63
کارەکەم لە دائیرەی کار کەمێك هیلاککەرە. زۆربەی نووســینی قەراردادی سۆشیاڵ و تەلەفون کردنە بۆ ئەو نەگبەتانەی کە کاریان نیــیە و لەسەر سۆشیالن. ڕۆژی دووسێ جار لە قەتی شەشی ئەو بینایەی کاری لێدەکەم دێمەخوارەوە بۆ جگەرەکێشـــان. ڕەنگە جگەرەکێشــان لە دۆخی کارەکەی مندا باشترین خوی خراپ بێت کە کەمێك لە سترێسی کارەکەم کەم دەکاتەوە.
ئەمڕۆ وەك هەموو جارێك هاتمەخوارەوە و لە ژێر پیرەداری ژێر بیناکەماندا لۆی دانیشتم و جگەرەیەکەکم داگیرســـان. لە مژی چوارهەمدا بووم لە پڕ پیکابێکی بارهەڵگر بە لاما ڕەت بوو، بینیـــم ئەم عەلادیــنە و دووسێ پاسکیلی شكاو و هەندێ شت و مەکی تری لێبار کرد بوو. کە عەلادینم بیــنی چاو و دەمم داچەقان.. ئێ بە ڕاســت ئەوە عەلادینەکەی خۆمـــانە کە پەنجا ساڵێك پێش ئێســـتا لەسەری کەوگیرێکیان لەسەرما شـــکاند. ئا خۆیەتی. باشە لەم وڵاتە چی دەکات، تۆ بڵێی هەر عەلادینەکەی ماڵی خۆمان نەبێت و رایکردبێت و هاتبێت بۆ ئێرە؟
هەنگاوەکانم تووندکردنەوە و شوێن ئۆتۆمبیلەکە کەوتم، ئەمزانی ئەو سەری ڕێ دەرناچێت و ناچار لە شوێنێکدا دەوەســتێت، هەرواش دەرچوو. ئۆتۆمبیل وەســتا و منیش خۆم گەیاندە لای کابرای شوفێر. کابرایەکی پەنجا ساڵەی نەرویجی ڕوو خۆش بوو. سڵاووم لێکرد و ووتم ئەمەت لە کوێ بوو. ووتی هی ماڵێکە بۆیــان فڕێ دەدەم. ووتم دەســتم دامێنێت من دەتوانم لێتی بکڕم، یادگاریی نایابم لەگەڵ ئەم عەلادینە هەیە. ووتی ئینجــا کڕینی بۆچییە، بیــبە و وەك شیری دایکت پێت حەڵاڵ بێت. منیش لە خۆشــیدا دەسکی عەلادیــنەکەم گرت و بەرزم کردەوە و سوپاسێکی گەرمی کابراشم کرد. چ شانسێك بوو ئەمڕۆ بۆ من باری، هەســتم کرد یانەســیبێکی باشم بۆ دەرچووە.
جا بەزمی من و عەلادین کۆتــایی نایەت. عەلادین باشترین سپلیتی زەمەنی منداڵی من بوو. میوانی هەمیشەیی هەموو ماڵە هەتیو و هەژارەکان بوو، بێگوومــان ماڵی ئێمەش. وەك لادای جاران زۆر شتی پێدەکرا، چێشــتی لەسەر لێدەنرا، ئاوی لەسەر گەرم دەکرا، بەڕووی لەسەر دەتەقێنرا، جلی پێووشك دەکرایەوە و جارجارەش ئاگات لێنەبوایە جلەکانی دەسوتاند. بێجگە لەو کار گرنگانەش جار جارە هەر بۆخۆشی وئەو کاتانەی لە دەوری کۆدەبووینەوە كڵمی لوتمان دەنا بە دیوارە گەرمەکەیەوە، لە پڕ دەبووە بڵق و دەتەقی، ئێمەش لە خۆشــیدا کەیفمان دەکرد، یان چاوەکەیمان کوێر دەکرد.
بەڵام بێ کێشەش نەبوو، تا پڵیتەیەکی باشت دەست دەکەوت ڕۆحت دەردەچوو، پڵیتەکان لە ئێرانەوە دەهاتن و زۆربەیان کواڵیتیــان باش نەبوو، ئەبوایە زوو زوو ئوتومان بکردنایە بۆ ئەوەی دووکەڵ نەکات و غاز لێمان نەدات و نەمان کوژێت.
زســتانێکی سەختی کۆتایی ساڵەکانی حەفتاکان بوو، لە ناو حەوشەیەکی گەورەدا دەژیـــاین. خاوەن ماڵەکەمان ناوی حاجی سەعی خەراجیانی بوو. کابرایەکی ڕەش داسی باڵابەرز بوو، بیست و چوار سەعات جگەرەی زەلی دەکێشـــا، باوەڕتان بێت کۆکەشی بۆ نەدەکرد. ئەو کاتە تەمەنی هەشتا و پێنجی تێپەڕاندبوو. لەو حەوشەیەدا و لەگەڵ ماڵی ئێمەدا چوار ماڵی هەژاری تری تیـــا دەژیـــا. باوکی من کرێکار بوو، مانگی دوو سێ جار دەکەوتە ماڵەوە. کرێکاریی کوورە بوو لە قلیاسان، کاری خشتبڕین بوو، ئەو ڕۆژە بەکری برام لە قوتابخانە بوو. ماڵەکە تەنهــا من و ئەختەری خوشکمی لێ بوو. ئەختەر نازانم لەو کاتەدا لە کوێ بوو. چوومە ژورەکەی خۆمانەوە و بیــنیم عەلادین ماڵی گەرم کردووە و دەبەیەك نەوتی پێنج لیتریش لە تەنیشتیوەیەتی، دیار بوو ئەختەر نیــاز بوو نەوتی تێ بکات. دەرگای ژوورەکەم داخســت و نەوتم کرد بە عەلادیــنەکەدا، گڕ بەرز بوەوەوە و منیش وەك هیــندە سوورەکان بە چواردەوریدا هەڵدەپەڕیم. حەوشە پڕ بوو لە دراوسێ. حاجی سەعی و ئەختەر تووند لە دەرگایان دەدا و دەرگاش قفڵ کراوە، هاواریان دەکرد دەیانووت دەرگا بکەرەوە، ئێ منیش مێشكم فیوزی کردبوو. وەك پشیلە خۆشی و ترسم تێکەڵ کردبوو. لە پڕ وا بزانم حاجی سەعی بوو لەقەیەکی لە دەرگاکە دا و بۆم هاتــنە ژوورەوە. حاجی سەعی خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوو ئەختەریش خەریکی گرتنی من بوو. وەك جوانە تانجی بە پێی پەتی دەرچوومە دەرەوە و ئەختەریش بە کەوگیرێکەوە بە شوێنما. دنیــا تەڕ بوو، دوێنی شەو و ئەم بەیانییە بارانی باش باری بوو. لە حەوشە دەرچووم و ئەختەریش وەك فیراری شوێنم کەوت، تەنها سێ ماڵم تێپەڕاندبوو گەشتە سەرم و لە پشتەوە کەوگیرێکی فافۆنی لەسەرما چەقاند، کەوگیر لە تاو هێزی دەستی ئەختەر و ڕەقی کەلـلەسەرم، ملی شکا و بەس دەسکەکەی بە دەست ئەختەرەوە مایەوە. ئەوە من سەرم قرنجاوە و هاوارمە، ئەختەریش بە سەرمەوە نەوەســتا و پڕی دایە گوێــم و تا ماڵەوە بە گوێ ڕایکێشـــام، نازانم ئەو گوێــیە بەستەزمانە، چۆن دەرنەهات. لە ماڵیشەوە لەبەرچاوی دراوسێکان دەستێکی باشی پێکردم، کەس نتقی لێوە نەهـــات، ئەتووت سەیری تەلەفزیۆن دەکەن. پاش هاوار و لاڵانەوە و تۆبە کردن کە گووم خوارد جارێکی تر دووبارەی ناکەمەوە، ئینجا وازی لێهێـــنام. هێشــتا ئەم لێدان و گوێ بادانە بۆ من وەك ئاو خواردن وابوو، ترسی من ئەوە بوو باوکم بزانێت، ئەو کات کەوگیرەکەی ئەختەر دەبووە حەڵوا.
ئەمڕۆ عەلادیـــنە بۆر نۆســتالیژیایەکی بە لەزەتی پێبەخشیم. سوپاس بۆ کاك عەلادین