عومەر خەتات:
سـێ ساڵ پێش، پەخشــــانێکم لەم واڵەی خۆمەوە داگرت. پەخـشـــانەکە بریتی بوو لە نۆســتالژیایەکی دەروونی خۆم بەرامبەر بە خۆشـــەویستی من بۆ هەندێ شـــار، لەوێـــدا نووسیـــبووم کە ئەو شـــارانەی کە قەت لە دڵـم دەرناچن و ناشــێوێن و هەمیشە بیریـــان دەکەم، لە پاڵ ئۆســلۆ و ســــــــلێمانیدا، بەغـــدایە!
لەوێــــــدا نووسـیبووم بەغدا لەو شـــارە ســیحراویانەیە کە هەر پێت تێنا وەك کوڕی خۆی دەتکاتە باوەش و لووتت پڕ دەکات لە بۆنی موحیبەت. لە وشکترین وەرزەکانیدا حەنان لێی کڵافە دەکات و بەڕێژنە دەیبارێنێت، لە کەوتندا سەد دەس دێنە ژێر باڵت ئەڵێی بەلاشەی ئەوانەوە نووساویت. لەم شارەدا تەنیا یەك شت دەستناکەوێت، کە لەوانەیە کەس پێویستی پێی نەبێت، ئەویش هەستی غەریبیـــــیە.
لە ڕاســتیشدا بەغدا یان باغدادیــــەکان وان، پڕپڕن لە موحیــبەت و لە چاویـــاندا دڵە گەورەکەیان بە دیار دەکەوێت.
لەم ســەفەرەی کۆتــــــاییمدا بۆ بەغدا کە پێش دوو هەفتـــــە بوو، دوو ڕووداو، دوو هەڵوێســــــت لە ناخەوە هەژاندمیان و ئەوەندەی تر موحیــبەت و جوانی بەغدایان لە دڵما چەســپاند.
ڕووداوی یەکەم:
من وا ناســراووم کە کەســێکی قنگ لێکەوتووم، یـــانی بچمە هەر شوێنێـــــك بێگوومان ئەبێت شتێکم لێ وون بـــبێت یان بەجێ بمێــــــنێت. بۆ ئەوەی تووشــی ئەم گێرمەوکێشــەیە نەبم و لەو گەرمایەی بەغداش کە بە شەویش لەچلەکان نایەتە خوارەوە گیرفانەکانم قورس نەبن، لە هەر چوونە دەرەوەیەکدا جانتــایەکی بچکۆلەم لەگەڵ خۆم دەبرد و پاسپۆرت و کارتی بانك و پاکەت و جگەرەکە و هەرچییەکی ترم پێبوایە دەمخســتە ناوی.
شەوێکیــــــان لەگەڵ “عمار”ی هاوڕێــــــم پاش پیاسەیەکی خۆشی جادەی کەرادە و پاش خواردنی شــاورمەیەکی زۆر بەتـــــام، ڕوومان کردە چایخانەیەکی سەرسوچی کۆڵانێك و دوو ســێ چایی خەستی بێشەکرمان کردە سەر ئەو چەورییــەی ناو سکمــاندا. پاش چایی خواردنـــەوە، تاکســیەکمان گرت و گەڕایـــنەوە ئەو ئەپارتمانەی کە لێی نیشتەجێم لە گەڕەکی “بغداد الجدیـدة”. چەند هاوڕێـــیەکی تریش گەیشــتنە لامان و کۆڕی شــەوانەمان گەرم بوو. دوای نیو سەعـــات هەســتام جگەرەیەك دەربهێــــنم، بینیم جانتـــــا بچکۆلەکەم دیــار نیـــیە، هەموو ماڵەکە گەڕایــــن نەماندۆزیـەوە. ناوقەدم ووشك بوو، هەســتم کرد ئاســــمان ڕووخا و سەفەرەکەم لێ بووە قوزەقورت. تەواو ئومێــدم بڕا بە تایــبەتی پاساپۆرتێکی نەرویجی دەسـت هەر کەســێک بکەوێت دەتوانێت بە پارەیەکی زۆر باش بیفرۆشــێتەوە. لەم قوڕپێـــوانەدا بووم لە پڕ جەڕەســی مۆبایلەکەم لێی دا، ژمارەکەیەکی نەناســراو هاتە سەر شــاشەکە. تەلەفونەکەم هەڵگرت و ووتم فەرموو، دەنگی کوڕێکی گەنج بوو، ووتی من جانتـــایەکی بچکۆلەم دۆزیــوەتەوە و لەپاڵ ئەم ژمـــــارەی تەلەفوونە، پاساپۆرتێكی نەرویجی، شوناسنامەیەك، ڤیزا کارتێك، ماســتەرکارتێك و هەندێ شتی تری تێـــدایە، ئەگەر هی ئێــوەیە وەرن وەریبگرنــــــەوە من لەبەردەم چایخانەی سەر سوچەکەی کەڕادە چاوەڕێتان دەکەم و بۆ ناونیشــانیش جانتەکە دەکەمە ملم!.
عەماری هاوڕێــم ووتی باوەڕ بکە تۆ شــانست هەیە و ئەوەی کە دۆزیویەتیـــەوە بێگوومان زۆر شەریفە. لەو ســـاتەدا ئاهێکی فێنك بە گیــــانما هات. چەندە خولیـای ئەوەم بوو ئەو شـــتانەم وەدەســت کەوتنەوە، دوو ئەوەندە خولیــای ئەوەبووم ئەو کەســە ببیـــنم، بینــــاسم و لە ئامێــزی بگرم و پڕ بەدڵم ســوپاسی بکەم. بە ئۆتۆمبیلەکەی حەیدەری برای عەمار دەرچوویـــن و دوای نیو ســەعات گەیشـــــتینە بەردەم چایخانەکە و بینـــــیم کوڕێکی گەنجی تەمەن بیســت ســاڵان جانتاکەی منی لە مل کردووە و لەسەر سوچی چایخانەکە چاوەڕێــــمانە. هەر کە ئێمەی بینــی بزەیەك کە هەموو پاکی و بەرائەتی دنیــــای لەگەڵدا بوو هاتە سەر لێوەکانی. ناوی موحەمەد بوو، گەنجێکی بیســت ساڵەی باڵابەرز، باریك و ڕێك، قژه بژەکەی تا لای چاوە پان و برۆ ئەســتوورەکەی هاتبوو. لە ســیمایدا دیار بوو کە کوڕە هەژارە، تیشـێرتێکی کۆنی ڕەنگبردووی لەبەردا بوو لەگەڵ پانتۆڵێکی پەڵەپەڵەی چڵکن و جوتێك نەعلی دڕاو. گەیشــتینە لای، سڵاومان لێکرد و تووند لە ئامێزم گرت ئەمولاو ئەولایم ماچ کرد. ووتی: “مامە سەیری شــتەکانت بکە بزانە تەواوە، من کە جانتاکەم دۆزییەوە کەمێ ناوەکەییم پشــکنی و بینـــیم ژمارە تەلەفونێکی تێـــدایە، بەڵام تەلەفونەکەم پارەی تیـــا نەبوو، بۆیە ناچاربووم بچم کەمێ پارەی تێبکەم و تەلەفونت بۆ بکەم”. نەمدەزانی بەرامبەر بەم مرۆڤە پڕ بەها بەرزە چی بکەم و چۆن تەنـانەت پاداشـتی بدەمەوە، دەســتم کردە گیرفانم و ئەوەی هات بەدەســتما خســتمە دەســتیەوە بەڵام نەفســی ئەوەندە بەرز بوو ڕەتیکردەوە.
ڕووداوی دووەم:
وەك بەزمی پێشــوو، ڕۆژێکــــــیان لە ئەپارتامەنەکەی لێی نیشــتەجێم هاتمە دەرەوە و تا نزیك دوانزەی شــەو گەڕامەوە و سەیردەکەم کلیــــلەکەم لە ناو ئاپارتمانەکە بەجێهێشـــتووە. ئەی باشە بەم نیوەشەوە چی بکەم و بۆ کوێ بچم! ناچار تەلەفونم بۆ عەمار کرد و باسەکەم تێگەیـــاند، ئەویش وەك هاوڕێــیەکی باش ووتی چاوەڕێــــم بکە تا دەگەمە لات، ماڵی باوکی عەمار نزیك ســەعات و نیوێك لەمنەوە دوورن. ناچار هەر لەژێر ئەپارتمانەکە دایشـــتم و خۆم خەریك کرد بە مۆبایلەکەمەوە. لە ژێـــــــر ئەپارتمانەکە دوکانێك هەیە و ژنێـــکی بەتەمەن خاوەنەکەیەتی ناوی “أم حســین”ـە. جار جار لای أم حســێن شتم دەکڕی و ئەویش کەمێك ئاشــنای دەم و چاوم بوو بوو. هەروا دوای نیو سەعاتێك أم حسێن هاتەدەرەوە و ووتی کوڕم دەبیـــنم دەمێكــە لێرە دانیشــــتوویت، خێــرە؟ خۆ چاوەڕێی کەســێك ناکەیت؟ منێش مەسەلەکەم تێگەیـــاند کە کلیلەکەم لە ژوورەوە لێ بەجێماوە و چاوەڕێی هاوڕێـــیەکم بگاتە لام. لێرەدا أم حســین هاتە وەڵام و ووتی: ” جا کوڕم ئەوە کەی کێشــەیە، فەرموو وەرە سەرکەوە بۆ مالی ئێمە، حاجی مێردم لەسەرەوەیە بۆ خۆتـــان دانیشـــن و دوایش جێگەت بۆ ڕادەخەم ئەمشــەو لای ئێمەبە خۆ سەری دنیـــا بە پووش نەگیــراوە، ماڵ ماڵی خۆتە کوڕم!”
ئەی هاوار لەو جوانیــیە! لەو دڵە ســـافە، لەو متمانە کۆمەڵایەتیـــیە کە لە هیـــچ شوێنێکی دنیـــادا نایبینـــیت. لە دڵەوە سوپاسم کرد و ووتم کۆڵێك مەمنوونم و گەورەیی خۆت نوانـــد أم حسێن!.
حەزم نەکرد ئەم دوو وێـــنەیە کە پڕن لە حەنـــان و خۆشەویستی، لە متمانە و لە بەهـــای بەرزی مرۆڤایەتی هەروا برۆن و قســەیەکیان لەســەر نەکەم.
موحەمەدی گەنج و أم حســێن ی بە تەمەن، دوو نموونەی ســادەی نێو پەیوەندیــیەکی قوڵی مرۆڤایەتین کە لە ئێســتای دنیــادا ئەم پەیوەندیــیانە بەرەو ئاوابوون دەچن. کە دەڵێـــین شـــوێنێك، شــارێك، ناوچەیەك جوانە، ئەوا ئێمە باس لە جوانی کۆمەڵێك پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەکەین کە ڕۆح دەدەن بەو شوێـــنە یان ئەو شـــارە. بەغدای داڕوخا و و ماندوو بەدەســتی کۆمەڵێك میلیشـــیای مرۆڤکوژەوە هێشــتا پڕیەتی لە ســیحر. ئەم ســیحرە لە هەموو قوژبنێکی ئەم شــارە و لای ئەو مرۆڤە هەژار و ســادانە دەســت دەکەوێت کە تاکە سەرمایەکەیــان هەر ئەم ســیحری پەیوەندیـــیە بەرزانەیە کە جوانی بەغدای ڕاگرتووە و هەرکەســێك ڕووی تێبکات لەناو ئەو دڵانەدا و بە ســـادەیی و بەبی هیـــچ ماسکێك دە یدۆزێـــتەوە.
ســیحری بەغدا!
157