Home باسی سیاسی چەند وشەیەک بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی مارکس

چەند وشەیەک بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی مارکس

by admin
0 comment

عومەر خەتات:  

ئەمرۆ پێنجی ئایارە و رۆژی لە دایکبوونی مارکسە. بۆ رۆژی لە دایكبوونی ئەو شۆڕشگێڕە دەمەوێت چەند وشەیەك بنووسم..
مارکس ٢٠٦ ساڵ پێش ئێستا لە دایك بووە و ١٤٠ ساڵیشە کۆچی دوایی کردووە بەڵام هێشتا زیندووە و لە ژیاندایە؛ هێشتا لە هەڕەتی گەنجیدایە. هەندێ جار بە ئاشکرا دەردەکەوێت و هەندێ جاریش وەك ناوێکی یاساغ کە دەبێ لە گوێ و چاوی دوژمنەکانی بشاردرێتەوە، بە نهێنی لە ناوماندا دەستاودەست دەکرێت.
ئەمڕۆ سەدەی سێهەمی ناوێك دەستپێدەکات کە جێپەنجەی لەسەر خەباتی مرۆڤی چاخی خۆی و مرۆڤی ئەمڕۆ لە دژی هەژموونی نایەکسانی و چەوسانەوە و دامەزراندنی جیهانێکی دوور لە هەموو ئەمانە بەجێهێشت.
مارکس هاوچەرخی ئێمەیە، رەنگە هاوچەرخی نەوەکانی دوای ئێمەش بێت، ئەوانەی هێشتا لە دایك نەبوون، تا لەناوچوونی چەوساندنەوەی سەرمایەداریی هەر بەو چەکەوە هەنگاو دەنێنە سەر ڕێگای شەڕی ڕزگاری.
مارکس نە فەیلەسووفە و نە ئابووریناس و نە کۆمەڵناسە. مارکس شۆڕشگێڕە. ئەو نە لە سەفسەتەی ئایدیا فەلسەفییەکانەوە هاتووە و نە لە زانستی ئابووری رووتەوە بەڵکو لە ناو هەژاریدا بە دۆزینەوەی سروشتی ڕەخنەگرانە و شۆڕشگێڕانەی کردەوە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی مرۆڤ، بەردی بناغەی ڕەخنەی شۆڕشگێڕانەی دانا.
مارکس بێهاوتایە، بەڵام نەك وەك پەیکەرێکی ڕۆشنگەر، نەك وەك پەیامبەری بەهەشتێکی ساختە، تەنانەت نەك وەك کەسێکی تەواو بێ هیچ کەموکوڕی و هەڵە و گومان و دژایەتیەك، بەڵکو وەك مرۆڤێکی شۆڕشگێڕی بەرچاو روون بە هەموو سەرکەوتن و شکستەکانەوە، لەگەڵ هەموو ئازار و خۆشییەکان، هاوشانی خۆشەویستی و کینە و گەورەیی و تەماح، بێ هاوتایە. مارکس خاڵێکی گرنگی وەرچەرخانە لە مێژووی ژیان و هزری مرۆڤی دوێنێ و مرۆڤی ئەمرۆ و مرۆڤی پاشەرۆژدا. “دریدا” دەڵێ دەتوانین لەگەڵ مارکس بین، دەتوانین دژی مارکس بین، بەڵام ناتوانین بێ مارکس بین.!
مارکس ناوازەیە، وەك ئەو سنوورە ناوازەیە کە مێژوو بەسەر پێش و دوای خۆیا دابەش دەکات؛ وەك خاڵی نەگەڕانەوەی ڕەخنە ناوازەیە. ناوازەیە چونکە بەڵێنی بەهەشتێکی ساختە نادات، بەڵکو نهێنی بەهەشتە ساختەکان ئاشکرا دەکات کە خۆیان بە کۆتایی مێژوو ناودەبەن. مارکس بێهاوتایە، چ بۆ ئێمە کە دۆستی ئەوین چ بۆ دوژمنەکانیشی. ئەگەر دۆستەکانی ئاگاداری ئەم ناوازەیە نەبن، ئەوا دوژمنەکانی هەمیشە ئاگاداری بوون و لە سەنگەریی بەربەرەکانێدا بوون تا نەگاتە چاو و گوێی چەوساوەکان.
وەك ئەنگلزی هاوڕێ و هاوسەنگەری دەڵێت “ناوی ئەو و بەرهەمەکانی مارکس لە سەدەکان تێپەڕ دەکەن”.
رۆژی لە دایکبوونی مارکس پیرۆز بێت.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن

گەلەری

ڤیدیۆ

 @2023 – Omerkhatat.com. All Right