عومەر خەتات:
لەم ڕۆژانەی دواییــدا لە ڕێی پەیوەندی گرتن و ئیمێلی تایـــبەتەوە پرۆژەیەك بڵاوکراوەتەوە بە ناوی [پرۆژەی بەرنامەی هێڵی ســێهەم]! کە ڕەشنووســـێك یان بەرنامەیەکی ســیاسی کۆمەڵێك لاکەوتەی ســیاسین دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە دۆخی قەیراناوی دەسەڵات، سواری کۆڵی خەڵك ببن و ناڕەزایەتیــیەکانیان خامۆش بکەنەوە.
سەرەتای بەرنامەکە بەمە دەســتپێدەکات، وەك خۆی بەبێ دەسـکاری کردن دایدەنێمەوە: “ئەم رەشنووسە پرۆژەیەکی سیاسیە بۆ سەرهەڵدان و لەدایك بوونی ووتاریکی سیاسی نوێ و بەرنامەیە کی سیاسی وەك هێلی سێهەم، بە ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی سیاسی، کە بتوانێ نوێنەرایەتی خەلکی کوردستان بکات لە چوارچیوەی دەستوری دەولەتی عێراقی فیدرال، کە تیایدا مافی هاولاتی بوونی راستەقینەو دادپەوەری کۆمەلایەتی و چەسپاندنی بنەماکانی کۆمەلگایەکی دیموکرات و بەرجەستەکردنی ئازادیەکان و دیاریکردنی ماف و ئەرکەکانی هەموو هاولاتیانی عێراقی وبە گشت نەتەوەو تایفەو پێکهاتەکانی تیا دەستنیشان بکرێت و دابین بکرێت”!
بەرنامەی ئەم کۆمەڵە جنۆکە فریـــادڕەسە کە ناویـــان نەهاتووە لە چەند تەوەرە پێکهاتووە، سەرەتا پێناسەی خۆیـــان دەکەن کە ئەوان کێــن، پاشــان تەوەرەی دووهەم، ئامانجەکانیـــان چییــە؟ ئەویش پێکهاتووە لە کۆمەڵێك ئامانج لەوانە ئامانجە گشــتییەکان کە کۆمەڵێك کاوێــژی ســیاسییە و زیاتر لە دوو دەیەیە بزووتنەوەی کوردایەتی بە بێ هیــلاكبوونی کاکیلە دەیجوێــتەوە. تەوەرەی ســێهەم، ئامانجە ســیاسییەکانە و لەوێـشـــــدا هەموو ئامانجی سیاسی ئەم ڕەوتە لە “یەکگرتووکردنەوەی ماڵی ســـیاسی کورد و عێراقی”ـیە ئەویش لە چوارچێوەی “فیدرالیزمی نەتەوەیی” و بە پشتبەســتن بە دەســتوری فیدراڵی ئێــراق! تەوەرەی چوارەم پێکهاتووە لە ئامانجە ئابوورییـــەکان کە کۆمەڵێــك پەیمانی درۆزنــانەیە و بســتێك لەو ئامانجانە دوور ناکەوێــتەوە کە ناسیونالیزمی کورد ڕۆژانە خەڵکی پێهەلدەخەڵەتێـــنن!. تەوەرەی پێنجەم ئامانجە کۆمەڵایەتیــیەکانە کە ئەویش بە هەمـــان شێوە کاســێتێکی سواوە و رۆژانە دەووترێــتەوە.
بەدەر لە ئیشکالاتێك و زمان و فیکرێــــکی تەقلیدی ناسیونالیســتانەی ســواو و زەبوونی ناو بەرنامەکە، گرنگە خەڵكی کوردســـتان بە ووریاییەوە ئاگاداری ئەم جۆرە هەوڵانە بێــت کە خزمەت بە مانەوە و درێژەکێشـــانی هەلومەرجی قەیـــراناوی ئێســتا دەکات و خەڵك تووشی وەهم دەکات. سەرنجە کورتەکانی خۆم لە چەند خاڵێـــکدا ڕیز دەکەم، هیوادارم بابەتیـــانە لێم وەرگیرێت:
یەکەم:
تەواوی بەرنــامەکە سوێــندخواردنێکی ئاشکرایە بە یەکپارچەیی خاکی ئێراق و دانی شەرعیــیەتە بە هەموو ئەو هێزە دڕاندانەی کە لە ئێســـتای عێراق و هەرێمی کوردســتاندا فەرمەنڕەوان. هەمان بەرنامە و داواکاریــیەکانی ناسیونالیزمی پەککەوتووی کوردە لایەنی کەم بە درێژایی مێژووی کەوتنی ڕژێمی بەعس بەرز کردبوونەوە، ئەویش لە فیدرالیزمی نەتەوەپەرســتانەی کۆنەپەرســتانە تێپــەڕ ناکات. هەموو چوارچێوە گشــتییەکە و داخوازیــیە ســیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریــیەکانی ناو بەرنامەکە، هەمان ئەو بەڵێــنە درۆزنـــانەن کە ساڵەهایە سەرمایەدارانی دەسەڵاتدار لە عێراق و کوردســتان دەیدەنەوە بە خەڵك و کۆی دانیشتوانی پێ ژاراوی ســیاسی دەکەن.
دووهەم:
ئامانجێکی سەرەکی مافیــاکانی کوردایەتی کە دەسەڵاتیــان لە دەســتە یەك شــتە، ئەویش تەســلیمبوونی خەڵکی کوردسـتانە بە دەسەڵاتی ئەوان، بۆ ئەمەش هەموو ڕێگایەك بەکار دەهێــنن بۆ پەراوێزخســتن و بێ ئیرادەکردنی خەڵك و هەوڵدان بۆ هەڵنەچوون و ڕاپەڕین بە دژی دەسەڵاتەکەیـــان. ئەگەر لە شوێــنێکدا جامی تووڕەیی خەڵك پڕبوو و ڕژانە سەر شەقامەکان ئەوا لە ڕێی سەرکوتی خوێــناوی و کوشــتن و زیــندانی کردنی خەڵکی ناڕازی درێژە بە ژیـــانی سەرمایەدارانەی خۆیــان دەدەن، لە دۆخی ئێســتاشدا کە قڵشــتی چینایەتی وکۆمەڵایەتی نێوان خەڵکی زەحمەتکێش و دەسەڵات گەیشتۆتە بەرزترین ئاســتەکانی و هێچ متمانەیەك بە دەسەڵات نەماوە، دەرکەوتنی پرۆژەیەکی گوماناوی نەزۆکی وا کە ئەگەر دەسەڵات خۆی لە پشــتی نەبێت ئەوا پێشوازی گەورەی لێـــدەکات.
ســێهەم:
لە ئێســتای دۆخی قەیراناوی بە ناو حکومەتی هەرێـــم کە بێجگە لەوەی لای خەڵکی کوردســتان کەمترین شەرعیەتی نیــیە، لای حکومەتی ناوەندیش کە ئەوانیش هاوشــێوەی برا کوردســتانییەکانیــان، کۆمەڵێك مافیای تاڵانچیــن شەرعیەتی لێسەندراوەتەوە!. دەرکەوتــنی پرۆژەی بەرنامەیەکی ئاوا لە ئێســتای ئەم دۆخەدا بێگوومان بێ هۆ نیــیە؛ دووکەڵێکی بێ ئاگر نیــیە؛ بەڵکو “هەوڵێــکە” و ئامانج لێی ســێ شــتە: یەکەم، بەرگرتن بە ناڕەزایەتیــیەکانی خەڵکی زەحمەتێكش و لێدانی دەرزیــیەكی بەنجی پێشوەخــتەیە بە هەر ناڕەزایەتی و هەڵچوونێــك. دووهەم، دروســت کردنی “ئۆپۆزیسیۆنێکی” بێوەیە، ئەلقەیەکە بۆ تێـــپەڕاندنی ئەو قەیرانەی حوکمرانی بۆرژوازی کورد لە ئێســتادا بە هاوپشــتی هەندێ هێزی ئێراقی تر تێـــیکەوتوون، هەروەهـا ســێهەم، ئاماژەیەکە “ســیگناڵ” دەدرێت بە ئەمریکیــیەکان بۆ ئێش کردن لە سەر ئەو پرۆژەیە.
ئەو کۆمەڵە جنۆکەیەی ئەم پرۆژەیەیـــان نووسیوە، لای من ئاشکران کێــن، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە لە ئێســتادا خوێــندنەوەی ئامانج و مەبەســتی پشــت بەرنامەکەیانە کە خەریکن کاری لەسەر دەکەن، نەك فیگەرەکانیــــان، خۆ ئەگەر ئەو کەســانە ناوی خۆیـــان ئاشکرا بکەن ئەوا بێ سێ و دێ دەبـــنە جێگەی نوکتە و لاقرتی خەڵك. ئەوەندە بەسە کە بزانن ئەو کەســانە نزیك بە دەسەڵاتن و بە تایــبەتیش زۆنی زەرد، ماوەیەکی زۆر ئەندامانی ناو پەرلەمان و دەزگا حکومییەکان بوون و لە دزین و بە تاڵانبردنی سامانی خەڵکی کوردســتاندا بەشــدار بوون “ئەگەر تا ئێســتاش پشـــکیان نەبێت”! بۆیە قسەکانیشـــیان ئەگەر ئاڵتوونیش بێت لای خەڵکی کوردســتان بە قرانێك وەرناگیرێت!.
خیلافی خاوەنانی ئەم پرۆژە نەزۆکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێســتای کوردســتاندا خیلافێکی چینــایەتی- کۆمەڵایەتی نیــیە، فیکری و دادپەروەرانە نیـــیە؛ واتە ئەوان لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە هەڵنەستاوون بەم کارە، بەڵکو خیلافەکەی ئەوان تەنها قۆرغ کردنی دەسەڵاتە لە لایەن بنەماڵەی بارزانیەوە و هیچی تر. ئەمان ناتوانن تەنــــانەت وەك بزووتنەوەی گۆڕانیش کە توانی بۆ ماوەیەك هێزی خەڵك لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، ئەو ســـیناریۆیە دووبارە بکەنەوە.
لە کۆتــاییدا بوون بە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتی کوردایەتی و تەواوی دۆخی کۆمەڵایەتی، ســیاسی و ئابووری کوردســـتان، کاری کەســانێك نیـــن کە لە ناو هەمان ئاسۆی سیاسی بزووتنەوەی کوردایەتییـــــەوە سەریان بەرزکردبێــتەوە؛ بەڵکو ئەوە کاری بزووتنەوە سۆشـــــیالیستییەکانی کوردســتانە کە بتوانن تەواوی ئەم هێزانە ڕابماڵن و دەسەڵاتی ئەنجومەکانی خەڵك لە ژێرەوە دروســت بکەنەوە.
بەرنامەکەی ئەم ڕەوتەم بە پی.دی.ئێــف لایە، هەرکەس نیـــاز دەکات بە مەسنجەر بۆی دەنێرم.