66
لەگەڵ کۆتاییهاتنی نەبەردییەکەی شێخ مەقسوود و چوونەناوەوەی ســوپاکەی خودا و چەتەکانی تورکیا بۆ ئەو دوو گەڕەکە، شایەتی گیانلەدەستدانی چەندین شەڕەڤان و سەرکردەی مەیدانیی ئازا و خۆڕاگر بووین، هاوکات شایەتی دیمەنی ئیهانەپێکردن و فڕێدانەخوارەوەی شەڕەڤانێکی ژنی کورد بووین لە ئاپەرتمانێکی سێ قاتەوە و بەرزبوونەوەی هاواری “الله اکبر”ی ئیسلامییەکان لەگەڵیدا. ئەم ڕووداوە ئێمەی بەرەو ڕووی کۆمەڵێك داینامیکی ســیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵۆز کردۆتەوە بە تایبەتی لە کوردسـتانی خۆمـــان کە خەریکە فۆرم وەردەگرن. ئەوەی دەبینرێت سەربەرزکردنەوەی نیشــانەکانی گوتارگەلێکی ئایدیۆلۆژیانەی فاشیستی ناسیونالیستی و ئایینیە کە خەریکە لە بەدەنەی کۆمەڵایەتیماندا چەکەرە دەکات، لەوەش خراپتر دەسەڵاتێکی ناسیونالیستی بە میدیاکار و ڕۆشنبیرەکانییەوە خەریکی فوودان و گەورەکردنەوەی ئەم دوو ڕەگە فاشیستییەن و خەڵکی ســاویلکە و نەزانیش پێی کاریگەر بوون و وەك تووتی ئاســـا، دەیڵێنەوە.
گۆڕانکارییە خێراکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە مەرج نیــیە توندوتیژی، هۆشیارییەکی ڕزگاریکەر بەرهەم بهێنـــێت، بەڵکو ڕەنگە تەواو پێچەوانەکەی بەرهەم بێت. تووندوتیژییەك کە لەسەر یادوەری برینداربوو کار بکات، ئەوا مەزلومییەتی مێژوویی دەگۆڕێت بۆ پرەنسیبێکی ســیاسی جێگیر.
گوتاری ناسیۆنالیستی وەلانەر و گوتاری ئیسلامیی توندڕەو ناتوانرێت وەك دوو دیاردەی جیاواز تێیـــبگەین، بەڵکو وەك دوو ڕووی جیاوازی یەك پێکهاتە کار دەکەن و هەردووکیــان بەرهەمی دنیــای سەرمایەداریی نوێن. بەرهەمی کۆمەڵگەیەکی پارچەپارچەن، بەرهەمی دەوڵەتێکی نا دەوڵەت و داڕماو و هەژموونێك کە لە ڕێگەی تاکشوناسەوە بەرهەم دەهێنرێت نەك سیاسەت. لێرەدا دوو نموونە لەو فاشیزمە کە یەکێکیـــان قەومی و ئەوی تریــان ئاییــنییە لە خوارەوە دەهێنمەوە و هەوڵی خوێندنەوەیان دەدەم.
یەکەم؛ فاشیزمی قەومی:
ئەوەی بینیـــــمان لەم چەند ڕۆژەدا و بە دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کۆمەڵێك پەرچەکرداریی کۆمەڵایەتی بوون کە ترســناکە ئاوڕێکیان لێنەدەینەوە. ئەم پەرچەکردارانە بە دەرکردنی کرێکارانی سوری لە کوردســتان بە تایبەتی هەولێر دەستی پێکرد و تا ئێســتاش لە ڕێی گوتارێکی فاشیســـتانەی دژە “عەرەب” لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵات و سۆشیاڵ میدیاوە بەردەوامە. ئەم گوتارە جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکاتەوە:
[گەر نەتەوەیەکی خاکداگیرکراو وموعەڕەز بە سڕینەوە و جینۆساید، بیەوێت بە زیندووی بمێنێتەوە یان لە ژێردەستەیی رزگاری بێت، دەبێت نەك هەر کتومت وەك دوژمنەکەی، بەڵکو دو هێندەی ئەو دڵڕەق و بێبەزەیی بێت]
[جا وەك نەتەوەی ژێردەستە و خاك و ماف زەوتکراو، تۆ مافی خۆتە کەئەگەر دوژمن جارێك تۆی کوشت، تۆ دوو جار.ئەو گوندێکی تۆی سوتاند، تۆ دوو گوند.ئەو سێ ئەندامی نەتەوەکەی تۆی ئاوارە کرد، تۆ شەش.]
[Never again, واتە نابێت رێگە بدەن جارێکی دی حەوتی ئۆکتۆبەر یان هۆلۆلۆست رووبداتەوە]
[کورد دوو بژاردەی لە پێشە: یان لەناو ئەو رۆمانسیەت و حەکایەتی بیرکۆڵی مرۆڤدۆستیە فەیکەیدا لە گۆڕستانی نەتەوەگەلی و وەك قیبتی و ئەمازیغی بەدوای گۆڕەکەی خۆیدا دەگەڕێت. یان کوردیش وەك جووەکان، لە گۆشەیەکی ئەقڵی هەرتاکێکیدا سیاسەتی Never again وەك عەقیدەیەکی پیرۆز دەنەخشێنێت و خۆی لە داگیرکەرە هۆڤیەکانی کوردستان بپارێزێت].
ئەم گوتارە فاشیستییە قەومییە لە ژێر دروشمی “هەرگیز جارێکی تر” داوای کۆپی کردنی مۆدێلی زایۆنیزم دەکات و لێرەوە پرسی کورد، بە هەموو ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و ســیاسییەکانییەوە کورت دەکاتەوە بۆ هاوکێشەیەکی مانەوەی بایۆلۆژی کە لەسەر بنەمای سزادانی بە کۆمەڵ و قڕکردنی ئەوانی دی دامەزراوە. ئەم گوتارە لە شیکردنەوەیەکی ماتریالیستییانە بۆ چەمکی ستەم سەرچاوە ناگرێت و تەنهــاش بە دەربڕینی عاتیفیــانە و تووڕەبوونەوە ناوەســتێت بەڵکو هەوڵدەدات تیۆرێکی ســیاسی داتاشێت و زەبر و زەنگی مێژوویی بکاتە پڕەنسیپێکی سیاسی ڕەها و توندوتیژی بێسنوور وەك مافێکی وجودی پاساو بدات. لێرەدا یادەوەری لە ئامرازێکی هۆشیاری ڕەخنەییەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی کۆکردنەوەی فاشیستیانە.
ئەم گوتارە هیــچ ناکات ســیاسەت دەگۆرێت بۆ ئەفسانە. سیاسەت، بەرهەمی خەباتێکی کۆمەڵایەتی-ماددییە و ملکەچی ڕەخنە و شیکاری و گۆڕانکارییە، لە کاتێکدا ئەفســانە بە تایبەتی ئەفسانەی قەومی، مێژوو دەگۆڕێت بۆ چارەنووسێکی داخراو، ململانێ لەم پێناسەیەدا نەك ململانێیەکە لەگەڵ پێکهاتەکانی هەژموون، بەڵکو ململانێیەکی ئەبەدییە لە نێوان شوناسە جەوهەرگەراییەکاندا. هەر لەم خاڵەدا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ناوەڕۆکی ڕزگاریخوازانەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕدرێت بۆ پڕۆژەیەکی مانەوەی بایۆلۆجی و کولتووری، توندوتیژی لەم گوتارەدا دەبێتە ئامانجێك نەك ئامرازێکی تاکتیکی.
لایەنێکی تری ئەم گوتارە مەترسیدارە نەك هەر شەرعیەتدانە بە توندوتیژی، بەڵکو ئاساییکردنەوەی لەناوبردنی فیزیکییە وەك تەکنیکێکی حوکمڕانی. کاتێك “ئەگەر یەکێکمان بکوژن، ئێمە دوو کەس دەکوژین؛ ئەگەر ماڵێك بڕووخێنن، دووان دەڕوخێنین”، ئەوا ئێمە ڕووبەڕووی لۆژیکێکی ماتماتیکی قڕکردن دەبینەوە کە مرۆڤ بچووکدەکاتەوە بۆ ژمارە و دادپەروەری لە هەر ناوەڕۆکێکی ئەخلاقی یان کۆمەڵایەتی خاڵی دەکاتەوە. ئەم لۆژیکە جەوهەری فاشیزمە. یەکێك لە پێناسەکانی فاشیزم و بزووتنەوە فاشییەکان بە درێژایی مێژوو ئەوەیە کە نکۆڵی لە توندوتیژی ناکات، بەڵکو توندوتیژی دەگۆڕێت بۆ بەهایەکی ســتاتیکی و سیاسی لە خۆیدا.
پیاهەڵدان و هێــنانەوەی ئەزموونی زایۆنیزم وەك مۆدێلێك کە دەبێ وەربگیرێت، ڕاستییەکی بنەڕەتی پشتگوێ دەخات، ئەویش ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە تەنیا بەرهەمی تووندوتیژییەکی ئەخلاقی یان ئیرادەیەکی بەهێزی نەتەوەیی جوو نەبوو، بەڵکو پێش هەموو شتێك پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیستی بوو کە لە چوارچێوەی هاوسەنگی ئیمپریالیستی جیهانیدا بنیات نرا و پشتی بە باڵادەستی سەربازی و ئابووری و سیاسی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی بەستبوو. وەك ئیمانوێل ڤالێرشتاین- Immanuel Wallerstein دەڵێ: [ئیسرائیل لە دەرەوەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی سەریهەڵنەداوە، بەڵکو وەك بەشێکی ئەو سیستەمە، وەك بنکەیەکی پێشکەوتوو لە ناوەند-پەراوێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوو وە ئەرکدار بوو].
بۆیە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ئەم مۆدێلە بۆ ســیاقی کوردی، ناتوانێت بەرگری ناوخۆیی لە بەرامبەر دوژمنانیدا پێکبهێنێت، بەڵکو لۆژیکی دەوڵەتێکی چەکداری سەرکوتگەر، دەوڵەتێك کە لەسەر جیاکاری نەتەوەیی و میلیتاریزەکردنی هەمیشەیی و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ سەربازگە دروست دەکات. ئەم مۆدێلە ڕزگاری بەرهەم ناهێنێت؛ بەڵکو فاشیزم لە فۆرمێکی ناوخۆییدا بەرهەم دەهێنێتەوە، گەلی ستەملێکراو دەگۆڕێت بە قەوارەیەکی سیاسی کە بە ترسی ئەبەی بەڕێوەدەبرێت و هەمیشەش پێویستی بە دوژمنێك هەیە بۆ ئەوەی پاساو بۆ بوونی خۆی بهێنێتەوە. فاشیزمی تورکیش بە هەمــان شێوە لەسەر ئەم بنەمـــا فاشــیستانەیە دروست بووە و کار دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، هەڵەیە ئێمە خۆمــان بەراورد بکەین بە جووەکانی پێش ساڵی ٤٨، ئەمە داوایەك یان شیکاریەکی مێژوویی نییە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیی و عاتیفییە. مێژوو کۆپی ناکرێت بەڵکو دەبێت لە دۆخە واقعییەکەی ئێســتا بگەین. ئەوەی ئەم گوتارە فاشیستییە بانگەوازی بۆ دەکات، پاشەکشەکردنە بە پڕۆژە ڕزگاریخوازیەکان و زاڵ کردنی فەزای تووندوتیژیی قەومیانەیە کە زەرەرمەندی سەرەکی تێــیدا خەڵکی کوردستانن. “کێشەکە لە یادوەریــدا نییە بەڵکو بەکارهێــنانی یادوەرییە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی کە دەتوانرا ڕێگەی لێبگیرێت.. ئەدۆرنۆ”. لەم چوارچێوەیەدا یادەوەری ئامرازێكی ڕەخنەگرانە نیــیە بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی تاوان، بەڵکو دەبێــتە سەرمایەیەکی ڕەمزی و لە دووبارەکردنەوەی تاوانەکاندا پەنای بۆ دەبرێت، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر دروشمی “مانەوە”دا.
ئەو توندوتیژییەی لەم گوتارە ناسیۆنالیستییە فاشیسیتیەدا پێشنیار دەکرێت، توندوتیژییەکی ڕزگارکەر نییە، بەڵکو توندوتیژییەکی قەرەبووکەرەوەیە، هەوڵدەدات لە جیاتی دروستکردنی پەیوەندییەکی سیاسی نوێ، ڕێگەی زەلیلکردنی بەرامبەر هەڵدەبژێرێت بە مەبەستی گێڕانەوەی کەرامەتێك کە لە دەستچووە. ئەم تووندوتیژییە، توندوتیژییەکە سەر بە لۆژیکی فاشیزمە، کە تێــیدا ئەخلاق بە هاوسەنگی هێز دەپێورێت و مافیش کورت دەکرێتەوە بۆ توانای زیانگەیاندن بە بەرامبەر.
مەترسیدارترین لایەنی ئەم گوتارە ئەوەیە کە لۆژیکی سزای دەستەجەمعی گشتگیر دەکات، “ئەوی تر”، عەرەب، تورك، یان فارس، دەگۆڕێت بۆ یەك پارچەی یەکگرتوو و لێرەوە چەوسانەوەی مێژوویی کوردی پێدا هەڵدەواسـێت. ئەم گوتارە شیکارییە چینایەتییە واقعییەکان پشتگوێ دەخـــات و جەوهەرگەرایی نەتەوەیی دەخاتە جێی. لە جیاتی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چەوساندنەوە وەك بەرهەمی دەوڵەت- نەتەوەی بۆرژوازی، “نەتەوەیەك” بەرپرس دەکات لە مێژوو، لۆژیکێك کە تەنها بەرەو شەڕی هەمیشەیی دەمانبات و هەر ئەگەرێکی هاوپەیمانیی ڕزگاریخوازی دەرەوەی سنوور لەناو دەبات.
ئەم فاشیزمە ناسیۆنالیستییە لە بۆشاییدا سەرهەڵنادات، بەڵکو جۆرێکە لە شکستهێنان لە گواستنەوە لە پێگەی قوربانیبوونەوە بۆ پێگەی کارەکتەرێکی ســیاسی ڕەخنەگرانە. بەم مانایە ئەم گوتارە فاشیستییە نابێتە دژە چەوسانەوە، بەڵکو دیووە ناوخۆکەیەتی. بزووتنەوەیەك کە تەنیا لە ڕێگەی ئازارەکانی ڕابردوویەوە خۆی پێناسە بکات، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ دادپەروەری و مرۆڤایەتی و “ئەوی دیکە”دا بنیات بنێتەوە، لە کۆتاییدا هەمان لۆژیکی لەناوچوون بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵام بە زمانێکی نوێ و لە ژێر ئاڵایەکی جیاوازتردا.
ڕەوانی دۆزی کورد پێویستی بە فاشیزم نییە بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت؛ ئەم هاوکێشەیە تەواو پێچەوانەیە: فاشیزم خێراترین ڕێگایە بۆ گۆڕینی دۆزی دادپەروەرانە بۆ پڕۆژەیەکی گۆشەگیر لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە، ئیسرائیل بە نموونە.
بێگومان توێژێکی زۆر لە خەڵکی کوردســتان هەست بە توڕەیی و خەم و پەژارە دەکەن سەبارەت بەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییە سەربازییانەی کە لە دژی ناوچە کوردییەکان ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هێرشانەی کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی جولانی و جاشە ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیا ئەنجام دەدرێن. ئەم تووڕەییە تەنها هەستێکی کاتیی نیـیە، بەڵکو دەربڕینێکی ڕەوای ترسێکی قووڵە لە تەسفیەکردنی ئەوەی کە لە پڕۆژەی کورد لە ڕۆژئاڤا ماوەتەوە و هەروەهـــا لە درێژەدان بە مێژوویەکی دوور و درێژی وەدەرنان و توندوتیژیی پێکهاتەیی بەرامبەر بە کورد.
بەڵام گۆڕینی ئەم توڕەییە بۆ سیاسەتێکی ڕزگاریخوازی کاریگەر پێویستی بە پێناسەیەکی ورد هەیە بۆ بەرپرسیارێتی هێزە چالاکەکان، نەك بخزێنرێتە ناو وتارێکی ڕق و کینەی ناسیۆنالیستانە و فاشیستییەوە کە هەمان لۆژیکی جینۆساید بەرهەم دەهێنێتەوە کە کورد لە مێژوودا تووشی بووە. لە ڕوانگەیەکی مارکسییزمەوە، ئەوەی ڕوویداوە، ناتوانرێت وەك ململانێی نێوان “گەلان” تێیــبگەین، بەڵکو وەك بەرهەمێکی ڕاستەوخۆی پێکهاتەیەکی سەرمایەداریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا یەکتر دەبڕن، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕژێمەکانی کەنداو بەتایبەت عەرەبستانی سعودیە و قەتەر و تۆڕە ناوخۆییەکانی نوخبە ملکەچەکان، لەنێویاندا دەسەڵاتدارانی کورد وەك بنەماڵەی بارزانی، کە ملکەچ و جێبەجێکەری پرۆژەکانی تورکیا و سەرمایەی جیهــانین لە ناوچەکەدا و ئەرکیـــان لێدانە لە هەر پرۆژەیەکی ئازادیخوازانە.
لەم چوارچێوەیەدا تووڕەیی ئێمە تەنیا کاتێك دەبێتە کردەوەیەکی ڕزگاریکەر کە ئاراستەی ناوەندە ڕاستەقینەکانی هێز بکرێت؛ یانی سیاسەتی ئەمریکی و ئیسرائیل کە بە لۆژیکی پاراستنی بەرژەوەندییە ســیاسی و ئابووریەکانیان ململانێکان بەڕێوەدەبەن؛ دەوڵەتی تورکی فاشیست کە هەر بوونێکی سەربەخۆی کورد وەك هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت؛ ئەو ڕژێمە ناوچەییانەی کە ئەم توندوتیژییە تەمویل دەدەن و نوخبە ســیاسییە ناوخۆییەکانیش کە ڕۆڵی نێوەندگیری شەرمهێنەرانەیان قبوڵ کردووە لە بەرامبەر دەستکەوتی تەسك و مانەوە وەك مۆتەکە بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە. بردنی ناڕەزایەتیەکان بۆ بەردەم باڵیۆزخانەکانی ئەو وڵاتانە و ئاشکراکردنی سیاسەتەکانیان بۆ ڕای گشتی جیهانی و بنیاتنانی هاوپشتییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە، دەتوانێت فۆرمێکی هوشیارانەی سیاسی بێت و لە هەمانکاتدا بەرجەستەکردنەوەی ئەم توڕەییەش بێت.
بەپێچەوانەوە شوێنکەوتنی گوتارگەلێکی ناسیۆنالیستی و فاشیستی کە بەرپرسیارییەت دەخاتە ملی “عەرەب” یان “ئەوانی دیکە” و ئەوان وەك شوناسێکی جێگیر و چەسپاوی بایۆلۆژی پێناسە دەکات، تەنیا خزمەت بە فاشیزم دەکات. ئەم گوتارە خەبات لە ناوەڕۆکی ڕزگاریکەرانەی خۆی خاڵی دەکاتەوە، قوربانی دەگۆڕێت بۆ وێنەیەکی ئاوێنەیی ستەمکار و پرسی کورد وەك ململانێیەکی شوناسی داخراو نیشان دەدات، نەک خەبات بۆ ئازادی و مافە سیاسییەکان.
بەرگریکردن لە پرسی کورد، بە دووبارەکردنەوەی فاشیزمی نەیاران فەراهەم نابێت، بەڵکو بە دروستکردنی هۆشیارییەکی سیاسی ئینتەرناسیۆنالیستی، دیموکراسی و سێکیولار، کە جیاوازی بکات لە نێوان گەلان و سیاسەتی بەرژەوەندخوازی زلهێزەکان. تەنیا ئەم ڕێگایە دەتوانێت سووڕی چەوساندنەوەی مێژوویی بشکێنێت و ڕێگری لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزمێکی ناوخۆیی بکات لەژێر پەردەی تۆڵەسەندنەوە یان “پێویستی وجودی”.
دووەم؛ فاشیزمی ئایینی
لەبەرامبەردا فاشیزمی ئیسلامی وەك ڕووخساری دووەمی هەمان پێکهاتە سەرهەڵدەدات، بەڵام لەبری نەتەوە، ئایــین دەکاتە شوناسێکی سیاسیی جەبری. ئەم فاشیزمە نوێنەرایەتی “گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی” ناکات، بەڵکو بەرهەمێکی مێژوویی هاوچەرخە، لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ناسیونالیستی و گۆڕینی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان بۆ ململانێی شوناسەکان و شەڕی بە وەکالەت لەدایك بووە. ئیسلامیزمی جیهادی وەك پرۆژەیەکی ڕزگاری کۆمەڵایەتی دروست نەبووە، بەڵکو وەك تۆڕێکی بەکرێگیراویی کارا دروست بووە کە ئەرکی شێواندنی ململانێ چینایەتیەکان و جێگرتنەوەیەتی بە شەڕی شوناسە ئایینیــیەکان.
جاشــایەتی و بەکرێگیراویی ئەم بزووتنەوانە بۆ تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو و پرۆژەکانی ئیخوان موسلمین، ڕەفتارێکی لابەلا نیــیە، بەڵکو جەوهەری جێگیری ئەم بزووتنەوانەن. ئایین لای ئەم بزووتنەوانە بریتییە لە ئایدۆلۆژیایەکی گوێڕایەڵی کە جیاوازیی تێیدا تاوانبار دەکرێت و کۆمەڵگە دەگۆڕێت بۆ جەماوەرێکی ئەخلاقی. ئیسلامییەکان هەژاری وەك مەشیئەتێکی خودا دەناسێنن نەك زاڵبوونی پەیوەندییە چینایەتییە نایەکسانەکان، ســتەم قەدەرە و خەتای خۆمـــانە، یاخیبوون و خەبات گوناهە. بزووتنەوە ئیسلامییەکان، ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی و سەرمایەداراکانە بۆ کۆنترۆڵکردن و خەفەکردن و گێژکردنی چینی زەحمەتکێش بەکاردەهێنرێن.
سروشتی فاشیستی ئەم بزووتنەوە ئیسلامییانە لە بەرامبەر ژن، لەسەر سیاسیکردنی جەستەیدا دەردەکەوێت. لە گوتاری ئیسلامییەکاندا، توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بە کەم سەیرکردنیان و پێناسەکردنیان تەنها وەك مەتاعێکی ئەم دنیا و ئەو دنیـــا، لادانێکی سلوکی نیــیە، بەڵکو پراکســیسێکی بونیادیی ئەوانە و مەبەســت لێی دووبارە دامەزراندنەوەی سیستەمی پیاوسالارییە لە کۆمەڵگەدا. فڕێدانی ژنە شەڕەڤانێك لە نهۆمێکی بەرزەوە و لەژێر دروشمی “الله اکبر”دا، تەنهــا تۆڵە کردنەوەیەکی پرۆسەی شەڕ نیــیە، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی زەلیلکردنە و مەبەستیش سزادانی جەستەیەکە کە قۆرخکارییەکانی پیاوی لەسەر چەك و فەزای گشتی شکاندووە. لێرەدا جەستە دەبێتە مەیدانێك بۆ بەرهەمهێنانی گوێڕایەڵی، نەك بابەتی ماف.
لەم ڕوانگەیەی سەرەوە دەتوانین لە قسەکانی جاشمەلایەكی وەك مەلا مەزهەر بگەین کە بە ئیهانەوە لە کرداری قوربانیدانی کچەکانمان دەڕوانێت. ئەو نەك هەر قبوڵی نیــیە ژن ئەکتەرێکی کارای ســیاسی و سەربازی بێت بەڵکو بە هەموو بۆگەناوی ناو مێشــکی هەزار ساڵەی خۆیەوە بانگەشەی بە کۆیلەکردنی ژنان و کچەکانمان دەکات و پرۆژەی کۆیلەکردنی کۆمەڵگە دەدات بە گوێــــماندا.
لەم ڕاســتایەدا بانگەوازی چالاکەوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنـــان و سکاڵانووســین لەسەر ئەم کەسایەتییە، پرسەکە لە پرســێکی ســیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ پرســێکی یاسایی و بە تایبەتی پرسی کێ مافی قسەکردنی هەیە. بەڵام ئێمە لە بەرامبەر کەیســێکی تاکە کەســی یاساییدا نەوەســتاوین، بەڵکو لە بەرامبەر گوتارێکی هەمەلایەنەی ســیاسی بزووتنەوە ئیسلامییەکان بەرەو ڕووین کە نامۆیە بە پەیکەرەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی.
ئەوەی مەلا مەزهەر دەیڵێت، کردەوەیەکی تاکەکەسی کەســێکی دەمپیس نیــیە کە تەنها خۆی لێی بەرپرســیار بێت، ڕایەکی جیاواز نیــیە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا قەتیس بکرێت، ئێمە لە بەرامبەر گوتارێکی ئایدیۆلۆژیی ڕێکخراوداین کە ژنی شەڕەڤان لە مرۆڤبوون دەخات، تووندوتیژیی ئاییــنی بە ناوی ئایینەوە پاساو دەدات و چەمکێکی فاشــییانە بۆ ژن و کۆمەڵگە بنیات دەنێتەوە.
بچووککردنەوەی ئەم کەیسە بۆ پرســێکی یاسایی ڕووت (جنێو، ناوزڕاندن یان سوکایەتی)، دەتوانێت سێ کاری مەترســیداری لێبکەوێتـــەوە:
یەکەم: گوتاری ئیسلامی لە بونیادە ســیاسییەکەی دادەبڕێت و کورتی دەکاتەوە بۆ کێشەی ڕەفتارێکی تاکەکەسی.
دووەم: تاوانەکە لە ڕەهەندە ئایدیۆلۆژییەکەی دادەماڵێت و دەیکاتە پرسی “مافی ڕا دەربڕین”.
سـێهەم: ململانێـــکە لە کایەی گشــتییەوە واتە لە جەدەل و مشتومڕی فیکری و کۆمەڵایەتی ئاشکراوە دەگوازێتەوە بۆ هۆڵی دادگا، لەوێــدا گوتاری فاشــیستانە لە ســیاقە مێژووییەکی ئێســتای دوور دەخرێتەوە و دەتوانرێت پاساوی فیقهی بۆ بدۆزرێتەوە.
لە سەروو هەمووشــیانەوە، پەنابردن بۆ یاسا و دەسەڵاتێك کە ئەم تەرەســانەی بەرهەمهێناوە، دەکاتە خزمەت بە هەمان نەزمی ســیاسی و کۆمەڵایەتی ئێســتا.
ئەی چی بکەین؟
پرســیاری ئەی چی بکەین پرســیاری بەرەنگاربوونەوەیە نەك بێدەنگی. سەرەتا پێویستە گوتاری ئیسلامیزم لەسەر پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا ڕیسوا بکەین و ڕاســتەخۆش بیبەسـتینەوە بە تاوانی فڕیدانی شەڕەڤانێکی ژن لە باڵەخانەیەکەوە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە. گوتاری ئیسلامیزم لە زاری کەسایەتییەکیانەوە پێویســتە وەك پاساودانی تاوانی جەنگی، هاندانی ئایدیۆلۆژی و فاشیزمی ئایینیەوە بناسێنرێت، دووەم؛ دەبێ ئەم پرسە ســیاسی بکرێتەوە نەك یاســـایی، یانی گۆڕینی مشتومڕەکان بۆ فەزای گشتی و پرســیاری ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە و کایەکانیــدا، بۆچی ئەم گوتارە دەیەوێت ژن تەنهـــا جەستەیەکی موتعەی پیاو بێت نەك کارەکتەرێکی ســیاسی و سەربازیی؟. ســێهەم؛ دروستکردنی بەرەیەکی شۆڕشگێڕانەی یەکسانیخواز کە خەباتی ژنــان و ڕۆڵی ســیاسی و سەربازییــان لە بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ئایـــینیدا و لێرەوە ڕیسواکردنی پرۆژەی ئیسلامییەکان وەك پرۆژەیەکی هەژموون نەك بۆچونێکی ئاییـــنی بناسێنێت. چوارهەم؛ پێویستە لێپرســینەوە لە ئیسلامییەکان لەسەر بناغەی ســیستەم و بونیاد و گوتارەکانیان بێت نەك تاك، چونکە گوتاری ژەهراوی ئیسلامییەکان بەرهەمی بودجەی دەوڵەتان، پلاتفۆرم و بەرنامەی ئامادەکراو و پاڵپشتی ســیاسی هێزە ناوخۆیی و دەوڵەتییەکانە، هەموو ئەمانە دەبێ بخرێتە ژێر لێپرسینەوە و رەخنەی ئازادیخوازانەوە.
کۆتــا قسە:
ئەگەر ئەلتەرناتیڤی سۆشیالیستی، تەنانەت سێکیولار و دیموکراسی جەماوەریــانە وەك ئاسۆیەکی تیۆری ئەبستراکت و دوورە دەست دەردەکەوێت، ئەوا ئەزموونی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە توانی بەرجەستەیەکی ماددیان پێبــبەخشێت. لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئێمە ڕووبەڕووی بەرخۆدانێـــك نابینەوە کە لەسەر پاکی شوناس یان لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە دامەزرابێت، بەڵکو فۆرمێك لە بەرگری کۆمەڵایەتی کە لە ناو خودی پەیکەرەی کۆمەڵایەتییەوە سەریهەڵداوە و وەڵامێکە بە توندوتیژیی دەوڵەتان و بزووتنەوە جیهادییەکان. ئەوەی ئەزمونی شێخ مەقسوود جیادەکاتەوە، تەنها خۆڕاگرییە سەربازییەکەی نییە، بەڵکو پێکهاتە سیاسی و ئەخلاقییەکەیەتی. ئەو کۆمەڵگایەی کە لە بەرامبەر ئەو هەموو تووندوتیژییەی ئیسلامییەکان توانی بەرگری لە خۆی بکات و قارەمانێتی بنوێنێت، سەرەڕای خیـــانەت و پیلانەکان، نەگۆڕدرا بۆ گروپێکی داخراو کە لە ناوخۆدا خۆی پاك بکاتەوە و چەقۆ لە یەکتری بسوێت. بەڵکو سەرەڕای گەمارۆدان و هێرشی دوو دەوڵەت، لۆژیکی خۆڕێکخستن و بەشداریی جەماوەری و بوونی ژنانی وەك ئەکتەری سیاسی و سەربازی پاراست. بەم مانایە بەرخۆدان لێرەدا ڕاستەوخۆ دەبێتە دژە فاشیزم.
بەپێچەوانەی فاشیزمی ناسیۆنالیستی لای خۆمــان کە بە نیــازە “ئێمە”یەکی ڕەق بەرهەم بهــێنێت و “ئەوی دی” بگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەکی بەردەوامی وجودی، شێخ مەقسوود لەسەر وەدەرنانی “ئەوی دی” بنیات نەنراوە، بەڵکو لەسەر بەرگریکردن لە مافی بوون بنیات نراوە بەبێ ئەوەی کە ئەم مافە بگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژیایەکی باڵادەستی ئیتنیــکی. لە شێخ مەقسوود مەزڵومییەتی مێژوویی کورد نەکراوەتە پاســاو بۆ بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی هاوشێوە، بەڵکو وەك واقیعێکی مێژوویی کە پێویستی بە ڕێکخستنەوەیەکی ژیرانەی بەرگری هەیە، نەك توڕەییەکی غەریزەیی بۆ تۆڵەسەندنەوە. ئەمە جیاوازییەکی چۆنایەتییە لە نێوان بەرخۆدانێکی ڕزگاریخوازی و پرۆژەیەکی فاشیستی کە خەریکە لای خۆمـــان دروست دەبێت.
شێخ مەقسوود لە بەرامبەر فاشیزمی ئیسلامیدا کە کۆمەڵگا وەك جەماوەرێکی گوێڕایەڵ و ملکەچ و ژێردەستە دەبینێت. ژن بە شتێکی شەرمەزارکەر دەزانێت کە دەبێ گۆشەگیر بکرێت و تەنها خۆشی بداتە پیــاو، مۆدێلێکی تری ژنی پێشکەش کردین کە چەکی پێــیە، شەڕ دەکات و متمانەی بە خۆی و بیروباوەڕەکەی هەیە و دەتوانێت شەرەفی پیاوانەی هەموو ئیسلامییەکان بخاتە ژێر پێڵاوەکانییەوە و قارەمانانە بەرگر بکات و گیان بەخت بکات.
لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە شێخ مەقسوود دەکرێ وەك فەزایەکی خەبات بخوێنرێتەوە، نەك لە ڕەهەندی ناسیۆنالیستی یان سەربازیدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو وەك فۆرمێك لە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دەسەڵاتێك کە هەوڵی ملکەچکردنی دەدات. بێگوومـــان ئەم خۆڕاگرییە، دژایەتییە ناوخۆییەکان پەردەپۆش ناکات و ئیدیعای کامڵبوونیشی نەکردووە، بەڵکو ڕەتی دەکاتەوە ترس بگۆڕێت بۆ ســیستەمی ژیـــان، خوێن بۆ شوناس. ڕێك لەم خاڵەدایە بەها مێژوویەکەی دەتوانرێت دیار بکرێت و ببینرێت.
ئەزمونی شێخ مەقسوود نە مۆدێلێکی تەواوە و نە فۆرمۆڵەیەکی ئامادەکراو و دەشتوانرێت بخرێتە ژێر ڕەخنەوە، بەڵام سەلماندی کە دەتوانرێت بەرگری بکرێت و قاچت نەخلیسکێتە ناو فاشیزمەوە و لۆژیکی دوژمنەکەت قەرز نەکەیت. بەرگری لەم شوێنەدا بە کوشتنی ژمارەی دوژمنەکان نیــیە، بەڵکو بە توانای کۆمەڵگایە بۆ مانەوە و شەڕکردن و وون نەکردنی پرەنســیپە مرۆییەکان.
14.01.2026