بڕیارە ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و پرۆسەی هەڵبژاردن ٣٢٩ ئەندام بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واتە پەرلەمان دیاری دەکات، کە ئەوانیش بەرپرســن لە هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و پێدانی متمانە بە حکومەت.
عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە پاش کەوتنی بەعس و گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن هێزگەلێکی کۆنەپەرستی خێڵەکی و عەشیرەتی و ناسیونالیستییەوە، ڕووبەڕووی قەیرانێکی بونیادی لە سیستەمی سیاسیدا بووەتەوە. ئەم قەیــرانە لە کۆنترۆڵکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بە پشکی تائیفی و عەشایەری و دڵسۆزی دەرەکی و گۆڕینی “پرۆسەی دیموکراسی” بۆ فۆرمێکی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و گەندەڵی خۆی دەرخستووە.
ئەم فیلمە گاڵتەجاڕیــیە هەموو چوار ساڵ جارێك خۆی نمایش دەکرێتەوە. وا ئەمساڵیش جارێکی تر گەمەی سیاسی فریودانی خەڵك لە ڕێگەی ساختەکاریی دیموکراسی پەرلەمانی بۆرژوازیەوە لە ئارادایە. هەموو حزبە پەرلەمانیەکان سەرقاڵی ئیدارەدانی دۆزی زەبەلاحی تلیاکی پەرلەمانتاریزمن بە جەماوەر. بەڵام ئەمســاڵ پەتای پەرلەمانتاریزم کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیشی ڕاپێچی ئەم یاریە قێزەوونە کردووە و بەو قەناعەت گەیشتوون کە ئەم تەکتیــکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بردنەپێشەوەی ململانێی چینایەتی و بەدەستهێــنانی مافەکان.
منیش تا ئەو کاتەی کۆمۆنیستی کرێکاریی بووم لە هەندێ شوێندا لاموابوو وەك ئەم هاوڕێـــیانەی ئێستا کە ئێمە دەتوانین نەك لە پەرلەمان بەڵکو لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بین و دەنگ وگوێــیەکی کۆمەڵایەتی گەورەترمان بۆ بیستن پەیدا دەبێت، بەڵام ئێســتا ئەو قەناعەتەم نەماوە.
لە گشتدا، دژایەتی نێوان سروشتی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی ئایدیا کۆمۆنیستەکان لەگەڵ واقیعی سیاسی عێراق کە لەسەر بنەمای پێکهاتەیەکی کۆنەپەرستانە دامەزراوە کە ناسنامەی تایفی و عەشیرەتی بەسەریدا زاڵە، دژایەتییە لە نێوان دوو ئەلتەرناتیڤی دژبەیەك. بە فەرز وەرگرتنی ئەم دژایەتییە بە نەزەری ئیعتیبار، بەشداریکردنی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان لە پەرلەماندا لە هەوڵێك دەچێت بۆ کارکردن لە چوارچێوەی سیستەمێکی داخراودا، هەر هەوڵێکی لەم چەشـــنە، کۆمۆنیستە کرێکارییەکان دەگۆڕێت بۆ تەنیا ئامرازێکی جوانکاری دیموکراسی لە سیستەمێکی نادیموکراسیدا.
ئەرگومەنتەکانی بەشداری کۆمۆنیستە کرێکارییەکان چین؟
کورتەی ئەرگومنتەکان لەم خاڵانەدا کۆدەکرێتەوە:
- [تاکتیکی حزب لە پەیوەند بە هەڵبژرادنەکانەوە گۆڕاوە]. دەڵێن ئێمە هیچ کاتێك بەشداریکردن لە هەڵبژاردنمان رەتنەکردوەتەوە وە ئەمە بە پێی هەلومەرجی سیاسی دەگۆڕێت؟
چاکە، دەکرێت بپرسین چی گۆڕاوە؟ لای ئەم هاوڕێــیانە هیچ نەگۆڕاوە و پەرلەمان هەر ئەو دەزگا سیاسییە بۆ بەرهەمهێنانەوەی سیستەمێکی چەسێنەرانەی سەرمایەداری! ئەی بۆ بەشدار دەبن: [بەشدار دەبین چونکە کۆمەڵگە لەم پرۆسەیەدا قوتبی دەبێتەوە! ئێمەش لەم ڕێگەیەوە دەتوانین نوێنەرایەتی کرێکار و جەماوەری خەڵك بکەین و لە “مایکرۆفۆنی پەرلەمان” کەڵك وەربگرین].
جارێ ئەوەی کە کۆمەڵگە قوتبی دەبێــتەوە، وا نیــیە، پەرلەمان لەسەر پەرلەمان دروست دەکرێت و کۆمەڵگە نەك قوتبی دەبێتەوە بەڵکو ئەوەندەی تر بە ناخی زەویدا دەچێ. خەڵك بە گۆشت و خوێن لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم هێزە ڕەشـــانەدا تەجرەبەی کردوون هەر بۆیەش ڕێژەیەکی زۆرتر لە نیوە هیچ ساڵێك بەشدار نابن. ئەم قسەیە، “قوتبی بوونەوە”، قسەی چەپێکە کە کۆمەڵگە نەك ناناسێت بەڵکو بە چاوی کتێب و چەمکەوە لە دنیــا دەڕوانێت. دەڵێ کەڵك لە مایکرۆفۆنی پەرلەمان وەردەگرین. دیســان کەسێك گوێی لێبێت دەڵێ ئەم هاوڕێــیانە لە نۆسەد و بیستی سەدەی پێشوودا ژیــان دەکەن، نازانن کە کۆمەڵگەی سۆشیالمێدیـــای ئێســتا سەدبەرابەری سەدەی پێشوو مایکی هەیە، تەلەفزیۆنی تێدایە و سەد بەرابەرای مایکەکانی ناو پەرلەمان کاریگەرترە.
- [کۆمۆنیزم دەبێ لە هەموو مەیدانێکدا ئامادەیی هەبێت و بجەنگێت لە پێناو ماف و بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار، مەیدانی پەرلەمان مەیدانێکی گرنگ و گەرمی ســیاسییە بۆیە دەتوانین سودی لیوەربگرین…].
کایەی پەرلەمانی مەیدانێکی گرنگ و گەرمی ســـیاسییە بۆ حزبە بۆرژوازییە ڕەنگاو ڕەنگەکان. بۆ کۆمۆنیستێك پەرلەمان یەکێــکە لەو سەرخانە گرنگانەی کە دەبێ تێکبشکێنرێت و لە جێگەیدا دەسەڵاتی هەرەوەزیـــانە لە خوارەوە دابمەزرێت. شۆڕش لە کۆشکەوە دەستپێناکات، بەڵکو لە گەڕەکە هەژارەکانەوە کە خەڵکەکەی بڕیار دەدەن بە کەرامەت بژین- ڕ. لۆکسیمبۆرگ.
- [بوونی فراکسیۆنیکی کۆمۆنیست لەناو پەرلەمانیشدا دەتوانێ هۆڵی پەرلەمانیش بکاتە مەیدانی جەنگ لەسەر مافەکانی خەڵك. دەتوانێ کۆسپ و لەمپەر لەدژی دەرچواندنی یاسای کۆنەپەرستانە ساز بکات و مەیدان چۆڵنەکات لایەنە بورژوازیەکان بەئاسانی کارنامەی چەپەڵی خۆیان بەرەوپێشبەرن…]. ئەمەش تەنیا خەیاڵێکی ئایدیۆلۆژییە و ڕەنگدانەوەی تەنیا خۆشخەیاڵی نیــیە، بەڵکو سەرچاوەکەی وونکردنی قیبلەنومای خەباتی فیکری و سیاسیی چینایەتییە.
ئەمە کورتەی ئەو ئەرگومەنتانەیە کە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان خستویانەتە روو. پارادۆکسێك کە لە قسەی ئەو هاوڕێــیانەدا هەیە ئەوەیە کە ئەوان نە پلاتفۆرمێکی “دژە پەرلەمان”یان گەڵاڵە کردووە و نە کەمپینی هەڵبژاردنیشیان بەڕێوە بردووە وە هەموو ئەم قســانە قسەی فەیسبووکین و لێرە و لەوێ بڵاو دەکرێــنەوە و لاموانیــیە خەڵك ئاگاشی لەم ئاکسیۆنەی ئەمان هەبێت. لایەنێکی تر کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو هاوڕێــیانە بە بێ ئەوەی کەســێك بە ڕەسمی ڕەخنەیان لێ بگرێت کەوتوونەتە وەڵامدانەوە بە کۆمەڵێك جنۆکە کە ئەوان خۆیان ناویان ناوە “چەپی حاشیەیی”، بە زمانێکی زبر و دوور لە هەر داب و نەریتێکی سیاسی و بە پێکەنیــنەوە گاڵتە بە هەڵوێستێك دەکەن کە خۆی دەرنەخستووە و تەنهـــا ڕەنگدانەوەی خەیاڵی خۆیـــانە، پەرچەکردارێکە بۆ ئەگەری ڕەخنەیەك لە داهاتوودا لێیــان دەگیرێت.
ئەزموونی لینین و بەلشەویکەکان و بەراوردێکی نا سیاسیەنە!
بەشداریکردنی پەرلەمانی بۆ کۆمۆنیستە کرێکارییەکان، وەك خۆیـــان دەڵێن، ڕێگەیەکە بۆ گەورەکردنی دەنگی خۆیان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و جەماوەری بەشمینەت لە ناو دامەزراوەیەکی بۆرژوازی فەرمییەوە. بۆ ئەم کارە پەنا دەبەنە بەر ئەزموونی لینین و بەلشەوییەکان لە بەشداریکردن لە دۆمای ڕووسیای سەرەتای سەدەی بیستەمدا. بەڵام هێــنانەوەی ئەزموونی لینین وبەلشویکەکان لەدەرەوەی ســیاقە مێژووییەکەی دەبێتە کارەساتێکی تری ســیاسی بیرکردنەوەی دۆگمایانای کۆمۆنیستە کرێکارییەکان، چونکە ئەزمونی بەلشەوییەکان بۆ خۆی ئامانجێك نەبووە، بەڵکو بەشێك بووە لە تاکتیکێکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕیسوا کردنی ڕژێمی تزاری و بنیاتنانی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە لەناو چینی کرێکاردا. کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیش هەمـــان شت دەڵێن. بەڵام کێشەکە لێرەدا نیــیە بەڵکو لە سیاقە مێژوویەکەدایە کە ئەو هاوڕێــیانە هەژارانە دەستی بۆ دەبەن. بە دوو هۆکار، یەکەمیـــان: ئەوەی لە ڕوســیادا وەك تاکتیکێکی سەرکەوتوو چاوی لێدەکرێت، بەشێك بوو لە پڕۆژەیەکی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگایەکدا کە لە لێواری “گۆڕانکاریدا” بوو، بەشداریکردن لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگە ئایدیۆژیــانانەی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان دەیهێــننەوە، دەگۆڕێت بۆ جوانکردنی سیستەمێکی گەندەڵ و سەرکوتگەر کە ڕێگە بە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نادات. دووەم هۆکار، کۆمۆنیزمی سەدەی بیست، کۆمۆنیزمێکی شۆڕشگێڕانە بوو، هێز و هەژموونی هەبوو، لکا بوو بە “چین”ەوە. دیموکراسیش بۆ چینی بۆرژوازی ئەو کاتە مەدالیایەك بوو شانازی پێوە دەکرد و لە ڕێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دەنگی خەڵکەوە بەرنامەی چاکسازیی کۆمەڵایەتی خۆی پەرە پێدەدا. لای خۆمـــان تەواو پێچەوانەیە، کۆمۆنیزم و ئایدیای کۆمۆنیستی نەك لە عێراق بەڵکو لەسەراسەی دنیـــادا لە پاشەکشەدایە. دیموکراسییەکەی عێراق، نەك دیموکراسی بۆرژوازیـــانە بە چەمکە کلاسیکییەکەی، بەڵکو هی سەدەمەکانی پێش کۆیلایەتییە. کۆپی کردنی ئەو تاکتیکەی لیــنین، لەگەڵ پرۆسەی ســیاسی عێراق و پەرلەمانەکەی ئاسمان و ڕێسمانی فەرقە.
عێراق خۆی وڵاتێکی ئـــازاد نیــیە تا پەرلەمانەکەی ئازاد بێت. سیستەمی ســیاسی لە عێراق لەسەر بنچینەی دابەشکردنێکی عەشایەری، تایەفی، ئایینی، ئیتنیکی دروست بووە کە پاشماوەی سیستەمەکانی پێش سەرمایەدارییە. نە ئەم سیستەمە سیاسییە و نە دەزگاکانی لە چەشنی پەرلەمان نوێنەرایەتی هیــچ ئیرادەیەکی ئازادانەی خەڵك ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی تۆڕێك لە بەرژەوەندیی سەرەك خێڵ و سەرەك حزب و دەوڵەتانی ناوچەکە دەکەن. ئینتیما لەم سیستەمەدا بۆ تایەفە، عەشرەت، ئیتنیك و ئایــینە نەك خزمەتی مرۆڤ، پەرلەمان لەم سیستەمدا درێژکراوەی شوناسە درۆزنەکانن نەك شوێنێك بۆ قسەکردن لەسەر تەنانەت فۆرمی هاووڵاتیبوون. هەر بەشداریکردنێك لەم زەلکاوەی ناوی پەرلەمانە، جا بە مەبەستی چاککردنی بێت لە ناوەوە وەك ئەوەی گۆڕان ویستی ئەنجامی بدات و شکستی خوارد یان ڕەمزیـــانە بێت وەك بەشدارییەکەی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان، ئەوە دەبێــتە مکیاج کردنێکی ناشیانەی ســیستەمێکی ناشیرین، یانی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان بەبێ ئەوەی بە خۆیـــان بزانن بەم هەوڵەیان “شەرعییەت” دەدەنە ســیستەمێك کە زیاتر لە ٪٨٠ ی خەڵك نەفرەتی کردووە.
چی بکرێت باشـــە؟
لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێستی سەرەتایی دروست بایکۆتکردنی هەڵبژاردنە نەك وەك کشانەوە یان دابڕان، بەڵکو وەك هەنگاوی یەکەم بەرەو بنیاتنانی ئەڵتەرناتیڤێکی جەماوەری و سۆشیالیستی لە خوارەوە. بایکۆت هێزه و شهرتی ههیه، وه له نەبوونی بزووتنهوهیهکی شۆڕشگێڕانهی جهماوهری وهك پێشمهرجی بایکۆت، بانگهوازی بایکۆت دهکاته نهخوێندنهوهیهکی غهیره واقعیانهی کۆمهڵگه کهئهمه بۆ ههر مارکسیستێك کوشندهیه. لێنین وتهنی تهنها “نـــا” وتن بهدهزگایهکی دواکهوتوانه مانای تێكشکاندنی ئهو دهزگایه نایهت و تهنها بێزاری و ڕقیشمان له ناسیونالیزم و مهزههب و پهرلهمانه غیر متعارفهکهی عێراقیش کافی نیه بۆ ئهکشنێکی لهو جۆره. بایکۆتی “سلبی” پهراوێزبوونی سیاسی و کۆمهڵایەتی بهشوێن خۆیدا دههێنێت! ئەوەی کە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان لە بایکۆتی ســلبی دەترسن، هۆکەی ئاشکرایە کە ئەوان توانای بایکۆتی “پۆزەتیڤ”یان نیــیە، بایکۆتی پۆزەتیڤ یانی دروست کردنی ئەلتەرناتیڤێکی تر بۆ کۆمەڵگە کە لە بنکە کۆمەڵایەتییە پەراوێزەکانی کۆمەڵگەوە بێتە دەر نەك لە ئێلیتەوە. ئەم دەسەڵاتە دووانەییەی دروست دەبێت، بە مانای دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت نییە، بەڵکو دروستکردنی فەزاییەکی هاوتەریبی ترە لە کۆمەڵگادا کە گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و خەڵکی بەشمەینەت بکات و ژیانی خۆیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی دەسەڵاتەوە ڕێکبخەن. ئەمەش یانی گواستنەوەی لۆژیکی “سیاسەت لە سەرەوە” بۆ “سیاسەت لە خوارەوە”-یە، واتە لۆژیکی ڕێکخستنی جەماوەریی بنەڕەتی کە شەرعیەتی خۆی لە کردەی ڕاستەوخۆی شەقام و گەڕەك و کارگە و زانکۆوە وەردەگرێت.
ئەگەر کۆمۆنیستی کرێکاریی یان هەر بزووتنەوەیکی کۆمۆنیستی تر دەیانەوێت ڕۆڵی مێژوویی خۆیان وەربگرنەوە، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ چەمکی خۆڕێکخستنەوەی جەماوەری لە خوارەوە. ئەمەش دەکرێت بە دامەزراندنی ئەنجومەنی جەماوەری لە گەڕەك و گوندە هەژارەکاندا دەست پێبکات وەك ناوەکی دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی بەدیل. شانبەشانی ئەمەش دەتوانرێت نەقابەی سەربەخۆی ڕاستەقینە بنیات بنرێت، کە پێکهاتە بیرۆکراتیەکانی دەوڵەت تێپەڕێنێت و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کرێکاران، فەرمانبەران، لاوان، بێکاران و .. بکات. ئەم پێکهاتە بنەڕەتییانە وردە وردە تۆڕێك لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پێکدەهێنن کە توانای هەماهەنگییان هەبێت بۆ دروستکردنی بزووتنەوەیەکی فراوان کە لەسەر بناغەی یەکسانی و دادپەروەری و بەهێزکردنی ڕۆحی هاودەنگی چینایەتی بنیات نرابێت. بنیاتنانی ئەڵتەرناتیڤ لە بنەڕەتدا بە بێ شۆڕشی فیکری لەناو خودی کۆمۆنیستەکاندا بەدی نایەت. شۆڕش تەنیا ڕووخاندنی سیستەمێکی سیاسی نییە؛ پێش هەموو شتێك ڕزگارکردنی هۆشیارییە لە ژێردەستەیی و ترس و ئینتیمای تەسك. بۆیە بایکۆتی شۆڕشگێڕانە و پۆزەتیڤ، کاتێك دەبەسترێتەوە بە پڕۆژەی بنیاتنانی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕاستەقینە، واقیعیترین و شۆڕشگێڕترین کارە. ڕێگاکە درێژە و سەختە، بەڵام ئەڵتەرناتیڤی چەپ بە دروشمی ئایدیۆلۆژی لەدایك نابێت، بەڵکو لە ئازاری ڕۆژانەی خەڵکی بەشمەینەتەوە لەدایك دەبێت: لە کرێکاری زەلیلکراو و کەم دەرامەت، لەو ژنەی کە بە داب و نەریتی عەشایەری و ئایینی لە مافەکانی زەوت کراوە، لەو گەنجەی کە لە نیشتمانێکی تاڵانکراودا بەدوای مانا و کەرامەتدا دەگەڕێت. کاتێك ئەم خەڵکە لەژێر ئاڵای تەبایی و دادپەروەری و یەکسانی یەکدەگرن، مێژوو سەرلەنوێ دەست بە جووڵە دەکاتەوە، بەڵام نەك لە کۆشکەکانی دەسەڵاتەوە، بەڵکو لە کوچە هەژارەکانەوە کە بڕیار دەدەن.
هیوادارم ئەم قســانە لە ناو کۆمۆنیستە کرێکارییەکاندا گوێی بۆ پەیدا بێت و بتوانن لە ڕوانگە و گۆشەنیگایەکی جیاوازترەوە تەواوی وێــنەکە ببیـــنن نەك ئەوەی دەبێــتە سیاسەتی ڕەسمی، وە جارێکی تر هیوادارم کەس بە چەپی حاشــییەیی و لاکەتەو ناو وناتۆرەی بازاڕی و نا ســیاسی تاوانبار نەکەن و ئاســتی نیقاشە ســیاسییەکان ببــەنە ئاســتێك ئامانجە بەرزە مرۆییەکانی کۆمۆنیزم بێت.
عومەری خەتــات
7ی 11ی 2025