Home باسی سیاسیسەرەتایەك بۆ پرسی دووانەی سەرمایە و دەسەڵات لە کوردســتان

سەرەتایەك بۆ پرسی دووانەی سەرمایە و دەسەڵات لە کوردســتان

by admin
0 comments
 
یەکەم:
پێنج ساڵ پێش ئێســتا، واتە لە ساڵی ٢٠٢٠ بەختیــار عەلی ی نووسەر بابەتێکی لە ژێر ناوی (چۆن ئەهریمەن لە دایك بوو؟) لە ڕۆژنامەی ئاوێــنە بڵاو کردەوە. بەختیار لەو نووســینەدا بە ووردی چووە سەر ناساندنی تایبەتمەندییەکانی کەپیتاڵیزمی خۆرهەڵاتی و بە تایبەتتر کەپیتاڵیزمی کوردی کە لە ڕەوتی گەشەی خۆیــدا چۆن “مرۆڤ”ی بۆ گرنگ نیــیە و لە بناغەدا بوونی ئەم جۆرە لە سەرمایە تەنیا لەسەر برسیکردنی مرۆڤەکان تا ئەوپەڕی دەتوانێت سەرمایە گەڵالە بکات.
باسەکەی بەختیــار کرۆنۆلۆژیای گەشەی سەرمایەیە لە کوردســتان لە ڕێگەی نوخبەی حزبەوە. ئەو لایوایە نوخبەی حزب کە ناوکەیەکی خێڵەکی و بنەماڵەیی هەیە، فۆرمێك لە کەپیتاڵیزم بنیــات دەنێت کە ئەو ناوی دەبات بە سەرمایەداریی رۆژهەڵاتی، دڕندەترین جۆری کەپیتالیزمە کە زۆر لە کەپیتالیزمی ئەوروپی لە سەرەتاکانی گەشەیدا دڕندەترە. جەوهەری ئەم سیستمە ئەوەیە لە کاتی زۆرێتی و خۆشگوزەرانیدا کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ ئامێرێکی ترسناکی بەرخۆریی، بۆ کۆمەڵگایەك لە مرۆڤی تێرنەخۆر و مەسرەفگەرا، لە کاتی کەمهێنان و قازانجکزیشدا بەشە زیادەکانی خۆی فڕێدەدا، برسیکردنی خەڵك و فەرامۆشکردنی ئینسانەکان بۆ چارەنوسی تاریکی خۆیان دەبێت بە خەسڵەتی سیستەم. بەختیار نوخبەی سەرمایەدار دەشوبهێنێت بە نوخبەیەکی فاشی.
دووەم:
سێ ساڵ پێش ئێشــتاش، هەســتام بە تەرجومەکردنی ووتارێکی هاوڕێم “فلاح علوان” لە ژێر ناوی (ژن و پێکهاتە فیکریــیەکانی کۆمەڵگە!) کە لە مانگی هەشتی هەمان ساڵدا واتە ٢٠٢٢ لە هەمان رۆژنامەی ئاوێــنەدا بڵاوکرایەوە.
باسەکەی هاوڕێم فەلاح تێگەیشـــتنێکی تایبەتە لەسەر دۆخی ژن لە کۆمەڵگەی عێراقدا، فەلاح بە پێچەوانەی تێڕوانینی کلاسیکیی مارکسیستی کە چەوسانەوەی ژن دەبەســتێتەوە بە ژێــرخانەوە واتە بە بنەمای ئابووری کۆمەڵگەوە، ئەو ئەم تێڕوانیـــنە پێچەوانە دەکاتەوە و دەریدەخات کە لە کۆمەڵگەی عێراق و ناوچەکەدا چەوســانەوەی ژن لە سەرخاندا گیری کردووە نەك ژێرخان. ئەم تێڕوانیـــنە تایبەتەی فەلاح بۆ پەیوەندیــیەکانی نێــوان سەرخان و ژێرخان نەك تەنیـــا لە مەسەلەی ژناندا، بەڵکو دەتوانرێت بۆ ســترەکچەری ســیاسی و کۆمەڵگەی عێراق و دەسەڵاتی بۆرژوازیش ڕاســت بێت کە چۆن لە کۆمەڵگە وابەســتەکاندا ســەرخان ڕۆڵێکی گرنگتر دەبیــنێت تا ژێرخان بۆ پتەوکردنی پایەکانی دەسەڵاتی بۆرژوای و چەســپاندنی تەشریعات و یاساکان.
خاڵێکی گرنگی تری لێــکدانەوەیەکەی فەلاح، تێڕوانیــنە بۆ پێكهـــاتە فیکریــیە باوەکانی خێڵ و قەبیلە. پەیوەندیـیە تەقلیــدییە کۆنەکانی سەردەمەکانی پێش سەرمایەداریی لای تێروانیــنی کلاســیکی ئەو پێکهــاتانەن کە کۆن و داڕزاوون و لەگەڵ گەشەی پیشــەسازی و مۆدێرنەدا وون دەبـــن، بەڵام لە ڕاســتیدا بەم شــێوەیە نیــیە، وەك فەلاح دەڵێـــت ئەگەر پێکهـــاتە کۆنە فیکریــیەکان ڕێگرێك نەبن بۆ گەشەی سەرمایە و قازانج ئەوا زۆر ئاســـایی نەك هەر دەهێـــڵرێنەوە بەڵکو تارایەکی موقەدەســیشیان بەسەردا دەدرێت، عێراق و کوردســتان بە نموونە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆمەڵگەی عێراق و کوردســتان کۆمەڵگەیەکی سەرمایەدارییە، بەڵام هێشــتا سەرخانی کۆمەڵگە، سەرخانێکی کۆنەپەرست و پڕە لە نەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی پێش سەرمایەداریی! پرســیارە سەرەکیــیەکە ئەوەیە، چۆن دەتوانین ئەو میکانیزمە ئابووریانە بدۆزیــنەوە کە تێــیدا سەرمایە لای خۆمان وەك کۆمەڵگەیەکی وابەستە کار دەکات؟ چۆن دەبێت پرۆسە ئابوورییە سەرمایەدارییەکان بەو زەبەلاحی و هەمانکات نەرمییەوە لە کۆمەڵگەی عێراق و کورستاندا کار بکەن بەڵام سەرخانی کۆمەڵگە هی سەردەمی پێش سەرمایەداریی بێت؟ واتە سەرخانێکی خێڵەکی و عەشاییریی، تا سەرمۆخ کۆنەپەرســتانە و سەرکوتگەر، کە نەك “مرۆڤ”ەکانی کۆمەڵگەی لا گرنگ نییە وەك بەختیــار دەڵێت بەڵکو لەسەر برسی کردن و سەرکوتکردنی ئەوان دەتوانێت سەرمایە زەبەلاحەکەی کەڵەکە بکات!
هەردوو وتارەکەی بەختیار عەلی و فەلاح علوان دەبنـــە هەوێنی ئەم باسە کورتەی من لەسەر چۆنیەتی کارکردنی دوانەی کەپیتاڵیزم و دەسەڵات لە کوردســـتان. ئەم باسە دەکرێت و گرنگە لە لایەن هەموو ئەوانەی بە شوێن گۆڕانی ڕیشەیی کۆمەڵگەوەن پەرەی پێبــدرێت.
بەچەند پرســیارێکی ســادە دەچیــنە ناو باسەکەوە: بۆچی ناڕەزایەتی و خۆپیشــاندانەکان لە کوردســتان ناگەنە سەرئەنجام، مەبەست لە سەرەئەنجام نەتوانیــنی هێزی ناڕەزایەتییەکانە بۆ گۆڕینی دۆخێك. بۆچی سەرمایەدارانی کورد بێـــباك و بەرپرس نیــن لە ژیــانی ڕەعیەتەکانیان، بۆچی یاسای کار و سەندیکا و نەقابەکان بوونیــان نیــیە یان بوونێکی تەنیــا ڕەمزییــان هەیە و زیاتر لە خزمەتی دەسەڵاتدان؟ بۆچی قیبلەنومـــای خەباتی چینـــایەتی وەســتاوە و کار ناکات؟ بۆچی هەست دەکەیت کۆمەڵگەی کوردی چووەتە دەرەوەی مێژووەوە؟ بۆچی ناسیونالیزمی کورد زۆر تووندوتیژ، سەرکوتگەر و فاشیـــانە مامەڵە دەکات لەگەڵ خەڵکدا، بۆچی کۆنەپەرستی خێڵەکی و ئایــینی لە گەشە و بەدەستهێــنانی هەژمووندایە و .. چەندەها پرسیاری تریش دەکرێت ڕیز بکرێن.
لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا، مارکس بە شیکردنەوەی پێکهاتەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، سەردەمی مێژوویی سەرمایەداری، بەم شێوەیە باس دەکات: “بۆرژوازی، بەبێ شۆڕشێکی بەردەوام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، بەبێ شۆڕش لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و لەگەڵ ئەوانیشدا تەواوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ناتوانێت بەردەوام بێت. بە پێچەوانەی ئەمە، پاراستنی شێوازی بەرهەمهێنانی کۆن، بەبێ دەستکاریکردن، مەرجی سەرەکی مانەوەی هەموو چینە پیشەسازییەکانی پێشوو بووە. ئەم شۆڕشە بەردەوامە لە بەرهەمهێناندا، ئەم تێکچوونە بەردەوامەی هەموو دۆخە کۆمەڵایەتییەکان، دڵەڕاوکێ و جووڵەی هەمیشەیی، سەردەمی بۆرژوازی لە سەردەمەکانی پێشوو جیا دەکەنەوە. هەموو پەیوەندییە ڕەق و ژەنگاوییەکان، لەگەڵ هەموو چەمك و ئایدیا ڕێزدارە کۆنەکانی، هەڵدەوەشێنەوە؛ هەموو شتێکی نوێ پێش ئەوەی ڕەگ داکوتێت، کۆن دەبێت؛ دابەشبوونە چینایەتییەکانی ئێستا وەك تۆزی بەر بای لێدێت؛ هەموو شتێکی پیرۆز پیس دەکرێت؛ مرۆڤەکان لە کۆتاییدا ناچار دەبن بە چاوی کراوەوە لە بارودۆخی ژیانیان و پەیوەندییە هاوبەشەکانیان بڕوانن…”.
بە پێی ئەم تەفسیرەی مارکس بۆ سەردەمی سەرمایەداری، کە پەیوەندییە کۆنەکانی پێش سەردەمی خۆی لە ناو دەبات، وە بەراوردکردنی بە سەردەمی ئێســــتا وا دەردەکەوێت کە ئەوەی لە کوردســتان یان عێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە، ئەگەر هەڵە نەبێت، لانیکەم ناتەبایە. وا دیارە ئەم پرۆسەیە لە عێراق و کوردســتاندا بە پێچەوانەوە گیراوەتەبەر.
گەشەی سەرمایەداری لە عێراقدا لە کۆتایی بیستەکانەوە لە ناو دڵی پەیوەندییە دەرەبەگایەتیەکانەوە هاتەدەر نەك بە دژایەتیکردن لەگەڵی! ئەوە ڕاســتە کە سەرهەڵدانی کەرتی هەناردەکردن بووە هۆی هاندانی گەشەی فۆرمەکانی کاڵا-پارە لە ئابووری ناوخۆدا و ئەمەش بووە بنەمایەك بۆ پەرەپێدانی بەرهەمە سەرمایەدارییەکان، بەڵام ئەم پرۆسەیە لەڕێی بۆرژوازییەکی مشەخۆری وابەستە بە سەرمایەی دەرەوە چووە پێش و بووە هۆی گەشەکردن و دەوڵەمەندکردنی چینە کەمایەتییەکەی سەرەوە کە پێکهاتبوون لە خاوەن زەوییە گەورە و فیوداڵەکان کە لە سەرەك خێڵ و هۆزەکان پێکهاتبوون. بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایەی ناوخۆیی کەوتە دەستی ئەم چینە، سەرمایەی دەست ئەمانە بەکارنەهێـــنرا بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوە، بەڵکو لە کاڵای لوکسدا خەرج کران. سەد ســـاڵ دواتر، ئێمە هەمـــان پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە عێراقی نوێ و کوردســتاندا بەدی دەکەین. بە جیــاوازییەکی بچووك ئەویش کەڵەکەبوونی سەرمایە لە دەست کەسایەتییەکانی سەرەوەی حزب و بنەماڵەکانیانەوە دەچێتەپێشەوە و پەیوەندییەکان و نەریــتە کۆنەکانی سەردەمەکانی پێش سەرمایەدارییش بە یاسا کراوون. وا دیارە میژوو لای ئێمە هەر تراژیــدیا بەرهەم دەهێــنێت.
کەواتە ئەم پرۆسەیە لای ئێمە نەك هەر نەبووە هۆی “توانەوەی تێڕوانینە کۆن و پیرۆزەکان”؛ نەك هەر “پیرۆزییەکانی” نەگۆڕی بۆ “ناپیرۆز”، بەڵکو ئێمە لە ئێســتادا شـــاهیدی زەمەنێکین کە جوڵەی سەرمایە، قازانج و بزنس، هاتوچۆی کاڵا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەك هەر کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری تر دەچێــتە پێشەوە بەڵام سەرخانی کۆمەڵگە، یاساکان، دەزگای تەشریعی و تەنفیزی، “دەوڵەتی ئیمتیازات” و پەیوەندی دەوڵەت لەگەڵ تاکەکاندا هی سەردەمەکانی پێش سەرمایەدارییە.
ئایا تەفسیرەکەی مارکس بۆ دەرئەمجامەکانی ئەم گەشەیە هەڵە بوو یان سەردەمی سەرمایەی هاوچەرخ، بونیادەکانی “نەریت”ـی لە بەرامبەر یاســا ماتریالیستەکانیاندا بەهێزتر کردووەتەوە؟ هەڵە نیــیە بۆ شیکردنەوەی ئەم خاڵە بە کورتیش بێت بچینــەوە سەر ناساندنی سیماکانی سەرمایە لە سەرەتای گەشەی خۆیــدا و جیاوازی ئەم گەشە سروشتییە بە بەراوورد لەگەڵ زەمەنی ئێســتا کە زەمەنێکی ئیمپریالیستییە.
گۆڕانکارییەکانی سەرمایەداری لە قۆناغی سەرەتایی پێکهاتنیدا و لە وڵاتانی سەرچاوەی سەرمایەداریدا، بە شێوەیەکی سەرەکی و لە بنەڕەتدا لەناو سنووری نیشتیمانیدا چڕبووبوونەوە. چەسپاندنی سەرمایەداری و پەیوەندییە کاڵاییەکان لە ڕووی مێژووییەوە لەم وڵاتانەدا لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ململانێی چینایەتی و گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکان و گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان دامەزراوە. ئەم پرۆسەیە خود بە خود دەبێتە هۆی هاوسەنگییەکی ڕێژەیی لە نێوان پێشکەوتنی کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان لە لایەك و تێکشکاندنی چینە کۆنەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و دامەزراوە و بەهاکانی لە لایەکی ترەوە. هەروەها هەژموونی چینێکی نوێ بەسەر پێکهاتە سیاسی-ئابووری-کۆمەڵایەتییەکاندا مسۆگەر دەکات.
ئەو پەرەگرافەی سەرەوەی مانیفێستی کۆمۆنیست، شیکارییەکی ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییەیە کە پەیوەندییه کاڵاییەکان له وڵاتانی سەرچاوەی سەرمایەداریدا بەدیدەهێنێت: واتە نە تەنیـــا گۆڕانی بەردەوامی هێزه بەرهەمهێنەرەکان، بەڵکو فەوتان و لە ناوچوونی ئەو بەهــــاو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەشی کە ڕۆحی جیهانەکەیان بەرەو ماڵئاوایی ملی دەنـــا و توانای بەرەنگاریی خۆیـــانیان لەدەست دابوو.
مرۆڤ لە سەردەمی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا بە بەراوورد لەگەڵ سەردەمی فیوداڵی و پێشوتر، “سوژە” ێکی ئازادە. پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری کە لەسەر بنەمای گشتاندنی پەیوەندییە کاڵاییەکان (تا ئەو ڕادەیەی کە هێزی کار خۆی وەك کاڵایەك دەچێتە بازاڕەوە)، دەبنەهۆی نەهێشتنی ئیمتیازاتی نێوان تاکەکان و ناساندنیان وەك “کەسی یاسایی”. لای مارکس یەکسانی یاسایی نێوان تاکەکان زەمینەیەکی لەبارە بۆ چەسپاندن و بەردەوامبوونی پەیوەندییە کاڵاییەکان، ستایشی مارکس لە مانیفێستدا بۆ ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەی بۆرژوازی و هەروەها مەحکوم کردنیشی لەم خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت.
“لە یاسای بۆرژوازیدا، هەر تاکێك سوژەیەکی یاساییە. “سوژە”بوون بۆ شتێك، یانی هەبوونی تواناییەکی یاسایی دیاریکراو و لە سەرووی هەمووشیانەوە توانای خاوەندارێتی موڵك و توانای مامەڵکەردن پێی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕدا. بۆیە “سوژەی یاسایی” خاوەنی موڵك و ماڵی خۆیەتی؛ بەڵام بۆ ئەم مەبەستە دەبێت سەرەتا خاوەنی خۆی بێت، واتە خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت؛ ئەمەش دەیکاتە خاوەنی ئیرادەی ئازاد. سوژەی یاسایی خاوەنی هەموو موڵك و ماڵی خۆیەتی و لە ڕێگەی گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕی ئازادەوە لەگەڵ لایەنی سێیەم، نقڵی دەکات”.
“سوژەی یاسایی” ئازادە لە فرۆشتنی هەر شتێك کە هەیبێت (ئەگەر موڵك و ماڵی نەبێت، ئەوا هێزی کاری خۆی دەفرۆشێت) یان ئەگەر پارەی هەبێت، دەتوانێ بیکڕێت، بەڵام دەبێت وەك سوژەیەکی سەربەخۆ بەرپرسیارێتی کڕین و فرۆشتنەکەی لە ئەستۆ بگرێت. سوژە یاساییەکان کە زادەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریین، بە دوو تایبەتمەندی جەوهەری دەناسرێنەوە. یەکەم: ئازادن، دووەم: بەرامبەر بە یەك یەکسانن. مارکس ئازادی و یەکسانی لەم شوێنەدا بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: ئازادی: “چونکە هەم کڕیار و هەم فرۆشیاری کاڵایەك، بۆ نموونە هێزی کار، تەنیا ملکەچی ئیرادەی ئازادی خۆیانن. وەك تاکی ئازاد، گرێبەست لەگەڵ یەکتر دەکەن و بەم پێیەش لەبەردەم یاسادا یەکسانن، گرێبەستەکەیان ئەنجامێکی ئازادە کە تێیدا ئیرادەی هاوبەشیان دەربڕینێکی یاسایی هاوبەش وەردەگرێت”. یەکسانی یانی: «هەریەکەیان وەك خاوەندارێکی سادەی کاڵا، بە یەکسانی ئاڵوگۆڕی کاڵاکانیان دەکەن.»
لەم ڕوانگەیەوە، تەفسیرەکەی مارکس بۆ پێکهاتەی سەرمایەداری و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و یاساییانەی بە دوایدا دێت دروســتە، بەڵام چەندە ئەم تەفسیرەی مارکس بۆ سەرهەڵدانی ئەم پەیوەندییانە لە ناوخۆی هەریەکێك لە وڵاتە سەرمایەدارییە ڕەسەنەکاندا لە ئەوروپا دروستە، ئەوا بۆ گەشەی سەرمایە و لە گەڵیشیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-یاساییەکانی کۆمەڵگە وابەستەکاندا ناجۆر و تەنانەت لە سیمایدا هەڵە دەردەکەوێت. کێشەکە لە کوێــدایە؟ کێشەکە لە تەفسیرە بناغەییەکەی مارکسدا نیــیە کە بە ڕواڵەت هەڵە دەنوێــنێت، بەڵکو لە خودی بونیــادی سەرمایەداری ئەم زەمەنەدایە کە ئالوگۆڕی بەسەردا هاتووە.
سەردەمی سەرمایەداری و گەشەسەندنی بێ پچڕانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ڕەهەندێکی نوێ وەردەگرێت کە زیاتر پەیوەندی بە سنوری نیشتیمانییەوە نییە. لەگەڵ زیادبوونی گرنگیی سەرمایەی دارایی، پرۆسەی هەناردەکردنی سەرمایە لە سەدەی بیستەمدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا فراوانتر بووەوە. وردە وردە گەشەی بەرهەمی گشتی نیشتمانی و زیادبوونی قازانجی سەرمایەی ناوخۆ وابەستە و گرێدراو بوو بە سەرمایەیەکی گەورەتر لە ئاستی جیهانیدا. کێبڕکێی سەخت لە نێوان سەرمایە گەورەکاندا لە شێوەی قۆرخکاریدا چڕتر بووەوە و لە ڕووی شوێنیــەوە سنووری نیشتیمانی بەجێهێشــت بۆ ئاستی نێودەوڵەتی. بۆیە پێکهاتە سەرمایەداریەکان لە قۆناغی ئیمپریالیزمدا، کێبڕکێی توندی نێوان سەرمایەکانیان لەسەر دابەشکردن و دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی کاریگەریی لەسەر ئاستی جیهانی لێکدەکەوێتەوە. لینین لەو بارەوە دەڵێ: “ئەگەر بینیمان سەرمایەدارەکان جیهان دابەش دەکەن، ئەوە بە هۆی خراپەکاری تایبەتی خۆیانەوە نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە قۆناغی ئێستای چڕبوونەوەی سەرمایە ناچاریان دەکات بۆ بەدەستهێنانی قازانج ئەم ڕێگایە بگرنەبەر؛ لە هەمان کاتدا، جیهان “بە ئەندازەی سەرمایە”، “بە ئەندازەی هێز” دابەش دەکەنەوە، چونکە لە سیستەمی بەرهەمهێنانی کاڵا و سەرمایەداریدا ناتوانرێت ڕێگەیەکی دیکەی دابەشکردن هەبێت.
لەم سیاقەدا، دەبیــنین چۆن لێشاوی سەرمایەی گەورە بە مەبەستی دەرهێنانی کەرەستەی خاو، ئیستغلالکردنی هێزی کاری زەبەندە و هەرزان و ئیستغلالکردنی کۆمەڵێك ناوچەی بەرهەمهێنانی بەرز، بەرەو وڵاتانی باشووری جیهان (وابەستە) دەجوڵێت؛ سادەترین دەرئەنجامی ئەم ســیاقە نوێیە ئەوەیە کە کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی چڕتر دەکاتەوە.
لە دۆخی وڵاتانی “وابەستە”دا، عێراق و کوردســتان بە نموونە، گۆڕانی ئابووری و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی چینایەتی ئەم وڵاتانەدا لە سەردەمی ئیمپریالیزمدا لە بنەڕەتدا دەکەوێتە بەر کاریگەری سەرمایەی دەرەکییەوە، بە مانایەك گەشەی سەرمایە لەم وڵاتانە هەمان ڕەوتی گەشەی مێژوویی وڵاتانی باکووری جیهان ناگرنەبەر. ئەگەر هەژموونی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان لە وڵاتانی باکووری جیهانیدا بەرهەمی سەدەکانی خەباتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازی و کێشمەکێشی چینایەتی و پاشان بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕینی پەیوەندی و بەها کۆمەڵایەتییەکان بووە؛ ئەوا وڵاتانی وابەستە، لە سەردەمی ئیمپریالیزمدا، بەبێ ڕەتبوون بەم پرۆسەیەدا، دەخزێــنە ناو پەیوەندییە ئابوورییە نایەکسانەکان و فەزایەکی سەرمایەدارییەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەرهەمهێنان و سەرمایە لەو کەرتانەدا چڕ دەبنەوە کە پێداویستییەکانی بازاڕی جیهانی دابین دەکەن (لای خۆمان نەوت وووزەکانی). سەرەڕای بوونی هەندێ پەیوەندی سەرمایەداری لەم وڵاتانە بەڵام پڕۆسەی مێژوویی و ململانێی چینایەتی هاوتای ئەوروپای بە خۆیەوە نەبینیووە. ‌هێشــتا چینە کۆنەکان و لەگەڵیاندا بەها و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بەوانەوە بەهێزن. لە ئەنجامدا لە زۆر حاڵەتدا خاوەنی پشکە ناوخۆییەکانی ئەم کەرتانەی سەرمایەداری (سەرەك حزب و بنەماڵەکان) کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەرچاوە خاوەکاندا چڕبوونەتەوە، ئەندامی چینە کۆنەکانن.
هەڵپەی ئەم وڵاتانە بۆ ناو پێکهاتەی سەرمایەی جیهانی نەك هەر پێکهاتەی ئابووریی نایەکسان و ئاڵۆز دروست دەکات، بەڵکو بۆشایی و گاپی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیش دروست دەکات. لە ڕووی پێکهاتەی چینایەتییەوە، گەشەی پەیوەندییە سەرمایەداریەکان لەم وڵاتانەدا لە ئەنجامی پڕۆسەی ململانێ چینایەتییە ناوخۆییەکان، یان لە پرۆسەی وەلانانی چینە کۆنەکان لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەراوێزخستنی دامەزراوەکانیان ڕوونادات، بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەمان نوێنەری چینە کۆنەکان دەبنە نێوەندگیری گەشەی نایەکسان و وابەستەی سەرمایەداری لەم وڵاتانەدا.
فەلاح لە باسەکەیدا ڕوون دەچێتە سەر ئەم خاڵە: “گۆڕیــنی ســـەرخان پەیوەندی بە ژێرخانەوە هەیە و دەبێـــت لەگەڵ بنـــەما ماددیــیەکەیدا بگونجێـــت. ژێــرخانیش یان لە ڕێــگەی گەشــەسەندی هێزە مادییــەکان بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە بنـــەما ئابووریــیەکەی دەگۆڕێت، یان بە گۆڕینی دەســـــتبەجێی کۆمەڵگە لە ڕێــــگەی شۆڕشەوە ڕوو دەدات. بەڵام ئەو پێکهاتـــانەی کە سەر بە قۆناغە مێژووییـــــــەکانی پێشوون و دووبــارە لە ســـیستەمەکانی ئێســتادا جێـگیر دەکرێــنەوە، بەهۆی کۆمەڵێـــك فاکتــــەری مێژوویی و ســوبیەکتیڤەوە، نـــە تووشی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە دەبن و نــە لەگەڵ گۆڕانی سیستەمی سیاسیدا دەگۆڕدرێـــن، چونکە ئەمـــانە بەرهەمی ئـــەو نیــن”!
یانی ئەگەر سەرمایە لە ناوەندە ڕەسەنەکانی خۆیــدا ناچار کرا پەنا بۆ ئایدیا لیبراڵەکان بەرێت بۆ لە زەویدانی تەواوی پەیوەندییە کۆنەکانی فیودالیزم، بەڵام مۆدێنیزەکردن بۆ ئێســتای کۆمەڵگە پەراوێزەکان دەتوانێت هەژموونی کۆلۆنیالیزمی نوێ بخاتە لاوە. یانی “ئەگەر مۆدێــرنیزەکردن ئەو سنوورانە تێپەڕێنـــێت کە دژایەتی دابەشکردنی جیهانی کار و دابەشکردنی کاریگەری و هاوبەشی بازاڕەکانی جیهان دەکەن، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بوێری مۆدێرنیزەکردنیان زیــاد لە پێویســت کردووە، دەگەڕێــندرێنەوە بۆ سەردەمی پێش پیشەسازی و تەواوی شارەکان وێران دەکرێــن و ئەو وڵاتانە دەکرێــنە کەمپی پەنابەران”.
“لێرەوە سەیــرکردنی پێکهــاتە فیکرییەکانی ناو کۆمەڵگە وابەستەکراوەکان وەك پاشــماوەی ڕابردوو کە گەشەسەندنی تەکنیــکی و مەدەنــی دەتوانێــت لەم عاداتە زیانبەخشــانە ڕزگارمان بکەن، تێڕوانیــنێکی ناماددیــیە. ئەم پێکهـــاتانە، پاشماوە یان دەرکەوتەیەك لە دەرکەوتــەکانی کەموکووڕییەكانی پرۆســەی گەشەکردن نیـــن، بەڵکو خودی سەرخانن کە پێویستە بەرەوڕوویان بووەســتینەوە”.
ئەم دۆخە لە گەشەی سەرمایە لای خۆمـــان دەبێــتەهۆی دروست کردنی پێکهاتەیەکی سیاسی سەرکوتگەر کە تەنانەت سەرەتاییترین ئازادیی و مافەکانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییە هەژارەکان قبوڵ ناکات ئەویش بەهۆی بوونی بەهێزی پەیوەندی و بەها تەقلیدییەکانەوە. بۆرژوازی وڵاتانی وابەســتە بە پێچەوانەی بۆرژوازی ئەوروپا، ئایدیۆلۆژیــایەکی یەکگرتووی خۆی بەرهەم نەهێــناوە، کە لەسەر پایەی هێزەکـــانی بەرهەمهێـــنانی ماددی سەرمایەداری و ژێرخانێــکی هاوچەرخ، یان کێشمەکێشی چینایەتی تووند لە نێوان چینەکاندا وەستابێت، هەر بۆیە شوناسە خێڵەکی و ئایینییەکان، نەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان دەهێرێــنەوە و لەسەرخانی کۆمەڵگەدا لە ڕێی یاساکان و تەشریعاتەوە دەچەسپێنرێن. شوناسی خێڵ و ئایین، نەریت و بەها کۆنەکان هەر تەنیـــا هێز و کۆنترۆڵ و “هەژموونی پیرۆز” نابەخشنە دەسەڵات بەڵکو ئامرازێکی خەفەکەرانە و تلیاکێکی بەهێزیشە بۆ خەڵەفاندنی خەڵك.
لە کۆتــــاییدا ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە گۆڕانکارییەکانی ناو هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو تەنیا لە چوارچێوەی کۆی پەیوەندییە جیهانییە ئیمپریالیستەکاندا دەتوانرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت. بەم مانایە ئەگەر شیکردنەوەی پێکهاتە سیاسی-ئابوورییەکان تا سەدەی نۆزدەهەم لە بنەڕەتدا پشتی بە گۆڕانکاریی وهاوسەنگی هێزە چینایەتییەکان لە ناو وڵاتێکدا بەستبێت، ئەوا ئەم شیکارییە لە دوای سەردەمی ئیمپریالیزمەوە، پەیوەستە بەو پرۆسانەی کە لە ئاستی جیهانیدا ڕوودەدەن. بێگوومان ئەم قسەیە ئەوە ناگەێنێت کە ململانێی چینایەتی لە ناو هەر وڵاتێکدا بە تەواوی پەیوەســتە بە ڕەوتە جیهانییەکەوە؛ چونکە ئەوە بۆ ئێمە ڕوونە کە پەیوەندییە چینایەتییەکان تایبەتمەندی خۆیانیان هەیە، ئەمەش بەندە بە مێژووی ململانێی چینایەتی و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە تایبەتانەی کە لە هەر وڵاتێكدا هەیە، بەڵام خاڵی سەرەکی باسەکە ئەوەیە کە شیکردنەوەی ڕەوت و دژە ڕەوتی کێشمەکێشە چیانیەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی ناوخۆ بەبێ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە جیهانییەکان، لە بنەڕەتدا ناتەواو دەبێت. سەرمایە هەمیشە جیهانی بووە و یەکێك لە بنەماکانی بەرهەمهێــنانی هەر لە سەرەتاوە کۆلۆنیالیزمی دەرەکی بووە. بێگوومان جیاوازیەك هەیە لە نێوان جیهانیبوونی بازاڕی سەرمایە لە “قۆناغی کێبڕکێکاندا”دا، واتە قۆناغی “هەناردەکردنی کاڵاکان” و پەیوەندییە کۆلۆنیالیزمەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدە، لەگەڵ جیهانگیری سەرمایەداریی ئیمپریالیستی کە لەسەر بنەمای “هەناردەکردنی سەرمایە” دامەزراوە.
ئەگەر تا ئێســـتا هاوڕێــیەکی چەپ یان کۆمۆنیستێك لایوایە هۆکاری کەڵەکەی سەرمایە لە کوردســتان و عێراق، لەڕێی “زێدەبایی”ـی و کێشمەکێشی کلاســیکی نێوان سەرمایەدار و پرۆلیتاریاوە وەك دوو لایەنی خاوەن ئیرادەی ئازاد و یەکسان لەبەرامبەر یەکتر بەدەست دێت، یان سەرکوت، ئامرازێکە بۆ بەدەستهێــنانی زێدەبایی زیاتر، یان ئێمە چینی پرۆلیتاریای پیشەسازی و یەکگرتوو و ڕێکخراومان هەیە، یان پەیوەندییە نەریتییە کۆنەکان بە ئایینیشەوە دەتوانرێت لەگەڵ گەشەی “عەقڵانی” سەرمایەدا لاواز بکرێن….تاد ئەوا باشترە جارێکی تر بە خۆی و تێڕوانیــنەکانیدا بچێــتەوە. هەڵەی زۆرێك لە ئێمە ئەوەیە کە تا ئێســـتاش بە چاوی کتێــب، تێڕوانینی ستاندارد، تەفسیر و تەشخیسی ئەوروپیــانە و تێڕوانینی سەد ساڵ پێش ئێســتا بۆ پێکهاتەی سەرمایە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لای خۆمــان دەڕوانین. ئەمە دەبێت بگۆڕدرێت، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە جێی گشتگیرکردنی تێز و تیۆرەکان و بەکارهێــنانیان بۆ هەموو کات و هەموو شوێنێك، خۆمـــان تێز و شیکردنەوەی دیاریکراو بۆ دۆخی دیاریکراو بەرهەم بێنیـــن و سودیش لە مێژوو بکەین. ئەم نووســینە هەوڵێکە لەو ڕاستایەدا.
١٥ی سێپتێمبەری ٢٠٢٥
سەرچاوەکان:
 بەختیار عەلی، چۆن ئەهریمەن لە دایك بوو؟ سایتی ئاوێــنە.
 فەلاح علوان، ژن و پێکهاتە فیکریــیەکانی کۆمەڵگە! سایتی ئاوێــنە.
 کارل مارکس، فرێدریك ئەنگلز: مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست.
 کارل مارکس، رأس المال، الفصل الأول.
 ڤلادیمێر لینین، ئیمپریالیزم، الأمبریالیة. اعلی مراحل الرأسمالیة.

لێدوانێک بەجێ بهێلە