ئەمە قومارێکی گەورەیە ناسیۆنالیزمی کورد بە پرسی میللی دەیکات لە کوردســـتان و تێکشــکاندنی دەروونی و ســیاسی و خەبات و هێزی ئێرادەی خەڵکی کوردســتانی لێدەکەوێتەوە.    

شێوازەکانی هاوپشــتی لەگەڵ ئیسرائیل و دژایەتیکردنی “فەلەســتینی- عەرەب- ئیســلام” هەمەجۆر و پڕ مۆتیڤی جۆراوجۆرن. لە پاڵ وتار و هەڵوێســتی هەڵدان بە مێژووی زایۆنیزمدا (بێگوومان بە هێـــنانەوەی بەڵگەی ئایــینی و ئایدیالیستی کە هیچ ئیعتیبارێکی زانســتیان نیــیە)، وێــنە و کاریکاتێریش لە دووانەی هاوپشـــتی و دوژمنایەتی بەدی دەکرێن، مرۆڤ دەتوانێت ئەم هەڵوێســتانە ببیــنێت: “شارستانی بەرامبەر دڕندەیی”، یان “ڕووناکی بەرامبەر تاریکی” یان “خۆشەویستی بەرامبەر بە ڕق”. ئەم قســانە بەکاردەهێنرێن بۆ جیاوازی کردن لە نێوان دوو “لایەنی جەنگکەر” لە غەززە، ئیسرائیل وەك نوێنەری خۆشەویستی و ڕووناکی و شارستانیەت پیشان دەدرا، حەماسیش وەك نوێنەری تاریکی و ڕق و ناشارستانییەت.

یەکێك لە شێوازەکانی تر، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردســتان و ئاڵای ئیســرائیل بوو چ لە خۆپیشــانەکاندا یان لە ڕێی سۆشیالمیدیاوە، بەرزکردنەوەی ئاڵای هاوبەش، میتافۆرێکە بۆ هاوپشــتی و چارەنوسی هاوبەشی نێوان کورد و ئیسرائیل. گێڕانەوەی هاوپشتییەکی سنوربڕە کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە قوربانیدان و ئازاری هاوبەشی نێوان کورد و ئیسرائیلدا وێنا دەکرێت. هەردوو نەتەوە وەك قوربانییەکی مێژوویی و هاوچەرخ وێنا دەکرێن کە لەلایەن دوژمنە هاوشێوەکانەوە گیرۆدەی بوون. ئاڵای هاوبەش یانی هەستی شوناس و خەباتی هاوبەش دێت.

بەڵام پارادۆکســێکی پێکەنیـــناویش لە هەڵوێســتی ناسیۆنال-زایۆنیســتەکانی کورددا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە ئەمـــان لە کاتێکدا دژی ئەو فاشیزمانەن کە کوردیان چەوساندۆتەوە واتە فاشیزمی(عەرەب، فارس و تورك)، دەبیــنین کە فاشیزمی ئێرانی کە ئێســتا لە کارەکتەری ڕەزا پەهلەویدا خۆی نیشــان دەدات بە هەمانشێوە پاڵپشــتی دەوڵەتی ئیسرائیلە. یانی ناسیوناڵ-زایۆنیســتی کورد و ناسیۆناڵ- زایۆنیستی فارس لە خاڵێکی هاوبەشدا یەکدەگرنەوە، ئەویش پاڵپشــتی کردنی زایۆنیزم و جینۆســایدی فەلەســتینییەکانە، هەڵوێســتێك کە وەك پەڵەیەکی ڕەش لە مێژوودا بۆیـــــان دەنووسرێت.

ڕەزا پەهلەوی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی سەرەکی لە نێو ئەو کەسانەدا جێگەی بایەخ و پشتیوانییە کە حەنینێکیان هەیە بۆ سەردەمی پاشایەتی ڕەزاشای باوکی. ڕەزا پەهلەوی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، واتە چەند مانگێك دوای سەرهەڵدانی شۆڕشــی “ژن، ژیان، ئازادی”، سەردانی ئیسرائیلی کرد، ئەو لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا؛ ئیسرائیلی وەك “وڵاتێك کە نموونەی دیموکراسییە کە ئازادی و هەڵبژاردنی تێدایە” وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە “گەلی ئێران” بە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل دڵخۆشن و ئێرانییەکان و ئیسرائیلییەکان دۆستی دێرینن!

ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە ئێرانییە کە ڕەزا پەهلەوی نوێــنەرایەتی دەکات جەخت لە میراتی پێش ئیسلام دەکات کە بەردەوام وەك سەرچاوەی ڕەسەنی ناسنامەی ئێرانی (ئێرانیبوونی ڕەسەن) وێنا دەکرێت و نەتەوەی (خەیاڵی) بە گەورەیییەکی ڕابردووەوە دەبەستێتەوە بە ئایندەیەکی عەلمانییەوە کە رێی ئەمەوە زیندوو دەکرێتەوە. بۆ نموونە ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی چاوپۆشی لە بوونی سەد ساڵەی ئیسلام و تێکەڵبوونی کولتوور و مێژوو ئیتنیکەکان لە ئێران دەکات و لەبری ئەوە سوود لە توخمەکانی کولتور و مێژووی پێش ئیسلام وەردەگرێت. تەنـــانەت هەندێك لە نووسەرەکانیان لایانوایە کە “زایۆنیزم میراتی کۆروشی مەزن و میراتی نیشتیمانی ئێرانییەکانە” بۆیە نۆستالژیا بۆ کۆروش تێکەڵ دەبێت لەگەڵ نۆستالژیا بۆ سەردەمی دواتری پەهلەوی.

شێوازی دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ئیسرائیل لای ناسیۆنال-زایۆنیستی کورد بە هەمان ڕیتمی پەهلەوی بریتییە لە ناسینەوەی دوژمنێکی هاوبەش و ئازارێکی هاوبەش، کە هەستکردن بە هاودەنگیی نێوان ئەو دوو گرووپە بەهێزتر دەکات و یادەوەرییەکی بەکۆمەڵی خەیاڵی و نەتەوەسازییەکی نۆستالژیکی ئامادە دەکات کە جەخت لەسەر پەیوەندییەکی مێژوویی-سیاسی لە نێوان ئەو دوو گەلە دێرینە و وێنایەیەکی ئیتنیکی بۆ تایبەتمەندییەکانی کوردســتان و ئیسرائیل دەکێشێت. ئەم گێڕانەوە ناسیۆنالیستییە لە هەردوو گوتاری ئیسرائیلی و کوردیدا دەنگدانەوەی هەیە. هەریەکەیان لە ڕێگەی ئەو هەستە تایبەتمەندییەوە شانازی دەکەن بەم  پەیوەندییە و بە “نیشتمانەوە”. ئەم هەستە هاوبەشە کە بەستراوەتەوە بە مێژوو و شوناسی ڕەگەزیی هەردوو گەلەوە، لە پێگەیەکی ناوازەدا دایاندەنێت.

لە مەودوا ناسیۆنال-زایۆنیســتە کوردەکان بۆیان نیــیە ڕەخنە لە هیچ جۆرە فاشیزمێك بگرن، نە عەرەبی، نە فارسی و نە تورکیش چونکە هەڵوێســتە سیاسی و فیکرییەکانیــان لە ناو هەمان گوتاری فاشیزم خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، نە خەمخۆریی بۆ کورد و پرسە ڕەواکەی.

گوترای دووەم: گۆتاری ئیســلامییەکان

ئیســـلامییەکانی کورد لە ڕێی هەڵوێســت و پراکتیکی ســیاسیانەوە، دژی ئیســرائیل و پاڵپشــتی ماددی و مەعنەوی فەلەســتینیەکانن. لە ئێســتاشدا خەریکی کۆکردنەوەی پارە و ئامادەکردنی خواردن و پۆشــاکن بۆ برا موسڵمانەکانیـــان کە دووچاری ئەم جینۆســایدە بوون.

هەڵوێســتی ئیســلامییەکان، هەڵوێستێکی ئاییــنییە زیــاتر تا مرۆیی، ئەوە مۆتیڤی “ئیمـــان”ـە سەرچاوەی هاوپشــتی و هاوسۆزیــیانە بۆ ئەو فەلەســتینیانەی کە لەلایەن سوپاسی ئیسرائیلەوە جینۆســایدێك دەکرێن. بۆیە دەتوانرێت هاوپشــتییەکەیان وەك “لوتفێکی ئیمانی” ناو ببرێت نەك هاوپشــتی. هاوپشــتی کردەیەکی بێ بەرامبەرە، هەســتێکی مرۆییانەیە کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە و کار دەکات. بە دەیان هەزار لە خەڵکی ئازادیخوازی ئەوروپا و ئەمریکا دێــنە سەرشەقامەکان و بە دژی ئەم جینۆســایدە هەڵوێست وەردەگرن، زۆربەیان ڕەنگە هیــچ ئایینیێکیشــان نەبێت.
ئەوەی ئیســلامییەکان بۆ غەززە دەیکەن، بۆ عەفرین و شەنگال و بۆ کوردانی رۆژهەڵات لە شۆڕشــی ژیـــنادا نەیانکرد. نەك هەر کۆمەکیـــان کۆنەکردەوە بەڵکو ئیماندارییەکەیان ڕێ نەدان کە ڕێکخراوێکی مرۆڤ کوژی وەك داعش و نوسرە تەکفیر بکەن!

“لوتفی ئیمانی”ی  ئیسلامیییەکان بۆ غەززە و فەلەســتین، ناتوانێت تەنانەت پرەنسـیبێکی جێگیریش بێت. فەلەســتین بۆ تەواوی بزووتنەوە ئیسلامییەکان تەنیــا مەیدانێکی بچووکی بەرەنگداربوونەوەیە. هەردوو مەزهەبەکە (شیعە و سونە) کۆکن لەسەر بوونی دوژمنێکی هاوبەش. گروپە سوننەکان وەك قاعیدە و داعش و حەماس و حەیات تەحریر شام و گروپە شیعەکانیش وەک حزبوڵڵا و حوسی و فاتمیەکان و ئەنسار الله و هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دوژمنی سەرەکی ئەوانن. جیاوازییەکە تەنهــا لەسەر ئەولەویەتی جەنگە دژ بەم دوژمنانە. هەندێك لە گروپە سوننەکان لایانوایە کە ئەولەوییەتی جەنگ دەبێت دژی سەرکردە عەرەبەکانی خۆیان بێت. سەرکردەکانی داعش بە هۆی پابەندبوونیان بە “عەقیدەی ئەولەویەتەکان” چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئەوان نایانەوێت لە ئێستادا جەنگی ئیسرائیل بکەن، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی عەرەب بە ئەولەویەتی خۆیان دەزانن، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ کۆتا جەنگ لە دژی ئیسرائیل. لەبەرامبەردا گروپە شیعەکان خاوەنی یەك مەرجەعییەت (الولي الفقيه) و یەك سەرکردایەتی (ئێران). ئامانجی ئەمان ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە نیە کە لە ئێران هەیە بەڵکو دوژمنی سەرەکی ئەوان (ئیسرائیل)ــە. سەرەڕای خاڵی جیاوازی ئەم گروپە جیاوازانە بەڵام هەردوولا لە پەیوەندی ڕێکخراوەیی خۆیان پابەندن بە مەرجعیەتی سەرکردایەتی خۆیانەوە. هەردوو گروپ لە لە قسەکردن و هەڵوێستە جیهادییەکانیاندا و بۆ بەدەستهێنانی جەماوەر و لایەنگران، بانگەوازی ئازادکردنی قودس بەرزدەکەنەوە. هاوکات پرۆژەی هەردوولا دامەزراندنی خەلافەتی جیهانییە کە خاکی فەلەستین تێدەپەڕێنێت. بۆ ئەم پرۆژەیە فەلەستین خۆی گرنگ نیــیە، بەڵکو بەشێکە لە خەلافەت. سەرکردەکانی حەماس پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە فەلەستین بۆ ئەوان گرنگ نییە لەسەر نەخشە، چونکە فەلەستین لە پرۆژە جیهانیەکەیاندا داشێکی بچووکی یارییە گەورەکەیە.
بەدەر لەمانەش هیچ کەســێك گەرەنتی ئەوە ناکات کە ئەم کۆمەکانە بۆ حەماسە یان خەڵکی برسی غەززە؟ ئیســلامییەکان سەدان جار بە ناوی کەیسی مەزڵومییەتی جۆراوجۆرەوە پارەیەکی زۆریان کۆکردۆتەوە و نێردراوە بۆ ڕێکخراوە ئیســلامیەکان. ئێستاش لە میانەی کۆمەك کۆکردنەوە بۆ غەززە هەقمـــانە هەمان گومان بکەینەوە.
 

گوتاری ســێهەم: هەڵوێستی مرۆییـــانە (هاوپشــتی)

گوتاری ئازادیخوازان، سۆســیالیست، چەپ و مرۆڤدۆســتانی کوردی خاوەن ویژدانە کە بۆیـــان گرنگ نیــیە “شوناسی” ستەملێکراو چییە، ئایین و زمانەکەی چیــیە، ڕەنگی پێستی چ ڕەنگە یان ڕەگەزەکەی چیــیە. هاوپشــتی و هاوسۆزیی لای ئەم بەشە لە خەڵکی کوردســتان بێ بەرابەرە. “هاوپشتی ئۆرگانیکی”، پەرەسەندنێکی سروشتیی کارلێکە کۆمەڵاتییەکانە (دۆرکهایم). تایبەتمەندییەکی حەتمی سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە لە جەوهەریدا ئاووسە بە دژابەرییە چینایەتییەکان.

کاتێك باس لە هاوپشــتی دەکەین، مەبەستمان لە “هاوپشتی مرۆڤایەتییە” یانی هاوپشــتی نێوان مرۆڤ، بە جیا لە دەوڵەمەندبوونی یان هەژاربوونی، ڕەنگی پێستی یان ڕەگەزی، یان ئیتنیکی. گومانی تێدا نییە کە ئەم جۆرە هاوپشــتییە لە ڕابردوو و ئێســتاشا بە تەواوی خوازراو و چارەنووسسازە، بە تایبەت لەم کاتە سەختەی نەوەی ئێمەی تیا دەژی کە جیاوازییە چینایەتییەکان تا بێت فراوانتر دەبنەوە، ڕاســیزم و فاشیزم و سێکسیزم ڕوو لە سەرە. هەڕەشە نوێیەکانی وەك گۆڕانی کەشوهەوا کە ســیستەمێکی چەسێنەر لێی بەرپرســیارە و هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ دەکات لەسەر کۆی هەسارەکە و زیادبوونی جەنگەکان.. هاوپشــتی مرۆیی لەم بارودۆخەدا کردۆتە کارێکی حەتمی، وەك ڕیچارد ڕۆرتی دەڵێت “شتێك لەناو هەریەکێکماندا هەیە -مرۆڤایەتی جەوهەریمان- کە دەنگدانەوەی هەیە لەگەڵ بوونی هەمان ئەم شتە، واتە [هاوپشــتی مرۆیی] لە لای مرۆڤەکانی دیکە.

کردەی هاوپشــتی کردەیەکی خۆبەخشــانەیە و بە دەستهێــنانی ئامانجێك نیــیە. کاتێك “کورد”ێك هاوسۆزی بۆ “فەلەستینی”یەك دەردەبڕێت ئەوا هاوپشــتییەکە بۆ “پرسێك”ــە نەك خاوەنی پرسەکە. من هاوپشتی قوربانییەکانی دەستی حەماسم لە خەڵکی ســیڤیل و بی چەك لەگەڵ ئەوەشــدا دژی جینۆســـایدێكم کە سوپاکەی ناتانیاهۆ لە غەززە پیادەی دەکات. کاتێك گەنجێكی ئەڵمانی یان ئەمریکی هاوپشــتی بۆ ڕۆژئاڤا دەردەبڕێت، هاوپشــتییەکە بۆ “پرسی” کوردە وەك گەلێکی ســتەملێکراو. بوونی بنەماڵە سەرمایەدار و چەوســێنەرەکانی کورد لە حوکمڕانیـــدا، بەربەســتێك نیــیە بۆ ئاکتی هاوپشتی لەگەڵ پرسی کورد کە گەورەترە لە بوونی کۆمەڵێك سەرمایەداری چاوچنۆك کە خەڵکی کوردیـــان ژێردەســتە کردووە. لەم ڕوانگەیەوە هاوپشتی کورد لە دۆزی فەلەســـتین وەك خاکێکی داگیرکراو و ئێســتاشدا وەســتانەوە بە دژی ماشێنی سەربازی ئیسرائیل کارێکی ئەخلاقی و مرۆیی بەرزە کە ئێمە دەبێت هانی بدەین و ئەم ڕۆحــــییەتە بڵاو بکەینەوە کە خەڵکی کوردســتان سەرەڕای ژێردەســتەبوونی لە ژێر دەســتی فاشــیستەکانی ناوچەکە، هێشــــتا ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕانەی تێدا نەکوشتووە و دەتوانێت لەگەڵ مرۆڤە هاوچارەنووسەکانی دەرەوەی خۆیــدا هاودەنگ بێت.

هاوپشــتی مرۆیی جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ “هاوپشــتی ئیمانی” کە ئیســلامییەکان پیادەی دەکەن. ئەوەی یەکەم لە پڕەنســیبێکی مرۆیی بەرزەوە سەرچاوە دەگڕێت، ڕەنگ و زمان و ڕەگەزە جیاوازەکان دەخاتە لاوە، ئەمەی دووەم مەرجدارە و تەنها دەتوانێت لەگەڵ “گروپی خۆ” کە لە حاڵەتی ئیســلامییەکاندا مانای تەنهـــا موسوڵمانان دێت یەکدەگرێــتەوە.

03.08.2025

لێدوانێک بەجێ بهێلە