ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر لە ساحەی ئەمەوییەکان لە دیمەشق روویدا، کە تێیـدا خۆپیشاندەرانی سەر بە حکومەتە هێنراوەکەی جۆلانی سندوقێکی پێڵاوبۆیاخکردنیان بەرز کردەوە وەك هێمایەکی سوکایەتی بە کوردانی رۆژئاڤا کە ئەوان هەمیشە بۆیاخچی پێڵاوبوون و لەمە زیاتر هیچی تر نین، ناتوانین هەڵسوێستگیریەکی لەسەر نەکەین.
سەرەتا ئەوە بڵێم کە بەرزکردنەوەی سندوقی “پێڵاوبۆیاخکردن” وەك هێمایەك بۆ گاڵتەکردن بە کورد، کردەوەی تاکێك نییە کە ڕەنگە وەك تاك رقی لە کورد بێت؛ بەڵکو دەرئەنجامی مێژوویەکی دوور و درێژی کەڵەکەبوونی فاشیزمێکی بە بەرنامەی ڕژێمی فاشیستی بەعسە کە ئێســتا شۆڕبۆتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و رەگ و ڕیشەیەکی پەیداکردووە لە ناو مەخیلەی بەشێکی گەورەی خەڵکی سوریــا بە تایـــبەتی ئەوانەی کە لایەنگری دەسەڵاتەکەی جۆلانیــن.
پێڵاو بۆیاخکردن کارێك نییە مرۆڤ شەرمەزار بکات؛ ئەگەر شەرمەزارییەك هەبێت ئەوە یەخەی ڕژێمی بەعس دەگرێتەوە کە هیچ پێناسەیەکی بوون بۆ “ئەوی دی جیاواز” قایل نابێت و بێجگە لە تووندوتیژیی بە بەرنامەی دەوڵەتی، سیستەمێکی ژیانیش بەسەریاندا فەرز دەکات کە لایقی مرۆڤ نییە. حزبی بەعس وەك حزبێکی ناسیونالیستی عروبی پڕ لە سیاسەتی شۆڤینیستی بەرامبەر بە کورد، ســیاسەتی هەژارکردنی ناوچە کوردییەکانی کردبووە کارێکی ئیجباری. بە بڕیاری دەزگا ئەمنییەکانی بەعس ڕێگە نەدراوە هیچ کارگە و پرۆژەیەکی ئابووری لەو ناوچانە بکرێتەوە. زەوی و زاری جوتیارە کوردەکان داگیرکراوون و دراوون بە عەرەبە هاوردەکانی دێرلزوور و رەقە و ناوچەکانی تر، زمانی کوردی قەدەغە کردووە و کوردی لە مافی ناسنامە بێبەری کردووە.
وە ئەگەر بەراوردێکی سادەی تر بکەین دەتوانین بڵێین کاری پێڵاوبۆیاخ کردن زۆر مرۆڤانەتر و شەریفانەترە لە کردەوەی ئیسلامیزمی دەسەڵاتدار کە سەرپەڕاندن و خۆتاقاندنەوە و سەبی کردنی ژنان و جنێو و تەشهیر و ئیهانە و دزینی ماڵ و موڵکی خەڵکیان کردۆتە پراکتیکی ڕۆژانەیــان.
بەڵام باسەکە لەم ئاســتەی خوارەوەشدا ناوەســتێ، ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە ڕەگ و ڕیشەی ئەم فاشیزمە بگەین، پێویست دەکات زیاتر شۆڕبیــنەوە بۆ مێژووی دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا.
فاشیزمێك کە ئێستا لە وڵاتێکی وەك سوریا دژ بە کورد پراکتیزە دەکرێت، میراتێکی ڕەشی دەسەڵاتی فاشیستانەی ڕژێمی بەعسە و ئەوانەی دوای ئەویش دەسەڵاتیــان گرت، نموونەیەکی تری هەمــان عەقڵییەتی بەعسن، بەڵام لە بەرگێکی تردا.
مێژووی سەرهەڵدانی ئەم فاشیزمە، تەنیا بەرهەمی ڕژێمە مۆدێرنەکان نییە؛ بەڵکو ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتەی کە زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات (عوسمانی، سەفەوی و عەرەب) دەستیان کرد بە دابەشکردنی ناوەند و پەراوێزەکان. کورد کە بەسەر خاکێکی بەرفراوان و کاریگەری ئەم ناوچانەدا بڵاوببوەوە، هەرگیز خاوەنی دەوڵەت نەبووە بۆ سەپاندنی گێڕانەوەکانی خۆی، بۆیە بە پێی لۆژیکی کۆمەڵناسیی سیاسی، ئەو گەلانەی کە گوتارێکی فەرمی دەربارەی خۆیان بەرهەم ناهێنن، مێژووەکەیان لەلایەن ئەوانی دیکەوە دەنووسرێتەوە.
لەگەڵ کەوتنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ئەم ناوچەیە لە بەرژەوەندی ئیمپریالیزمە سەرکەوتووەکانی جەنگ، لە هەر یەکێك لەم وڵاتانەدا کۆمەڵێك بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی گەیشتنە دەسەڵات و پرۆژەی دەوڵەتی ناسیونالیستی لە دایك بوو. لە عێراق و سوریــا حزبی بەعسی عروبی لە شەستەکانەوە گەیشتنە دەسەڵات. پرۆژەی ئەم بزووتنەوە فاشــییە، دروست کردنی ئوممەتی عەرەبی گەورە بوو لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئــاوا. میشێل عەفلەق، دامەزرێنەری حزبی بەعس دەڵێ: “کورد بەڕەچەڵەك عەرەبە، بەڵام کۆلۆنیالیزم وای لێکرد زمانەکەی لەبیربچێت. زێدی عەرەب لە چیاکانی زاگرۆسەوە تا زەریای ئەتڵەسی درێژ دەبێتەوە، بەڵام چەند کەمینەیەکی تێدا نیشتەجێیە، کە ئەگەر کێشە بۆ نەتەوەی عەرەب دروست بکەن، ئەوا ئاوارەیان دەکەینە دەرەوەی سنوورەکانمان”.
وڵاتانی تازەدروستبوو و ئاوس بە گوتاری ناسیونالیستی و عروبی پێویستیان بە گوتارێك بوو بۆ یەکخستنی توخمە جیاوازەکانی خۆیان و ڕاگەیــاندنی یەکگرتووییــەکی خەیاڵاوی. لەم نێوەدا بوونی کورد وەك بەربەستێك دەبینرا لە بەردەم یەکگرتوویی “نەتەوەی عەرەبدا” کە دەبێ وەلابنرێت. بەعس ئەوەی لا ڕوون بوو کە تەبعیس و دوورخستنەوە وتووندوتیژی و توانەوە تێچووی زۆرە. ئەگەرچی لەم سیاسەتانەشدا کەمتەرخەم نەبوون بەڵام لە پاڵ سەرکوتدا پێویستیان بەوە بوو کە جارێکی تر کورد بە پێی ئایدیۆلۆژیــای بەعس و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستی قەیراناوی و لە ناو دەوڵەتێکی فاشیستی عروبی تاكشوناس کە خۆی وەك تاکە قۆرخکاری مانای سەربەخۆیی لێکدەداتەوە پێناسە بکەنەوە.
لە گەڕان بەدوای یەکگرتووییەکی دەستکرددا، “ئەوی دیکە”یەکی ناوخۆییان دروستکرد تا هەم پرۆژەکەیــان و هەم دژایەتییە ناوخۆییەکانی خۆیانی بخەنە سەر. بەم شێوەیە کورد، نەك وەك گەلێکی خاوەن زمان و مێژووی جیاوازی خۆی، بەڵکو وەك هەڕەشەیەکی بەردەوام بەرهەم هێــنرا. لە دوای ئەوە کورد لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و مەنهەج و نوکتە و زمانی ڕۆژانەوە وا وێـنا کرا کە دەبێت لە ڕێگەی چاودێری و دەستبەسەراگرتن و سەرکوتە جۆراوجۆرەکانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەك لە ڕێگەی دانپێدانان بە مافەکانیدا.
لەو چوارچێوەیەشدا ڕژێمە بەعسییەکانی عێراق و سوریا ڕاستەوخۆ ڕۆڵیان بینی لە گۆڕینی کورد لە پێکهاتەیەکی سەرەکی و هاووڵاتییەکەوە بۆ ڕەمزی “مەترسی ناوخۆیی”. ئەم بە شەیتانی کردنە، لەبەر ئەوە نەبوو کە کورد مەترسییەکی ڕاستەقینەی دروستکردبوو لەسەر ئەم ڕژێمانە، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە ڕژێم بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شەرعیەتی خۆی پێویستی بە هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە بوو.
ئامرازەکانی ئەم گۆڕانکارییە فاشیستییە تەنیا سیاسی و ئابووری نەبوون؛ بەڵكو کولتووریش بوون. نوکتــە کە بەڕواڵەت بێتاوانە، یەکێك بوو لە دیارترین ئامرازەکانی توندوتیژی ڕەمزی. بۆردیۆ ئەم توندوتیژیەی بە توندوتیژییەك وەسف دەکات کە “قوربانییەکانی وەك توندوتیژی نایناسن” و ڕەنگە ئەمەش وا بکات کە ئەم جۆرە لە تووندوتیژیی لە گوتاری فەرمی مەترسیدارتر بێت؛ چونکە بە جۆرێك پلەبەندیەکان لە هۆشیاری جەماوەریدا بەرهەم دەهێــنێتەوە کە کەس هەســتی پێنەکات و کاردانەوە دروست نەکات. بەم شێوەیە نەوەیەك دروست دەبێت کە لایوایە کورد دەبەنگن، غەوغائین، خائینی نیشتمانن، مێشکیان قفڵ کراوە “اذا الکاکە یقفل”، تووندوتیژن و دەبێ لە ناو ببرێن. سیفەتگەلێك کە هیچ پەیوەندییەکیان بە واقیعەوە نییە، بەڵکو زیاتر گوتارێکی سیاسین بۆ بەرهەمهێنانی هەستێکی ناسیۆنالیستانەی پووچ کە “ئێمەی عەرەب” لە بەرامبەر “ئەویتر”ێكی جیاواز کە هەڕەشەیە پێناسە دەکات.
لێرەدا فاشیزم دەبێــتە بیــنایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە کون و قوژبنــە بێدەنگەکانی کۆمەڵگەدا کار دەکات. وە لەبەر ئەوەی دروست دەکرێت، پێویست دەکات ڕۆژانە بەرهەمهێنرێتەوە. هەربۆیە وێنەی کورد لە مەخیلەی کۆمەڵایەتــیدا وەك بابەتێك بۆ قەشمەری دروست دەکرێت. بە تێپەڕبوونی کات، ئەو وێنانەی بەعس لەسەر کورد دروستی کردبوون، ئەوەندە لە مەخیلەی گشتیدا چەسپان تا وایان لێهات خەڵکی ئاســایی لە چاوی ڕژێمەوە لە کورد بڕوانن وەك ئەوەی ئێســتا لە سوریای جۆلانیــدا دەیبیــنین. ئەمە تەنیــا پرۆسەیەکی دەروونی نییە، بەڵکو میکانیزمێکی سیاسی و فەلسەفی ئاڵۆزە کە ڕێگە بە ڕژێم دەدات کۆنترۆڵی خەڵك بکات تەنانەت بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆش. کاتێك بەعس وێنەیەکی دیاریکراو لە کورد دروست دەکات و بە مەترسیدار، گێل یان جوداخواز دەیناسێنێت، ئەوا نەك هەر هەوڵی شەیتانکردنیان دەدات بەڵکو بە دوای داڕشتنەوەی هۆشیاری ئەو زۆرینەیەشدا دەگەڕێت کە ئەم گوتارە وەردەگرن و بەرهەمی دەهێننەوە.
لای فاشیزمی بەعس، وەك هەر بیرکردنەوەیەکی فاشــیستانەی تر کە لە سەر ڕوانگەیەکی جەوهەرگەرایی- Essentialist بینا کراوە، جیاوازی دەگۆڕدرێت بۆ جەوهەر، فرەچەشنی بۆ هەڕەشە و ئیستسنا دەبێــتە نۆرم و ترسی ئەویتر دەبێتە بەشێك لەو شوناسە نەتەوەییە ساختەیەی کە دەوڵەت دروستی کردووە. بە تێپەڕبوونی کات، خەڵك ئەم وێنانە وەردەگرن و ئەرگومەنتی ئەوە دەکەن کە ئەوە بۆچوونێکە خۆیــان پێیگەیشتوون، نەك بۆیــان دروست کرابێت و ڕۆژانە لە ڕێگەی میدیا و پەروەردە و زمانی ڕۆژانەوە بەسەریاندا فەرزکرابێت. ئەمە ڕێك لە بەرامبەر کورد و کەمایەتییە ئایینی و ئیتنیکییەکانی تردا بەکار هاتووە. دەوڵەت وێــنەکە دروست دەکات، مێدیــا پایەداری دەکات، کۆمەڵگە وەریدەگرێت و تاکیش بە بێ ئەوەی ئاگادار بێت کە ئەمە بۆی دروست کراوە لە ناخی خۆیــدا وەردەگرێت و ئامادەشە بەرامبەرەکەی لە ناو بەرێت.
کاتێك سورییەکان بە چاوی ڕژێم لە کورد دەڕوانن، ئەوە مانای ئەوەیە کە دەسەڵات لە پێگەی دەرەکی خۆیەوە شۆڕبوەتەوە بۆ ناو خودی هۆشمەندی و کۆمەڵگا دەستی کردووە بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خۆرسکانەی فاشیزم. لێرەدا ڕزگاریی دوو ئەرك دەخاتە سەر شــانی خۆی: یەکەم؛ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتێکی سیاسی کە سیستەمێك و گوتارێکی فاشیستی دەسەپێنێت، دووەم؛ رزگاربوون لە دەسەڵاتێکی مەعریفی کە لەناو مەخیلە گشتیەکەدا خۆی شاردۆتەوە و “سروشتی” دەردەکەوێت، لە کاتێکدا ئەوە دروست کراوی ئایدیۆلۆژیکی فاشیستانەیە کە دەیان ساڵە بەرهەم دەهێنرێتەوە.
وەســتانەوە بەرامبەر بەم فاشیزمە کە بە قووڵی لە هۆشیاری دەستەجەمعیدا چەسپاوە، تەنیا بە کاردانەوەی تووڕە یان قسەی ڕاستەوخۆوە ناوەستێت، بەڵکو یەکەم بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بونیادە لە بیرکردنەوەیە کە بەرزکردنەوەی سندوقی پێڵاوبۆیاخ کردن دەکاتە کردەوەیەکی زەلیلانە. کێشەکە خودی سندوقەکە نییە، بەڵکو ئەو مانا ڕەمزییەیە کە لە دەوری بنیات نراوە و لەو خەیاڵە بەکۆمەڵەدایە کە کورد وەك ئۆبژەی گاڵتەجاڕی سەیر دەکات و سوکایەتی پێکردنی دەکاتە کردەوەیەکی قارەمانانە. ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزم لێرەدا، لێدانە لەو خەیاڵە. خەیاڵێك کە بە دەستی دەسەڵاتێکی عروبی فاشی بە درێژایی دەیان ساڵ دروست کراوە.
سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەکە لە وەرگرتنەوەی “مانـــا”وە دەست پێدەکات. کاتێك سوکایەتی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی سندوقی پێڵاو بۆیاخ کردنەوە دەست پێدەکات، دەکرێت هاوکێشەکە پێچەوانە بکرێتەوە، کاری پێڵاو بۆیاخ کردن وەك هێمای کارێکی شەریفانە مانا بکرێت. ئێمە بەم کارە دەتوانین مانایەکی نوێ دروست دەکەین کە قۆرخکاری دەسەڵات بەسەر هێماکاندا بشکێنێت. هێزی فاشیزم لەسەر قۆرخکردنی مانا بنیات دەنرێت، لەسەر پێناسەکردنی ئەوەی کە چی بنەمایە و چی شەرافەتمەندە، چی جوانە و چی ناشیرین، “ئێمە” چین و “ئەوان” چی. ئەگەر توانای پێناسەکردنی ڕەمزەکان بەدەست بهێنینەوە و هێزی سووکایەتییان لێ وەربگرینەوە، ئەوا لە دڵی فاشیزم دەدەین و توانای کۆنترۆڵکردنی مانای لێوەربگرینەوە.
بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەکە تەنیا ڕەمزی نییە؛ هەروەها مەعریفیشە. فاشیزم لەو شوێنانەدا گەشە دەکات کە مەعریفە لاوازە یان هەر نیــیە. مرۆڤەکان وێنەی “ئەویتر”یان لە نوکتــە و دەنگۆوە پێدەگات نەك لە واقیعەوە. بۆیە ئاشکراکردنی مێژووی کورد، زمانی کوردی، کولتووری کوردی، خەباتەکەیان، لوکسێکی کولتووری نییە، بەڵکو کردەیەکی سیاسی گرنگی ڕاستەوخۆیە بەرامبەر بە جەهلیك کە هۆکاری دروست بوونی فاشیزمە. مەبەست لە مەعریفە لێرەدا زانیاری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ داڕشتنەوەی خەیاڵی گشتی، وەك ئەوەی بە خەڵك بڵێیت: “ئەوەی ئێوە گاڵتەی پێدەکەن، جنۆکە نیــیە، وەهم نییە، بەڵکو مرۆڤێکی تەواو و ڕاستینەیە، خاوەن مێژوو و عەقڵ و ئازار و خەونەکانی خۆیەتی”. بەم مانایە مەعریفە دەکاتە هۆی لاوازکردنی فاشیزم، چونکە لە توانای فاشیزم دەدات بۆ دروست کردنی دوژمنێکی بێ ڕووخسار.
لە کۆتاییدا ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسیش هەیە. فاشیزم تەنیا بیرکردنەوەیەك نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە پێکهاتەی دەسەڵات و سەرمایە. ناتوانرێت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی کە دروستی دەکات و بەرهەمی دەهێنێتەوە. مەرج نییە ئەمە بە تەنیا بە شۆڕش بکرێت، بەڵکوو دەتوانرێت لە ڕێگەی بنیاتنانی فەزای گشتی نوێوە ئەنجام بدرێت، فەزایەك کە ڕێگە بە ڕەخنە و دانپێدانان و دیالۆگ و سەرهەڵدانی دەنگی ئازاد دەدات کە خۆیان پێناسە دەکەن، نەك میدیایەکی فاشی پێناسەیان بکات. کاتێك فەزاکان بۆ دەنگە وەدەرنراوەکە دەکرێنەوە، گێڕانەوەکانی فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە، چونکە گێڕانەوە فاشیستییەکان تەنیـا لەناو ئەو بۆشاییانەدا دەتوانن بژین کە لە دەوری قوربانییەکانی دروستی دەکات.
ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزم لە بچووکترین وردەکاریەوە دەست پێدەکات و بە گەورەترین پێکهاتەکان کۆتایی دێت. سەرەتا بە گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ زەحمەتکێشانی سەر جادە کە پێڵاو بۆیاخ دەکەن، تا گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ مرۆڤ کۆتایی دێت. بە وشەیەك دەست پێدەکات و بە ئازادکردنی خەیاڵی تەواوی کۆمەڵگایەك کۆتایی دێت. شەڕێکی درێژخایەنە، بەڵام شەڕێکی بێهیوا نییە، چونکە فاشیزم هەرچەندە چەسپاوە، بینایەکی سروشتی نییە بەڵکو بنیاتنراوە. ئەوەی بنیات نراوە دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەوەی هەڵدەوەشێتەوە دەتوانرێت تێپەڕێنرێت و ئەوەی بەسەریدا زاڵ دەبێت دواجار فەزا بۆ مرۆڤ دروست دەکات تا ببێتە مرۆڤی ڕاستینە، نەك وێنەیەك سیستەمێك دروستی کردووە کە لە ناوخۆدا شکستی هێناوە و هێشتا لەسەر زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە گەشە دەکات.
30.11.2025